بڕیارە ئەمڕۆ جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، سەردانی ئیسرائیل و ئوردن بکات و کۆشکى سپیش دەڵێت: جۆ بایدن لە سەردانەکەى بۆ ئیسرائیل پشتیوانیی واشنتۆن بۆ تەلئەبیب، دووپات دەکاتەوە.
ئاوێنە: کۆشکى سپى ئەمریکا لەبارەى سەردانێکى جۆ بایدن بۆ هەریەک لە وڵاتانى ئیسرائیل و ئوردن ڕاگەیەندراوێکى بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، سەردانی تەلئەبیب دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە.
هاوکات کۆشکی سپی ئاماژەى بەوە کردووە، سەرۆکى ئەمریکا لە میانەى سەردانەکەى بۆ ئیسرائیل پشتیوانیی واشنتۆن بۆ تەلئەبیب، دووپات دەکاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، جۆ بایدن لە ئیسرائیلەوە دەچێتە ئوردن و لەوێ لەگەڵ پادشاى ئوردن، سەرۆک کۆمارى میسر و سەرۆکى فەڵەستین کۆدەبێتەوە.
جێگەى ئاماژەیە، پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە فەرمیی بانگهێشتى جۆ بایدنی کرد، بۆ ئەوەی سەردانی ئیسرائیل بکات، هەروەها لە چەند ڕۆژى ڕابردووشدا هەریەک لە وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمەریکا سەردانی ئیسرائیلیان کرد و پشتیوانیی واشنتۆنیان بۆ تەلئەبیب دووپات کردەوە.