ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی، دەڵێت، پێموایە عێراق 2.1 ترلیۆن دیناری دیکە بە قەرز بداتە هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچەی مانگەكانی 7 و 8 و 12، دەشڵێت: لەڕوی دەستورییەوە حكومەتی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات.
ئاوێنە: ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە میدیای پارتی راگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر ئەوە داوە کە موچەی مانگی 9 و 10 و 11ی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، هەروەها پێویستە موچە بۆ مانگەکانی 7 و 8 و 12ـش بنێردرێت واتە سێ موچە دەمێنێت پێویستە پێش کۆتایی ساڵ بنێردرێت...پێشموایە دوای ناردنی موچەی مانگی 11 ئەو شتە رودەدات.
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هاوکات راشیگەیاند، دەبێت لە 7ـی مانگ تا 13ـی ئەم مانگە، حکومەتی فیدراڵی موچەی مانگی 10 بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، لە هەمانکاتیشدا لە مانگی 11 هەمان سیناریۆ جێبەجێ دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە بەتەواوی بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
ئیخلاس دلێمی، ئاماژەی بەوەدا، پێموایە ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردو حکومەت بەو شێوەیە بەردەوام بێ قەرزێکی دیکە پەسەند دەکرێت کە دو ترلیۆن و 100 ملیار دینارە بۆ سێ مانگی داهاتو بۆ ئەوەی پێدانی موچە لەمساڵ تەواو بێت، بە دڵنیاییەوە ئەم رێکەوتنە بۆ ئەمساڵ جێبەجێ دەکرێت.
لەبارەی هەوڵی راستەوخۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە رێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتی: حکومەتی عێراق ناتوانێت لە روی دەستوریەوە ئەم کارە ئەنجامبدات، چونکە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵی و دەستورییە بۆیە ناکرێت موچەکانیان راستەوخۆ بە موچەی فیدراڵی ببەسترێتەوە.
بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، "ئەو کەسانەشی کە واژۆیان کردبو لەسەر هەوڵی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە هەر ئەو پەرلەمانتارانە بون کە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دژی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بون لە بودجەدا، ئەوانە ئەو کەسانەن کە ئاستەنگیان لەبەرامبەر جێبەجێکردنی بودجە دروستکردوە."