"22 رۆژنامه‌نوس له‌هێرش‌و پێكدادانه‌كانی‌ نێوان ئیسرائیل‌و حه‌ماس كوژراون"
  2023-10-21       335       

به‌پێی‌ ڕاپۆرتی‌ كۆمیته‌ی پاراستنی رۆژنامه‌نوسان (CPJ)، به‌هۆی‌ هێرش‌و پێكدادانه‌كانی‌ 15 ڕۆژی‌ ڕابردوی‌ نێوان ئیسرائیل‌و حه‌ماس، 22 رۆژنامه‌نووس كوژراون.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، كۆمیته‌ی پاراستنی رۆژنامه‌نوسان بڵاویكردۆته‌وه‌، له‌سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكی جه‌نگی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی 22 رۆژنامه‌نوس كوژراون.

باسی له‌وه‌ش كردووه‌، له‌كۆی ئه‌و ژماره‌یه‌ 18 رۆژنامه‌نوسیان فه‌ڵه‌ستینه‌، له‌گه‌ڵ سێ ئیسرائیلی و لوبنانییه‌ك.

كۆمیته‌ی پاراستنی رۆژنامه‌نوسان رونیشیكردۆته‌وه‌، هه‌شت رۆژنامه‌نوسی دیكه‌ برینداربون‌و سێ رۆژنامه‌نوسی دیكه‌ش ده‌ستگیركراون یان بێسه‌روشوێنن.

CPJ ئه‌وه‌شی‌ خستۆته‌ڕو كه‌ ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نوسی دیكه‌ ده‌نگۆی بێسه‌روشوێنبونیان هه‌یه‌و هه‌ندێكیشان هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراوه‌و زیان به‌نوسینگه‌كانیان گه‌یشتووه‌.

به‌ره‌به‌ریانی‌ ڕۆژی‌ 7ی‌ 10ی‌ 2023، كه‌تیبه‌كانی‌ قه‌سام، باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لەژێر ناوی "گەردەلولی ئەقسا" دژ بەئیسرائیل راگەیاندو لەگەڕی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكەدا هەزاران موشەكی‌ ئاڕاستەی ئیسرائیل كرد. هه‌روه‌ها له‌هێرشه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی‌ سوپای‌ ئیسرائیل كوژران‌و ژماره‌یه‌كی‌ دیكه‌شی‌ به‌دیل گرت. له‌به‌رامبه‌ردا سوپای‌ ئیسرائیل ماوه‌ی‌ دو هه‌فته‌یه‌ له‌زه‌وی‌‌و ئاسمانه‌وه‌ به‌چڕی‌ بۆردومانی‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ ده‌كات.

بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، لەماوەی 14 رۆژی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرته‌كه‌، تائێستا 4 هه‌زارو 137 هاوڵاتی فەڵەستینی کوژراون، له‌و ژماره‌یه‌ هه‌زارو 524یان منداڵن، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 13 هه‌زار كه‌سیش برینداربون.

لەبەرامبەریشدا تا ئێستا زیاتر لەهەزارو 400 ئیسرائیلی لەسەربازو هاوڵاتی مەدەنی کوژراون‌و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربون.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×