وەزیری دەرەوەی ئێران، وڵاتەكەی لەگەڵ فراوانبونی شەڕی غەززەدا نییەو لە پەیامێكدا بۆ ئەمریكاو ئەو وڵاتانەی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەكەن لە هێرشەكانیدا بۆ سەر كەرتی غەززە، رایگەیاند، ئەگەر "جینۆساید" لە غەززە بەردەوام بێت، خۆشتان لە ئاگرەكەی دەرباز نابن.
ئاوێنە: حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە كۆبونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە نیویۆرك رایگەیاند، ماوەی سێ هەفتەیە بینەری "تاوانەكانی جەنگ و جینۆسایدین لە غەززە لەلایەن رژێمی داگیركەری زایۆنییەوە."
وتیشی، ئەمریكاو ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا، بەبێ رەچاوكردنی بنەما نێودەوڵەتییەكان، پشتی ئیسرائیل دەگرن و بزوتنەوەیەكی رزگاریخوازی وەك حەماس بە "تیرۆریست" ناودەبن لەكاتێكدا مافی ئەوەی هەیە بەرگری بكات لەبەرامبەر داگیركارییداو هەروەها رژێمێكی "داگیركەرو تاوانكار كە لە غەززە دەستیكردوە بە جینۆساید، بە خاوەن مافی رەوا بۆ بەرگریكردن دەزانن. ئەمە دۆخی جیهانی ئەمڕۆی ئێمەیە."
وتیشی، لێرە لە نیویۆرك و بارەگای نەتەوە یەكگرتوەكانەوە بە راشكاوی بە "شەڕخوازانی ئیسرائیل و پشتیوانانی، بە دەسەڵاتداران و سەربازانی ئەمریكا كە ئێستا جینۆساید لە فەلەستین بەڕێوەدەبەن، دەڵێێن، ئێمە پێشوازی لە فراوانبونی پانتایی شەڕ لە ناوچەكەدا ناكەین، بەڵام هۆشداری دەدەین ئەگەر جینۆساید لە غەززە بەردەوام بێت، خۆیشیان لە ئاگرەكەی دەرباز نابن."
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی"ئەوێ ماڵی ئێمەیە، رۆژئاوای ئاسیا ناوچەی ئێمەیە. لەسەر پاراستنی ئاسایشی ماڵەكەمان بۆ هیچ لایەنێك سازش ناكەین."