موقتەدا سەدر داوا لە چوار وڵات دەکات سنورەکانیان بۆ گەلانی عەرەبی و موسڵمان بکەنەوە بۆ ئەوەی لەسەر سنوری فەلەستین یارمەتییەکان بگەیەنن و تاوەکو لابردنی گەمارۆی سەر غەززە مانبگرن. سەدر داوای کرد لەو کارەدا نابێت هیچ حکومەت و لایەنێکی سەربازی دەستوەردان بکەن و وتی، "بەبێ چەک بێت و تەنیا کفن هەبێت."
ئاوێنە: موقتەدا سەدر، ئەمشەو پێنجشەممە، لە وتارێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند"لە رەهەندی شەرعی و مرۆییەوە داوا لە گەلانی ئیسلامی و عەرەبی و هەمو ئاشتیخوازان دەکەم بۆ گردبونەوەیەکی ئاشتییانە لە هەمو ئەو وڵاتانە و بەبێ دەستوەردانی حکومەتەکان، تەنیا بە چاوپۆشیکردن و رێگەپێدان نەبێت، گردبونەوەیەک بێت میللی و ئاشتییانە بۆ رۆیشتن لەپێناو مانگرتنێکی ئاشتییانە لە سنوری فەلەستین لەگەڵ میسر، سوریا، لوبنان و تەنانەت ئوردنیش، بەبێ هیچ چەکێک، بەبێ هیچ چەکێک، تەنیا کفنەکان نەبێت."
سەدر پێشنیاریشی كردوە، مانگرتنەكە تاوەکو لابردنی گەمارۆ و گەیاندنی ئەوەی پێویستە بە خەڵکانی غەززە بێت لەوانە گەیاندنی یارمەتییە خۆراکی و پزیشکییەکان و ئاو. وتوشیەتی"رێگەش ناگرین لە پشکنینی لەلایەن لایەنێکی بێلایەنەوە کە هەموان لەسەری رێکبکەون، وەکو نەتەوەیەکگرتوەکان یان هی دیکە."
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر هەماهەنگیمان لە گەلانەوە بینی، ئەوا دواتر وادەیەک دیاریدەکەین بۆ کۆبونەوەمان بە رێککەوتن لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، دور لە حکومەت و لایەنە سەربازییەکان و ئەوانەی لەو شێوەیەن.