وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەگەر لە توانایاندا هەبێت لایەنگرانی بزوتنەوەی حەماس لە ئەڵمانیا دوربخەنەوە پێویستە وا بکەن، لە ئێستاشدا هێزە ئەمنییەکانیان خستوەتە ئامادەباشییەوە بۆ چاودێری کردنی هەر هێرشێکی پشێبنیکیراو.
نانسی فیزەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، پێویستە ئەو کەسانەی پشتیوانی لە بزوتینەوەی حەماس دەکەن ببرێنە دەرەوەی ئەڵمانیا، کاربەدەستە ئەمنییەکانیش چاودێری چڕی هەر هێرشێکی پێشىینیکراو دەکەن.
وتیشی، "ئەگەر توانامان هەبێت لایەنگرانی حەماس دوربخەینەوە ئەوا دەبێت وا بکەین."
پێشتریش ئاژانسی رۆیتەز لە زاری بەرپرسێکی ئەڵمانییەوە بڵاویکردەوە، لە ئێستادا سەرنجیان لەسەر ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەیە بە تایبەتی دیمەنە ئیسلامییەکان، چونکە ئەو هێرشەی لەم دواییانەدا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا ئەنجامدرا ئەگەری هەیە پەیوەندی بە نیگەرانییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەبێت.
بەهۆی کوژرانی دو هاوڵاتی سویدی یاری نێوان سوید و بەلجیکا راگیرا
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردو یاری تۆپی پێی نێوان بەلجیکا و سوید بەهۆی روداوێکی تەقەکردن و کوژرانی دو هاوڵاتی سویدی راگیرا، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکاش لە بارەی روداوەکەوە وتی، "ئەوە کردەوەیەکی تیرۆرستی ترسنۆکانەبوە."
ماوەی 13 رۆژە جەنگ و ململانێێ چەکداری لە نێوان هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل دروستبوە و تا ئێستا بەهۆی ئەو جەنگەوە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران، هەروەها زیاتر لە چوار هەزار هاوڵاتی فەڵەستینیش گیانیان لەدەستداوە.