دژەتیرۆر: فڕۆكەخانەی عەربەت بە درۆن كرایە ئامانج و 3 كەسمان شەهیدبون
  2023-09-18       867       

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان(CTG)، لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، هێرشەكەی ئەمڕۆی سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجامدراوەو دەشڵێت، لە هێرشەكەدا "سێ هەڤاڵ و پێشمەرگە"یان شەهیدبون و سێ پێشمەرگەی دیكەشیان برینداربون.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان(CTG)، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئەمڕۆ دوشەممە 18/9/2023 پاشنیوەڕۆ، فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە سلێمانی لەلایەن داگیرکەران و ناحەزانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم بە فرۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج کە بەداخەوە 3 هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری کوردستان شەهیدبون و 3 پێشمەرگەی تریشمان برینداربون."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستپێکردوە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانەو سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجامدرا بێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێک هاوکاربوبێت روبەڕوی سزاو یاساو ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوە."

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاندوە"لەبەر سەلامەتی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان زانیارییەکان بەشاراوەیی دەهێڵینەوەو لەداهاتودا راستییەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئاشکرادەکەین."

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئەمڕۆ دوشەممە 18/9/2023 پاشنیوەڕۆ، فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە سلێمانی لەلایەن داگیرکەران و ناحەزانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم بە فرۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج کە بەداخەوە 3 هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری کوردستان شەهیدبون و 3 پێشمەرگەی تریشمان برینداربون.

وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و پرسەو سەرەخۆشیمان بۆ شەهیدبونی هەڤاڵەکانمان هیوای زوچاکبونەوەش بۆ بریندرەکانمان دەخوازین. بۆ هەمو لایەکیشی روندەکەینەوە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستپێکردوە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانەو سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجامدرا بێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێک هاوکاربوبێت روبەڕوی سزاو یاساو ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوەو تۆڵەی شەهیدەکانمان لە ئەستۆی ئێمەیەو ناهێڵین خوێنی گەشیان بەهەدەر بڕوات.

بۆ رایگشتی روندەکەینەوە لەبەر سەلامەتی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان زانیارییەکان بەشاراوەیی دەهێڵینەوەو لەداهاتودا راستییەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئاشکرادەکەین.

هەزار سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و ئاسایش و ئارامی هەرێمەکەمان

سەرشۆڕی و مەرگ بۆ نۆکەران و خیانەتکاران و ناحەزانی گەلەکەمان.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان_CTG

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×