وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا بۆردومانی دو بنکەی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانیان لە رۆژهەڵاتی سوریا كردوە، ئەوەش لە وەڵامی هێرشەکانی ئەو گروپانە بۆ سەر هێزەکانیان.
ئاوێنە: لۆید ئوستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیێندراوێکدا وتی، "سوپای ئەمریکا دو کۆگای چەک و تەقەمەنییان لە رۆژهەڵاتی سوریا کردوەتە ئامانج کە ئەو کۆگایانە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەکارهاتون."
ئەوەشی خستۆتەڕو"هێرشەكە لە وەڵامی ئەو زنجیرە هێرشە سەرنەکەوتوانەی گروپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بوە کە لە عێراق و سوریا، هێزەکانی ئەمریکای لە 17ی تشیرینی یەکەمەوە کردوەتە ئامانج."
لوید ئۆستن وتوشیەتی، بەهۆی ئەو هێرشانەوە، بەڵێندەرێکی سەربازیی ئەمریکی گیانی لەدەستداوە و 21 سەربازیی دیکەشیان بەسوکی برینداربون کە ئێستا هەمویان چاکبونەتەوەو گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.
ئەوەش لەكاتێكدایە دوێنێ پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، رایگەیاند لە 17ی ئەم مانگەوە، تاوەکو 26ی مانگ، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لەلایەن گروپە میلشیاکانی نزیک لە ئێران، 16 جار کراونەتە ئامانج كە 12 جاریان لە عێراق هێرشیانکراوەتە سەر و چوار جاریش لە سوریا.