بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل داواكارییەكان بۆ ئاگربەست رەتدەكاتەوەو دەڵێت، "ئێستا كاتی شەڕە"و "بانگەواز بۆ ئاگربەست، بانگەوازە بۆ خۆبەدەستەوەدانی ئیسرائیل."
ئاوێنە: بنیامین نەتەنیاهۆ، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە تەلئەبیب، رایگەیاند"ئەو كارە ترسناكانەی كە بزوتنەوەی حەماس لە رۆژی 7ی تشرینی یەكەم ئەنجامی دان، بەبیرمان دەهێنێتەوە كە بەڵێنی داهاتویەكی باشتر بەدی نایەت ئەگەر جیهانی شارستانی ئامادە نەبێت بۆ شەڕ لە دژی بەربەرییەكان."
ئاماژەی بەوەشدا، ئیسرائیل دەستی بە شەڕ نەكردوە بەڵام "لە شەڕەكەدا سەركەوتو دەبێت." وتیشی، حەماس بەشێكە لەو "بەرەی شەڕانگێزی"یەی كە ئێران پێكیهیناوە.
لەبارەی داواكاری و بانگەوازەكان بۆ ئاگربەست، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وتی، هاوشێوەی ئەوەی كە ئەمریكا لەدوای 11ی سێپتەمبەر لەگەڵ ئاگربەست نەبو، ئەوا ئیسرائیلیش لەدوای هێرشەكانی 7ی ئەم مانگەی حەماس لەگەڵ ئاگربەست نییە.
وتیشی"بانگەوازەكان بۆ ئاگربەست بانگەوازن بۆ خۆبەدەستەوەدانی ئیسرائیل بە حەماس و بە تیرۆر."
هەروەها سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، ئاشتی كاتی خۆی هەیە و شەڕیش كاتی خۆی، "ئێستا كاتی شەڕە."