چەند لایەنێکی شیعەی عێراق هەوڵی کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی یۆنامی دەدەن
  2023-11-16       415       

ئا: ئاوێنە، دەنگی ئەمریكا

 

چەند لایەنێک لە شیعەکانی عێراق داوای کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكن لە عێراق(یۆنامی) دەکەن، بە بیانوی ئەوەی عێراق لە هەمو بوارەکاندا گەشەیکردوە و پێویستی بە بونی نێردەكە نەماوە.

 

لە راگەیەندراوێكدا، ڕۆژی 7ی ئەم مانگە، یۆنامی رایگەیاند،" ڤۆڵکەر پێرێتز، نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکانی ڕەوانەی عێراق کردوە و لە ڕۆژی 6ی مانگی یازدەوە تا ڕۆژی 27 هەمان مانگ لە عێراق دەمێنێتەوە. سەرەڕای ڕاوێژکردن لەگەڵ حکومەتی کوەیت، بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبینێت و هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی یۆنامی دەکات، دواتر بە ڕاپۆرت ئەنجامی سەردانەکەی دەداتە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان."

شوان داودی، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەندێک لایەن پێیانوایە یۆنامی دەستوەردان لە کاروباری عێراق دەکات، ڕاپۆرتەکانی یۆنامی کاریگەری هەبوە لەسەر ڕای نێودەوڵەتی لەسەر عێراق و ئەمەش هەندێک لایەنی نیگەرانکردوە."

ڕۆژی 14ی 11ی 2023، قەیس خەز عەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق لە دوای کۆبونەوەیەکی لەگەڵ ڤۆڵکەر پێرێتز، نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتوە، "لە کۆبونەوەکەدا داوامان کرد کۆتایی بە ئەرکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق بێت، چونکە عێراق لە هەمو بوارەکاندا گەشەیکردوە و پێویستی بە نێردە دیپلۆماسییەکان نەماوە."

لە بەرامبەردا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی کۆبونەوەیەکی لەگەڵ ڤۆڵکەر پێرێتز، نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، جەختی لەسەر پێویستی مانەوەی ئەرکی یۆنامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و گرنگی کاراتربونی ڕۆڵە سیاسییەکەی کرد.

لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، سەمیر غەتاس، وتەبێژی یۆنامی، ڕایگەیاند،"بەیاننامەکەی ڕۆژی 7 ی 11 یۆنامی، ڕای کۆتایی ئێمەیە."

شوان محەمەد ڕۆستەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی داواکاری لایەنە شیعەکان بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانی یۆنامی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "نازانم بۆچی هەوڵی کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانی یۆنامی دەدرێت و بابەتەکە دەوروژێنرێت، ڕەنگە مەسەلەکە پەیوەندی بە بارودۆخی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانەوە هەبێت."

ڕۆژی 30ی مانگی 5ی 2023 ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەکگرتوەکان ئەرکی یۆنامی تاوەکو 31ی پێنجی2024 درێژکردەوە. ئەنجومەنی ئاسایش داوای لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق کرد، هاوکاری حکومەتی عێراق بکات بۆ ڕەخساندنی دیالۆگی ئاسایشی نیشتمانی و چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی عێراق.

شوان محەمەد رۆستەم، وتی،"هێشتا لە عێراق کێشەی سیاسی و مرۆیی گەورە هەن، هەر لە مەسەلەی ئاوەدان نەکردنەوەی بەشێک لە ناوچەکان و مانەوەی خەڵکانێکی زۆر لە ئاوارەییدا، یۆنامی هاوکارێکی گەورەیە لە چارەسەرکردنی ئەم کێشانەدا."

هەروەها وتیشی، "یۆنامی ڕۆڵی گەورەی هەبوە لە پرۆسەی سیاسی و چەسپاندنی دیموکراسی و هاندانی لایەنەکان بۆ پێکەوە کارکردن."

بە گوێرەی نەتەوەیەکگرتوەکان، ئەرکی نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق بریتییە لە: ئامۆژگاریکردن، هاوکاریکردن و پشتگیریکردن لە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

رەجەب عاسی، کە چالاکوانێکی کوردی شاری کەرکوکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەلایەن یۆنامییەوە کۆمەڵێک خەڵکی نوخبە بانگهێشتی کۆبونەوەیەک کراوین، تا پێکەوە هەڵسەندگان بۆ کارەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق بکەین."

ئەو وتیشی،"ئێمە لە کۆبونەوەکەدا داوای بەردەوامی یۆنامی لە عێراق دەکەین. یۆنامی لێرەیە و مافەکانمان دەخورێت، گەر یۆنامی بکشێتەوە بە ڕۆژی نیوەرۆ کورد و پێکهاتەکان لە عێراق دا مافخوراو دەبن."

یۆنامی لە ساڵی 2003 لەسەر داوای حکومەتی عێراق و بە بڕیاری ژمارە 1500 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان دامەزراوە. جنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق سەرباری تۆمەتبارکردنی بە دەستوەردان لەکاروباری عێراق، بەڵام بەردەوام جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان و پێکەوە کارکردنی لایەنەکان دەکات.

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، جنین پلاسخارت بەردەوام داوای یەکگرتویی کورد و چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردی کردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×