ئابوورییناسێك: وا بڕوات نرخی ١٠٠ دۆلار دەگاتە ٢٠٠ هەزار دینار
  2023-10-11       1394       


شارەزایەكی ئابووریی ڕایگەیاند، بڕیار و ڕێكارەکانی بانكی ناوەندیی عێراق، بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی نرخی دۆلار نەیانتوانیوە ئامانجەكە بپێكن، دەشڵێت: گەر دۆخەكە وا بڕوات ڕەنگە نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ زیاتر لە ٢٠٠ هەزار دینار بەرزبێتەوە.

ئاوێنه‌: حەیدەر شێخ، شارەزای ئابووریی لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریکیی بەرابەر بە دیناری عێراقی  زانیاری نوێ دەخاتە ڕوو.

حەیدەر شێخ ڕایگەیاند، ڕێوشوێنەكانی پێشووتری بانكی ناوەندی كۆنتڕۆڵی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری نەكرد، بە پێچەوانەوە هەندێك بڕیار بوونە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ ئەو نرخەی ئێستا، كە لە ئێستادا نرخی ١٠٠ دۆلار ١٦٠ هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاندووە.

ئاماژەی بەوەش كرد، پڕۆژەیەكیان بەناو ڕێكکەوتنێك لە نێوان بانكی ناوەندیی عێراق و بانكی فیدراڵی ئەمریكادا هەیە، كە لە سەرەتای ساڵی نوێوە جێبەجێ دەكرێت، کە تێیدا مامەڵەکردن و ئاڵوگۆڕ بە دۆلارەوە لە بازاڕدا سنووردار دەکرێت، بە قسەی خۆیان جێبەجێكردنی ئەم ڕێوشوێنە دەبێتە هۆی ئەوەی نرخی هەر ١٠٠ دۆلارێك لە بازاڕدا دابەزێت بۆ ١٣٢ هەزار دینار.

دەشڵێت: بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ڕێكارە دەبێتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار لەبەر ڕۆشنایی كەمبوونەوەی دابینكردن لە بازاڕدا، هەروەها ڕەنگە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ زیاتر لە ٢٠٠ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێك بەرزببێتەوە.

جێگەی ئاماژەیە، لە دوێنێوە نرخی دۆلار بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە، نرخی ١٠٠ دۆلار لە ١٥٦هەزارەوە بۆ ١٦٣هەزار و نیو بەرز بووەتەوە، ئەمەش ناڕەزاییەتی گەورەی لە شەقامی عێراق درووست كردووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×