كۆشكی سپی: ئیسرائیل بەرپرسیاری هێرشی سەر نەخۆشخانەكەی غەززە نییە
  2023-10-18       452       

وتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا رایگەیاند، بەگوێرەی هەڵسەندگاندنەكانی ئێستایان، ئیسرائیل بە بەرپرسیاری هێرشی شەوی رابردوی سەر نەخۆشخانەكەی غەززە نازانن كە تێیدا سەدان كەس كوژران.

ئاوێنە: ئەدریان واتسن، وتەبێژی كۆشكی سپیی ئەمریكا، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند"لەگەڵ ئەوەی بەردەوامین لە كۆكردنەوەی زانیاری، بەڵام هەڵسەنگاندنی ئێستامان، كە پشت بەستوە بە شیكردنەوەی ئەو وێنانەی لە ئاسمانەوە گیراون و لەگەڵ زانیاریی سەرچاوە كراوەكان، ئیسرائیل بەرپرسی ئەو تەقینەوەیە نییە كە دوێنی لە نەخۆشخانەكەی غەززە رویدا."

شەوی رابردو نەخۆشخانەی مەعمەدانیی غەززە بۆردومانكرا، تەندروستی غەززە رایگەیاند، لە بۆردومانەكەدا 500 كەس كوژراون.

بزوتنەوەی حەماس و دەسەڵاتدارانی كەرتی غەززە، ئیسرائیلیان بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتباركرد، بەڵام سوپای ئیسرائیل و بەرپرسانی ئەو وڵاتە، رەتیانكردەوە كە هێرشەكە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئەنجامدرابێت و سوپاكە، بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتباركرد كە گوایە موشەكێكی ئەو گروپە بەسەركەوتویی نەهاوێژراوەو بەر نەخۆشخانەكە كەوتوە، تۆمەتێك كە دەستبەجێ بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی رەتیكردەوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×