ئەمڕۆ باڵی سەربازی حەماس بە هەڵدانی چەند مووشەکێکی مەودا دوور چەند باڵەخانەیەکی لەناو تەلئەبیب کردە ئامانج و لەبەرامبەردا ئیسرائیل بۆردوومانی چڕی بۆسەر غەززە دەستپێکرد و بەوهۆیەوە سەرجەم هێڵەکانی سەرەکی فایبەر ئۆپتیک کە ئینتەرنێت بۆ هەموو غەزە دابین دەکەن لەکارکەوت.
ئاوێنه: کۆمپانیای (جەوال) کە کۆمپانیایەکی فەرمی فەلەستینیە و ئینتەرنێت بۆ غەزە و فەلەستین دابین دەکات، کەمێک پێش ئێستا ڕایانگەیاند، تەواو غەزە ئینتەرنێت و پەیوەندی نەما.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا کۆمپانیای جەوال نوسیوێتی، بۆردوومانی چڕی ئەم چەند کاتژمێرەی دوایی بووە هۆی تێکشکاندنی هەموو ئەو رێڕەوە نێودەوڵەتییانەی کە مابوونەوە بۆ ئەوەی غەززە بە جیهانەوە ببەستنەوە، ئەمە سەرەڕای ئەو هێڵانەی پێشتر بەهۆی دوژمنکارییەوە پچڕابوون، بەهۆی ئەمەوە هەموو پەیوەندییەکان لە غەزەی ئازیز پچڕا.
ئەم زانیارییە رێکخراوی ”نێت بلۆکس” پشتڕاستی کردەوە، کە ئەم رێکخراوە نێودەوڵەتییە چاودێری تۆڕی ئینتەرنێت دەکات لە سەرتاسەری جیهاندا.
بەشێک لە چالاکوانەکانی غەززە ڕایدەگەیەنن، ئیسرائیل ئینتەرنێتی بڕیوە بۆ ئەوەی هێرشەکانی بۆ سەر غەززە چڕ بکاتەوەو و جیهان کۆمەڵکوژی و کارەساتە مرۆییەکان نەبینێت و دەنگی غەززە نەگاتە جیهان، بەدڵنیاییەوە “کارەسات بەڕێوەیە”.
میدیا جیهانییەکان لەوبارەیەوە نوسیویانە، لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە ئەمڕۆ سەختترین رۆژی غەززە بووە و زۆرترین بۆردوومان کراوە لە زەوی و ئاسمان و دەریاوە هێرش کراوەتە سەر غەززە.