وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، چەند سزایەكی نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، كە ١١ كەسایەتی و هەشت كۆمپانیا دەگرێتەوە، ئەو كۆمپانیا و كەساییەتیانە لە بوارەكانی موشەكی دوورهاوێژ و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هاوكاریی ئێرانیان كردووە.
ئاوێنه: براین نیلسۆن، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا لە بارەی سزادانی چەند كەسایەتی و كۆمپانیایەكی ئێران بەیاننامەیەكی بڵاو كردوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، چەند سزایەكی نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند سزا نوێیەكان ١١ كەسایەتی و هەشت كۆمپانیا دەگرێتەوە، وتیشی كە ئەو كەسانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە لەبواری بەرهەمهێنانی موشەكی دوورهاوژێر و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، هاوكاریی ماددیی ئێرانیان كردوە.
سەپاندنی سزا نوێیەكان لەكاتێكدایە، كە ئێران پێشتر بڵاوی كردبوەوە، سەرجەم ئەو سزاو كۆت و بەندانە لابراون كە بەپێی بڕیاری ژمارە ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكان بەسەر لیستێك لە سزادراوەكاندا سەپێندراوە.
بەپێی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكان و ڕێككەوتنەكانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، دەبوو دوێنێ سزاكانی تایبەت بە بەرنامەی موشەك و بەرنامە چەكدارییەكانی تری ئێران هەڵبگیرێن، بەڵام هەر دوێنێ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند.