زرێپۆش و تانکەکانی سوپای ئیسرائیل بە مەبەستی رووبەڕوبوونەوەی چەکدارانی حەماس چوونە ناو کەرتی غەززەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند:" ئەمڕۆ دووشەممە، تانک و زرێپۆشەکانی سوپای ئیسرائیل لە سنوورەکانی باکوور و باشوورەوە، چوونەتە ناو کەرتی غەززەوە".
ماوەی چەند رۆژێکە سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆسەر کەرتی غەززە فراوانتر کردووە و شەوی هەینی وتەبێژی سوپاکە وتی، هێرشە زەمینییەکانیان فراوانتر دەکەن.
دوای چەند رۆژێک دانیاڵ هاگاری ئاماژەی بەوەشکرد:" هەموو هەنگاوێک دەگرنەبەر بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی ئەو سەربازانەیان کە دەچنە ناو کەرتی غەززەوە.
نزیکەی مانگێکە شەڕ لەنێوان چەکدارانی بزوتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیلدا دروستبووە، بەوهۆیەشەوە سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی کەرتی و غەززە و بەگوێرەیی دواین ئامارەکان، ژمارەی قوربانیانی هەردوولا ١٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.