لێدوانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ناردنی 700 ملیار دینارەکە
  2023-11-19       1866       


ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "تا پاکتاوی حساباتی ئه‌مساڵ نه‌کرێت، حکومەتی عێراق پارەی دیکە بۆ هه‌رێم نانێرێت". به‌وته‌ی‌ ئه‌و، بەغدا له‌چه‌ند ڕۆژی‌ داهاتودا كۆتا 700 ملیار دینار بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان دەنێرێت‌و هیچ لەمپەرێک لەبەردەم ناردنیدا نییە.

ئاوێنه‌: له‌باره‌ی‌ واده‌ی‌ ناردنی‌ 700 ملیار دیناره‌كه‌، نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت، "لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق قسەم کرد؛ بەغدا 700 ملیاری دیکە دەنێرێت و هیچ لەمپەرێک لەبەردەم ناردنیدا نییە؛ ئەوەی هەیە چاوەڕوانی تەرازوی پێداچونەوەی مانگی 10ی هەرێمی کوردستانن."

لەبارەی چارەنوسی موچەی سێ مانگی (10، 11، 12) ئەم ساڵی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، نەرمین مەعروف وتی، "جگە لەو 700 ملیار دیناری ماوە، حکومەتی عێراق پارەی دیکە نانێرێت؛ بڕیارە مانگی 12 پاکتاوی حیساباتی ساڵ بکرێت و دواتر بڕیار لەناردنی پارە دەدرێت."

لەدو مانگی رابردودا بەغداد بۆ ھەر مانگێک بڕی 700 ملیار دیناری بەشێوەی قەرز رەوانەی ھەرێم کردووە، بەوتەی بەشێک لەبەرپرسانی ھەرێم لەچەند رۆژی رابردودا سەرۆک وەزیرانی ھەرێم داوای لەسەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، بۆ سێ مانگی داھاتوش ئەو بڕە پارەیە رەوانەی ھەرێم بکات، بۆئەوەی بتوانن موچەی مانگەکانی کۆتایی ئەمساڵی موچەخۆران دابین بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×