یەعقوب سولەیمانی، ئەمینداری گشتی مانگی سوری ئێران ڕایگەیاند، چوار هەزار پزیشك و كارمەندی تەندروستی مانگی سور لە 83 ناوەندی پزیشكی و فریاگوزاری لە عێراق خزمەتگوزارییەكانیان پێشكەش بە سەردانكەرانی ئێرانی و غەیرە ئێرانی دەكەن.
ئاوێنە: یەعقوب سولەیمانی لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی ناوەندی فریاگوزاری و فریاكەوتنی مانگی سور لە پارێزگای ئیلام لە دەروازەی سنوریی مێهران ڕونیكردەوە، "دروستكردنی ناوەندی فریاگوزاری و فریاكەوتنی مانگی سور لە دەروازەی سنوری مێهران لە ماوەی 63 ڕۆژدا جیهادی و كاریگەرە، بەجۆرێك تەنها لە شاری ئیلام هەزار و 20 ئەندامی كۆمەڵەی مانگی سور لەپێشوازی میواناندان".
ئەمینداری گشتی مانگی سوری ئێران باسی لەوەشكرد، 22 هەزار كەس لە مانگی سور لە سەرانسەری وڵات كار بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ سەردانیكەرانی ئەربەعینیە دەكەن، هەروەها زیاتر لە چوار هەزار پزیشك و كارمەندی تەندروستی لە 83 ناوەندی پزیشكی و فریاگوزاری لە عێراق خزمەتگوزاری پێشكەش بە سەردانكەرانی ئێرانی و غەیرە ئێرانی دەكەن.
یەعقوب سولەیمانی ئەوەشیخستەڕو، تا ئێستا 107 هەزار و 576 حاڵەتی خزمەتگوزاری لە لایەن خۆبەخشەكانەوە لە ئێران و عێراق لە سێكتەری جۆراوجۆری وەك شوێنی نیشتەجێبون، چاودێری گشتی، چارەسەر و فریاگوزاری بۆ سەردانكەرانی ئەربەعینیە پێشكەش كراون، تیمەكانیشمان لە هەزار و 311 ناوەندی تەندروستی خزمەتگوزاری جۆراوجۆر پێشكەش بە سەردانكەران دەكەن و پێنج ئۆتۆمبێلی ئۆپەراسیۆن و ئەمبوڵانس بۆ كارەكانیان بەكاردەهێنن.
مەراسیمی ئەربەعینیە (چلەی ئیمام حسێن) یەكێكە لە گرنگترین بۆنە ئاینییەكان لای شیعەكان، بە سەردانی مەزاری حسێن بن عەلی بن ئەبی تالیب (ر.خ) لە كەربەلا ئاهەنگ دەگێڕن، هەروەها ئیمامی سێیەمە بۆ شیعەكان، سەردانی مەزارگەی ئەبو فەزڵ عەباسی برای دەكەن.
ساڵانە لە ماوەی مانگەكانی موحەڕەم و سەفەردا ملیۆنان حاجی ئێرانی بۆ ئەنجامدانی زیارەتی ئەربەعینیە لە شاری كەربەلا لە چوارچێوەی پلانی ئەمنی و خزمەتگوزاری نێوان لایەنی عێراقی و ئێرانی دێنە عێراق.