سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا كەمپی مەخموری بۆردومان كرد و هێشتا زیانە گیانی و مادییەكانی بۆردومانەكە نەزانراون. لەم هەفتەیەدا ئەوە دوەم جارە كەمپەكە دەكەوێتە بەر بۆردومانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركی.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەكان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا، پێگەیەكی لەنێو كەمپی مەخمور بۆردومان كردوە كە نزیك بوە لەو شوێنەی كە چەند رۆژێك لەمەوبەر لەلایەن توركیاوە بۆردومان كرا.
وێڕای ئەوەی باس لە بونی بریندار دەكرێت لە بۆردومانەكەی ئەمڕۆدا بەڵام هێشتا بەدیاریكراوی زیانە گیانی و ماددیەكانی بۆردومانەكەی نەزانراون.
ئێوارەی رۆژی 7ی ئەم مانگەش توركیا لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرشی كردە سەر كەمپی مەخمور، بەپێی میدیاكانی نزیك لە پەكەكە لەو هێرشەدا سێ كەس برینداربون كە دایكێك و دو منداڵ بون، بەڵام بەقسەی دژە تیرۆری كوردستان(پارتی)، لە بۆردومانەكەی رۆژی 7ی مانگدا دو كەس كوژراون و سێ كەسی دیكەش برینداربون كە هەر پێنج كەسەكەی بە "چەكدار" ناوبردون.