جەژنی قوربان، لای‌ شاعیرانی‌ كورد
  2019-08-11       8133       

ئا: كامه‌ران سوبحان

(شاعیرانی کورد، زۆریان لەبەیتی شیعرییانەدا، باسی جەژن‌و "جەژنی قوربان"یان کردووە. بەشێوەیەکی گشتیی دو دید لای شاعیرانی کورد، بۆ جەژن هەبووە، دیدێکییان پڕ لەغەم‌و دڵشکان. دیدێکیشیان گەشبینیی‌و خۆشنودییە بۆ جەژن وەک بۆنەو یادێکی ئاینی‌و کۆمەڵایەتیی. 

ئەمە بەشێکی کەمە، لەو بەیتە شیعرییانەی بۆ "جەژنی قوربان" لای شاعیرانی کورد، نوسراون‌و من بەرچاوم کەوتون:

بەئەمری زاتی سوبحانە کە ئەمڕۆ جەژنی قوربانە
هەموو عالەم موعەتتەر بوو بە بۆی ڕێحانی جانانە
سەراسەر خامەکی ئەخزەر کە پۆشی خواروو ژوورو سەر
حەزین بوو جیهان یەکسەر بە بۆی مشکینی خوبانە
"مەزڵووم"

جەژنی کەسێک موبارەکە سەربەست و حوڕ بژی
پابەندی دەستی غەیرە نەبێت چەشنی کوڕ بژی
کوردی هەژار ئەسیری دەستی غەیری جەژنی چی؟
کەی جەژنی تۆیە بگری بڕۆ سەر بە قوڕ بژی
"کەمالی"

هەرکەسێ ڕووی تۆ دەبینێ خۆی بەقوربانت دەکا
چونکە ئەبرۆی تۆ هیـــــــلالی عیدە قوربانی دەوێ
"نالی"

کەدادی یەئسی خۆم بردە لای ئەم عارفە، تووند بو
وتی: ئاخر سبەینێ جەژنه، خوێنی تۆ لەپێ دەگرم
"مەحوی"

جانا وەرە ئەم جەژنە قـــــــوربانی سەرت بم
بۆ تیری قەزای چاوی حەسودان سوپەرت بم
"مستەفا بەگی کوردیی"

جەژنت پیرۆز بێ بە دڵێکی خۆشی
شەرابی عەیشی و سەفا بنۆشی
ئیمڕۆ ڕۆژەکەی جەژنی قوربانە
ڕۆژی شادییە و دەس لە ملانە
"عارف عورفی"

زەمزەمەی تەوحید ڕای حاجیانەن
قوربانی قوربان ئەمری سوبحانەن
دارا و نەدارا مسکێن و دەروێش
هەر کەس مەکەرۆ قوربانی پەی وێش
"بێسارانی"

قوربان، قوربانەن، جەژنەن، شادییەن
دەس لە گەردەنەن ڕۆژی ئازادیــــیەن
هەی دەس بۆس وەش نیـــــــــگارانە
خەیر پا بۆس پا بۆس خاتر دارانــــەن
"مەولەوی"

دیسان وا جەژنە جەژنی قوربانە
لای موسڵمانان شادی و سەیرانە
بارانی میحنەت زۆر توند ئەبارێ
بەسەر چیا و چۆڵ خاکی کوردانە
"لوتفی"

ئەوا دووبارە قوربانە، دلم قـــــوربانی قــــوربانە
قەوارەیی ئەشکی چاوانم وەکو بارانی نیسانە
"قانع"

جەژنی قوربانە وڵات سەیرانییە
هەر بەشی من دەرد و سەرگەردانییە
وەک مەلێکی چوست و چالاکی چیا
سەردەمێ ئاسمانی شادی بوو بەجێم
"بەختیار زێوەر"

ڕۆژی جەژنە چاوەکانم مەوسیمی ئازادیە
بۆ بەلا گەردانی بالات قۆچی قوربانم وەرە
"تاهیر بەگی جاف"

ئەو جەژنەی میللەت تێیدا کەساسە
من سەرم شینەو بەرگم پەڵاسە
مەڕ سەربڕینەو قۆچی قوربانە
قوربانی ئێمە کچ و کوڕمانە
"پیرەمێرد"

عەبدێکی وەفادار و جەفاکێـشە لە هیجران
وا کەوتوە وەک صافی لەدەرگانەیی گەیلان
بەم دەردە سەرە کوشتنی لازم نیە قووربان
لەم جێژنی قــــوربانە کە قـــوربانە دلی من
"سافی"

ئەوا جەژن هات بەخـــــــــۆشی
عالەم شەڕابی سروودی نۆشی
کوردی دل سوتاو لەم ڕۆژە یادی
شەهیدی کردو ماتەمی پۆشی
"فایەق بێکەس"

جەژنی قوربان سالێ جارێ خەڵکی قــــــوربانی ئەکەن
من بۆ وەتەن ڕۆژی سەدجار، ڕوحی خۆم قوربانی ئەکەم
"ئەحمەد موختار جاف"

تازە سەییادە لەچین هاتــــووە
عیدی قـوربانە بەقوربانی دەین
"ناری"

جەژنە لای عالەم و لای من ڕۆژی ئەحزانەیە بێ تۆ
ڕاحەت و لەزەت و عەیشم زارو گـــــریانە بە بێ تۆ
"ئەخۆل"
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×