باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتوەكان داوای لە ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان كرد دەستبەجێ دەستلەكاربكێشێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ناوبراو راگەیاند، هێرشەكەی 7ی ئەم مانگەی بزوتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە هیچەوە نەهاتوە.
ئاوێنە: جلعاد ئیردان، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتوەكان، ئەمڕۆ سێشەممە، لەهەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، وتی"هیچ پاساو و سودێك لە قسەكردن لەگەڵ ئەو كەسانە نییە كە لێكتێگەیشتنی خۆیان دەردەبڕن بۆ قێزەونترین كردەوە كە دژی هاوڵاتیانی ئیسرائیل ئەنجامدراوە."
وتیشی، داوا لە گوتێرێس دەكەم دەستبەجێ دەستلەكاربكێشێتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە وتەیەكدا رایگەیاند، هێرشەكەی رۆژی 7ی ئەم مانگەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل "لە هیچەوە نەهاتوە."
گوتێرێس وتیشی، گەلی فەلەستین 56 ساڵە روبەڕوی "داگیركارییەكی خنكێنەر" بۆتەوە، "فەلەستینییەكان لەسەر خاكەكەیان دەركران بەهۆی دروستكردنی شارەكانەوە و هەروەها روبەڕوی توندوتیژی بونەوەو ئابورییان داڕمێنراو ماڵەكانیان روخێنران. هیوایان بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی بۆ ئازارەكانیان، لەدەستدا."
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان وتیشی"ستەمدیدەیی گەلی فەلەستین نابێتە پاساو بۆ هێرشە ترسناكەكانی حەماس، ئەو هێرشە ترسناكانەش نابنە پاساو بۆ سزادانی بە كۆمەڵی گەلی فەلەستین."
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس جارێكی دیكە داوای كرد "ئاگربەستی مرۆیی" لە غەززە رابگەیەنرێت.