ئەمڕۆ چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بەنێوەندگیری قەتەر، ئازادکردنی دوو بارمەتەی ئەمریکی ڕاگەیاند کە کچ و دایکێک بوون .
ئاوێنه: بزووتنەوەی حەماس لە چوارچێوەی گەردەلولی ئەقسا زیاتر لە ٢٠٠ کەسی بە بارمەتە گرتوە و سەرجەمیانی بۆ کەرتی غەززە گواستوەتەوە و دوو بارمەتەی بەرەگەز ئەمریکی ئازادکرد .
لەوبارەیەوە ئەبو عوبەیدە، وتەبێژی باڵی چەکداری حەماس بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئازادکردنی دوو بارمەتەی ئەمریکی ڕاگەیاند، ئەمەش یەکەمجارە لەدوای هێرشەکانی ٧ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لەژێر ناوی “گەردەلولی ئەقسا” هێرشی زەمینی و ئاسمانی بردە ناو خاکی ئیسرائیل و زیاتر لە ٢٠٠ کەسی بەبارمەتە گرتووە کە زۆرینەی هاوڵاتیین و بەشێکیان سەرباز و ئەفسەری ئیسرائیلین.
ئەمەش دوای گەیشتینی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دێت بۆ ئیسرائیل، کە لەڕێگای زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان ئەنجامیدا و قەتەر بە نێوەندگیر دانرا بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمەتە ئەمریکییەکان کە لای حەماسن.
ئەمریکا چاوەڕوانە لەڕێگای دیبلۆماسییەوە سەرجەم بارمەتەکانی کە ژمارەیان ٢٠ کەسە ئازاد بکرێت و نەچێتە ناو جەنگی ئیسرائیل و فەلەستینەوە، ئەگەر بارمەتەکان ئازاد نەکرێن ئەوا بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان، ئەگەری بەکارهێنانی هێزی تایبەتی دەلتا فۆرس هەیە، کە تیمێکی تایبەتن و ژمارەیان دوو هەزار کەسە و پێشتر ئەرکی دەستگیرکردنی سەدام حسێن و کوشتنی ئوسامە بلادن و ئەبوبەکر بەغدادیان پێسپیدرابوو، بەڵام ئەمریکا دوودڵە لە چوونە نێو جەنگی حەماسەوە، گومانیان لە سەرکەوتنی هێزەکانیان هەیە بەهۆی زۆری تونێلی ئەو بزووتنەوەیە لەژێر خاکی غەززە .