سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، مووچە مسۆگەر كراوە و قسەکردن لەسەر سەختی دۆخی دارایی پەیوەندی بە پارەی پرۆژەکانەوە هەیە. دەشڵێت "هیچ سزایەکی نوێی دەرەکی بەسەرهیچ بانکێکی عێراقیدا نەسپێنراوە".
ئاوێنە: عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەراگەیاندراوێکدا وتی "مووچە مسۆگەركراوە و قسەکردن لەسەر سەختی دۆخی دارایی پەیوەندی بە پارەی پرۆژەکانەوە هەیە".
عەتوانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، میوانداری عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی و و بەڕێوەبەرانی بانکی رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراق کرد.
نابراو وتیشی "کۆبونەوەکە بۆ پێداچوونەوە بووە بە سیاسەتی دارایی و نەختینە بووە، بۆ دەستنیشانکردنی كێشەكان و چارەسەركردنی".
بەوتەی سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق "قسەکردن لەسەر سەختی دۆخی دارایی بەمانای نەتوانینی دەستەبەرکردنی مووچە نایەت، بەڵکو پەیوەندی بە جێبەجێکردنی پابەندی حکومەتەوە هەیە بە گرێبەستییەکانی بۆ دابینکردنی تەرخانکراوی دارایی بۆ پڕۆژەی نوێكان و بەردەوامەكان و دابینکردنی دارایی پارێزگاكان".
باسی لەوەشکرد "رەنگە لیژنەی دارایی دانیشتنێکی تایبەت لە ئەنجومەنی نوێنەران سازبکات بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی دۆخی دارایی.
عەتوان عەتوانی ئاشکراشیکرد "هیچ سزایەکی نوێی دەرەکی لەسەر هیچ بانکێکی عێراقی نییە، بەپێچەوانەی ئەوەی لە میدیاکاندا دەنگۆی لەسەرە".
لەبارەی دۆلاریشەوە دەڵێت "رۆشتنی دۆلار زۆرەو دەبێت داهاتی گومرگی و باج بەشێکی بنەڕەتی بێت لە دابینكردنی بودجە".
"پارێزگاری بانکی ناوەندی لە ئێستادا هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی دەکات سەبارەت بە کەمیی نەختینە و پاڵپشتی خۆی بۆ چارەسەرکردنی هەر كێشەیەك دەربڕیوە". سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وا دەڵێت