سۆران عومەر: كێشەی موچە بەو شێوەیەی هەرێم دەیەوێت، چارەسەر نابێت
  2024-08-21       438       

دوای ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم سەبارەت بە کێشەکانی لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا پێی وایە، ڕەخنەکانی بەغدا لە لیستی موچەخۆرانی هەرێم ڕاستن، بەڵام وەزارەتی دارایی دەیەوێت بیانویان بۆ بهێنێتەوە، دەشڵێت، کێشەی موچە بەو شێوەیەی هەرێم دەیەوێت چارەسەر نابێت، چونکە کەموکوڕییەکان زۆر لەوە گەورەترن کە وەزارەتی دارایی هەرێم بە چەند خاڵێک ئاماژەیان پێ دەکات.

ئاوێنە: سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بیانوەکانی هەرێم ڕاست نین، چونکە بە نمونە بەبێ بایۆمەتری موچەی کەس نادرێت لە هەرێم، بەڵام کاتێک دەزانن بەغدا جدییە بە دەنگ دێن، بەغدا قبوڵی ناکات، وردەکاری و خەلەلەکانی بۆ دیاری کردون."

وتیشی،"کێشەی موچە بەو شێوەیەی هەرێم دەیەوێت چارەسەر نابێت، چونکە مەبەستیان نییە چارەسەری بکەن، کێشەی موچە زۆر گەورەترە لەوەی هەرێم بە چەند خاڵێک باسی دەکات."

ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی پێنج خاڵی سەبارەت بە ڕەخنەی بەشێک لە پەرلەمانتاران و ڕای گشتی هەرێم بە تۆمەتبارکردنی وەزارەتەكە بە هۆکاری دواکەوتنی موچە و نەدانی لە کاتی خۆیدا بڵاوکردەوە.

ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی بەم جۆرەیە،" ڕاستە بەشێک لە فەرمانبەرا ناوی چواریان وەک یەکە، بەڵام ناوی دایکیان جیاوازە، بەشێک لە فەرمانبەران و موچەخۆران بایۆمەتریان نییە، بەڵام هۆکاری یاسایی هەیە کە یەکێكیان پەیوەندی بە نیشتەجێبونی ئەو موچەخۆرانەوە هەیە لە دەرەوەی عێراق، خاڵیکی تر پرسی دو موچەییە کە وەزارەتەکە دەڵێت ئەو کەسانەی دو موچەیان هەیە، موچەیەکیان هاوکاری کۆمەڵایەتیە کە دەبو عێراق ئەوە ببڕێت نەک موچە فەرمیەکەی، یەکێکی تر لە کێشەکان پەیوەستە بە پەروەردەی کەرکوک و کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵێ 2003 لە نێوان هەردو حکومەتدا، هاوکات لە خاڵێکی کۆتایشدا هاتوە زیادبونی تەمویلی موچەی نێوان مانگەکانی شەش و حەوت بە هۆی هاوتاکردنی خانەنشینانی هەرێمە بە بەغداد."

بۆیە وەزارەتەکە کێشەکە بە "سیاسی" ناو دەبات و هەرێم "بێبەری دەکات" لە هۆکاری دواکەوتنی موچەی موچەخۆران.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×