شارەزایەكی بواری كەشناسی پێشبینی دەكات لە سبەی شەممەوە شەپۆلێكی باران بارین رو لە هەرێمی كوردستان بكات كە زیاتر كاریگەری لەسەر ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای دهۆك و هەولێر دەبێت.
ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی ساردی جەمسەری کە سەنتەرەکەی بەسەر باکوری تورکیاو وڵاتانی باکوری و رۆژھەڵاتی ئەوروپاوەیەو کاریگەری لاوازی لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ئەبێت و سبەی شەممە 25/11/2023 ئاسمانی ھەرێم لەکاتەکانی پاشنیوەڕۆدا بەزۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچەھەور و لەکاتەکانی شەو درەنگدا بارانی پچڕپچڕ لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دھۆک دەستپێدەکات."
ئەوەشی خستۆتەڕو"لە رۆژانی 26و 27ی مانگ کاریگەری شەپۆلەكە زیاتر ئەبێت و ئاسمانی ھەرێم بەزۆری بۆ ھەوری تەواو ئەگۆڕێت لەگەڵ بارانی مامناوەند و پچڕپچڕ لەناوچە شاخاوییەکاندا و بارانێکی کەم بۆ مامناوەند لەھەندێک کات لەسەنتەری پارێزگاکان."
ئاماژەی بەوشەداوە، "پێشبینی دەکرێت شەپۆلەكە بەگشتی کاریگەری زیاتر لەسەر ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر ئەبێت و تا بەرەو باشوری ھەرێم بڕۆین کاریگەری بەرەو کەمبونەوە ئەچێت."
بەپێی قسەی ئاراس جەبار، پلەکانی گەرما لەماوەی ئاماژە پێکراودا زیاتر جێگیر ئەبن لەگەڵ نزمبونەوەیەکی کەم لە ناوچە شاخاوییەکاندا، خێرایی با لەرۆژانی 26 و 27 مامناوەند چالاک ئەبێت 15-30کم/س لە ئاڕاستەی باشوری رۆژھەڵاتەوە .