دوای شه‌ش هه‌فته‌ حكومه‌تی هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه‌ و باسی مووچه‌ ناكات
  2024-08-21       250       

دوای زیاتر له‌مانگێك، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی سازدەکات و پرسی داهات و خەرجی و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێدەکات.

ئاوێنه‌: ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان دەڵێت:" لە کۆبوونەوەکەدا کێشە و چارەسەر و راسپاردە لەبارەى دەرئەنجامى کارەکانى لیژنەى وردبینیى هاوبەشى هەردوو دیوانى چاودێریى دارایى فیدراڵ و هەرێم لەبارەى داهات و خەرجیى و تۆمارى بایۆمەتریى و ژمارەى وەزیفى یەکگرتوو دەخرێتەروو".

لە بڕگەیەکى ترى کۆبوونەوەکەدا کارەکانى لیژنەى هاوبەشى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵى تایبەت بە یەکخستنى رێکارە داراییەکان دەخرێتەروو.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەماهەنگیى نێوان کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق و سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبەر رۆشنایى دوا کۆبوونەوەى هاوبەش و راسپاردەکانى کۆبوونەوەکە بۆ ئەرک و رۆڵى وەزارەتەکان دەخرێتەروو.

لە دوا بڕگەى کۆبوونەوەکەدا لەلایەن وەزیرى بازرگانى و پیشەسازیى راپۆرتێک لەبارەى پرۆسەى کڕینەوە و وەرگرتنى گەنم لە جووتیارانى هەرێمى کوردستان و شایستە داراییەکانیان و بەبازاڕکردنى بەرهەمى گەنمى جووتیاران پێشکەشدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×