ترەمپ دووپاتیدەکاتەوە، ئەگەر سەرۆکی ئەمەریکا بووایە، "نە رووسیا هێرشی دەکردە سەر ئۆکرانیا و نە حەماسیش بوێری ئەوەی دەبوو هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل". دەشڵێت، بە بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، ئەمەریکا لە "گەندەڵی" رزگاردەکات.
ئاوێنه: ئێوارەی رۆژی شەممە، 28ـی ئۆکتۆبەری 2023، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2024، لە کاتی ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ویلایەتی نیڤادا، رایگەیاند: "ئەرکە لەسەرمان ئەم هەڵبژاردنە ببەینەوە و ئەمەریکا لەم رژێمە گەندەڵەیەی بەڕێوەی دەبات، رزگاربکەین" .
وەکو ئەوەی ترەمپ باسی دەکات، ئەگەر لە ماوەی ئەم سێ ساڵەی رابردوودا، سەرۆکی ئەمەریکا بووایە، رێگەی نەدەدا رووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا، چین بیری لە داگیرکردنی تایوان نەدەکردەوە و، حەماسیش "ئەو هێرشە ترسناکەی" نەدەکردە سەر ئیسرائیل. دەشڵێت، "لەگەڵ ئەم ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا، خەریک بوو جەنگی سێیەمی جیهانی سەرهەڵبدات".
دوێنێ شەممە، مایك پێنس، جێگری سهرۆكی پێشووی ئهمهریكا (دۆناڵد ترهمپ) بەفەرمی کشانەوەی خۆی لە کاندیدبوون بۆ ههڵبژاردنی ساڵی 2024ـی سهرۆكایهتی ئەو وڵاتە راگەیاند و گوتی، "ئێستا کاتی ئەوە نییە" خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات و، "دوای بیركردنهوه و نوێژكردنێكی زۆر، بڕیارمدا بانگهشهی ههڵبژاردنم ههڵپهسێرم".
ترەمپ لەبارەی کشانەوەی پێنس لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەڵێت، "خەڵک واز لە رکابەرایەتیی سەرۆکایەتی دەهێنن و پشتیوانی من دەکەن، مایک پێنسیش پێویستە پشتیوانی من بکات، چونکە من کاتێکی ناوازەم وەک سەرۆک بەسەربرد و ئەو جێگری سەرۆک بوو. من ئەوم هەڵبژارد و کردم بەجێگری خۆم، بەڵام سیاسەت دەکرێت زۆر سپڵەبێت".