رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور: توندوتیژی دژبە رۆژنامەنوسان لە هەرێم لە هەڵكشاندایە
  2024-08-22       179       

رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور رایگەیاند، دەستگیركردن و بەكارهێنانی توندوتیژی دژبە رۆژنامەنوسان لە هەڵكشاندایە و كوردستانی عێراق بۆتە شوێنێكی مەترسیدارتر بۆ رۆژنامەنوسان و لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە رۆژنامەنوسێك لە بۆردومانەكانی توركیادا كوژراوە، لانیكەم پێنج رۆژنامەنوس دەستگیركراون و سزای زیندانیش بەسەر رۆژنامەنوسێكی دیكە سەپێندراوە. 

ئاوێنە: رێكخراوەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راپۆرتێكدا رایگەیاندوە، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە لەسایەی گرژییە سیاسییەكان لە كوردستانی عێراق، رۆژنامەنوسێك لە بۆردومانەكانی توركیادا كوژراوە، لانیكەم پێنج رۆژنامەنوس دەستگیركراون و رۆژنامەنوسێكی دیكەش سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور داوای لە دەسەڵاتدارنی كورد كردوە ژیانی رۆژنامەنوسان بپارێزن.

پەیامنێری بێسنور لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بە كوژرانی پەیامنێرێكی چرا تیڤی كردوە كە لە 8ی تەمموز شنگال لە بۆردومانێكی توركیادا كوژراو هاوڕێیەكیشی برینداربو.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە لە مانگی حوزەیرانەوە دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان و بەكارهێنانی توندوتیژی لە دژیان لە هەرێمی كوردستان روی لە هەڵكشان كردوەو ئەوەش لەكاتێكدایە كە وەك رێكخراوەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە گرژییە سیاسییەكان بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رویان لە زیادبون كردوە.

بەپێی قسەی پەیامنێرانی بێسنور "كوردستانی عێراق بۆتە شوێنێكی مەترسیدارتر بۆ رۆژنامەنوسان. ئەو بۆردومانەی رۆژنامەنوس موراد میرزای تێدا كوژرا بەر لە مانگێك لەمەوبەر، بەبێ سزا تێپەڕیوە. بەهان شێوە ئەو توندوتیژییەشی كە دژبە رۆژنامەنوسان بەكاردەهێنرێت لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە لە هەرێم، بێ سزا تێپەڕیوە."

رێكخراوەكە وتوشیەتی، داوا دەكەین لێكۆڵینەوە لە كوژرانی پەیامێنرەكەی چرا تیڤی بكرێت و هەروەها داواش لە دەسەڵاتدارانی كورد دەكەین كۆتایی بە ترساندن و بەكارهێنانی توندوتیژی دژبە رۆژنامەنوسان بهێنن. 

جەختیشی كردۆتەوە كە دەبێت رۆژنامەنوسان لە كوردستان عێراق بتوانن بەوپەڕی پارێزراوییەوە كارەكانی خۆیان بكەن لەو كاتانەی كە ناكۆكییە سیاسییەكان دەگەنە لوتكە.

لە راپۆرتەكەیدا رێكخراوەكە باسی لەوە كردوە كە رۆژی 13ی ئەم مانگە هێزەكانی ئاسایش لە دهۆك لە ساڵیادی تیرۆركردنی وەدات حسێندا لە دهۆك، پەلاماری رۆژنامەنوس ئومێد بەرۆشكییان داوەو لێیانداوە دوای چەند سەعاتێك لە دەستگیركردنی ئازادیان كردوە.

هەروەك باسی لەوەش لەوەش كردوە كە رۆژی 29ی مانگی تەمموز دادگای دهۆك سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەر عەلی سلێمان، رۆژنامەنوسی ئاژانسی رۆژنیوزدا سەپاندوە.

هەروەها هێمای بۆ دەستگیركردنی رۆژنامەنوس نژار محەمەد و كامێرامانەكەی بەهێز ئاكرێی كردوە لە 13تەمموز دهۆك كە لە كەناڵ8 كاردەكەن. هەروەها وتوشیەتی، هەمان رۆژ رۆژنامەنوسێكی دیكە بەناوی موراد یازار كە دانیشتوی رۆمایەو هەڵگری رەگەزنامەی توركییە، دەستگیركراوەو هیچ زانیارییەك لەبارەی چارەنوسی بە خێزانەكەی نەدراوە تاوەكو ئەوەی لە 21ی تەمموز ئازادكراوە.

هەروەك باسی لەوەش كردوە كە لە 26ی حوزەیران رۆژنامەنوسێثكی 7رۆژ دەستگیركراوە ئەوەش بەتۆمەتی ناوزڕاندنی سەرۆكی شارەوانی شیلادزێ كە لەدوای سێ رۆژ بە كەفالەت ئازادكراوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×