ئاسایشی سۆران ر سۆران دەستگیركردنی دو تۆمەتباری لەسەر خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان راگەیاند و دەڵێت، زیاتر لە 20 ئەكاونتی هاوڵاتیانیان هاك كردون و هەڕەشەی بەكارهێنانی وێنەو ڤیدیۆكانیان لە خاوەنەكانیان كردوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئاسایشی قەزای خەلیفان، سەر بە بەڕێوەبەرابەتی ئاسایشی سۆران، دوای بەدواداچون و چاودێریکردن لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان، توانیان لەرێکەوتی 17/2/2025، دو تۆمەتبار دەستگیر بکەن بە ناوەکانی (ا. ن. هـ.)و (ز. ص. ن.)، کە تۆمەتبارن بەپێی یاسای 2ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ئەوەشی خستۆتەڕو، ناوبراوان هەڵساون بە هاککردنی زیاتر لە 20 ئەکاونت و بردنی وێنە و ڤیدیۆکانیان و دواتر هەڕەشەی بەکاهێنانیان لەدژیان لەرێگەی سناپ چاتەوە، ئەگەر بڕی 10 هەزار دۆلاریان پێنەدرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، رێکاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتباران گیراوەتەبەر و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و روبەڕوی دادگا کراونەتەوە.
ئاسایشی سۆران وتوشیەتی، هەر کەسێک سکاڵای یاسایی هەیە لەسەر هەر دو پەیجی فەیسبوکی (دیڤان کەرکوکی) و سناپ چاتی (لولە 0101) دەتوانێت سەردانی بنکەکانی ئاسایش بکات.