حکومەتی کەنەدا سەبارەت بە گەشتکردن بۆ عێراق، هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی و دەڵێت، دوورکەونەوە لە هەموو جۆرە گەشتکردنێک بۆ عێراق.
ئاوێنە: حکومەتی کەنەدا بە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی ململانێکان، پێشبینی نەکردنی رووداوەکان و ئەگەری دروستبوونی دۆخی ئەمنی مەترسیدار دوورکەونەوە لە گەشتکردن بۆ عێراق.
هاوکات باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق هۆشداری دا بەو کەنەدییانەی لە عێراق دەژین و رایگەیاند، رەنگە دۆخی ئەمنیی وڵات تێکبچێت.
حکومەتی کەنەدا ئاماژەی بەوەشداوە، مەترسی ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی و تیرۆریستی لە عێراق هەیە، ئەو شوێنانەشی کە رەنگە لە هێرشەکاندا بەئامانج بگیرێن ئەمانە دەگرێتەوە (باڵەخانەی حکومی، پەرستگا و شوێنە ئایینییەکان، فڕۆکەخانە و هۆکارەکانی دیکەی گواستنەوە، هێزە عێراقییەکان، کۆبوونەوە لە شوێنە گشتییەکاندا، ئەو شوێنە گشتیانەی لەلایەن بیانییەکانەوە زۆر سەردانی دەکرێن).