عەلی مەردان، مامۆستای مه‌قامبێژان
  2019-07-28       2546       
عه‌لی مه‌ردان، كه‌ به‌مامۆستای مه‌قامبێژان ناسراوه‌ فۆتۆ: ده‌ستكردی رێبوار خالید

ئاوێنە، كه‌ركوك ناو

 

38 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر عه‌لی مه‌ردان كه‌ به‌مامۆستای مه‌قامبێژان ناسراوه‌، لەیەكێك لەنەخۆشخانەكانی بەغداو لەتەمەنی 77 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.



عەلی مەردان، ئیلهام بەخشی زۆرێك لە هونەرمەندە بەناوبانگەكانی كوردستان‌ و عیراق بوو لەوانە حەسەن زیرەك‌، مەحەمەدی ماملێ‌‌، تایەر تۆفیق ‌و محەمەد ساڵح دیلان. 



عەلی مەردان لەدایكبووی ساڵی 1904ی زاینی شاری كەركوكە و باوكی ناوی قادر بووە، به‌ر له‌دایكبونی لەدێی كانی ساردی سه‌ر به‌ قه‌زای چوارتا ژیاون، بنەماڵەكەی بەتایبەتی باوكی دەگەڕێتەوە بۆ بنه‌ماڵه‌ی شێخەكانی بەرزنجە.



عەلی مەردان لەحوجرەو تەكیەی شێخ عەلی تاڵەبانی فێری خوێندن دەبێت ‌و لەخوێندنگە ئاینییەكان وەك (گوڵستان ‌و بوستان‌ و ناكە هان ‌و ئیسماعیل تامە و باغبانی) كە بە زمانەكانی فارسی ‌و عەرەبی ‌و توركی بووە خوێندویەتی.



عەلی مەردان زۆر سەرسام بووە بەخوێندنەوەی قورئان ‌و زۆر بەباشی وتویەتی ‌و هەروەها سەرسام بووە بەسرودە ئاینییەكان كە لە زۆربەی كۆڕ و كۆبونەوە ئاینییەكان دەوترایەوە كە جێگای تێڕامانی هونەرمەند بووە، ئەوەش كاریگه‌ری زۆری هەبووە لەسەر تۆنی ده‌نگی بەتایبەت لەسەره‌تای ژیانی هونەریی ‌و منداڵی.

 


لەگەڵ باوكیدا هاتوچۆی لە نێوان گوند و شاره‌كاندا كردوە، هه‌ندێك له‌ سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن ئه‌وه‌ رەنگدانەوەیەكی خێرای لەسەر بووە بۆ وازهێنان لە سرودە ئاینییەكان ‌و روكردن لە فۆلكلۆری كوردی.


عه‌لی مه‌ردان ورده‌ورده‌ فێری مەقامبێژی دەبێت به‌تایبه‌ت لەسەر دەستی  خدر بارام چاوش، كە یەكەمین هونەرمەندی مەقام بوو لەشاری كەركوك ‌و لەوكاتەدا.


عەلی مەردان یەكەم هونەرمەندی كورد بووە له‌و سه‌رده‌مه‌دا كە گۆرانییەكانی لە ستودێۆكانی  لوبنان‌، شام ‌و ئەردەن تۆماركردوە.


زۆربەی هونەرمەندە گەورە و بەناوبانگەكانی مەقامبێژیی لەوانەش محەمەد گوبانچی كە رۆڵی عەلی مەردان-یان بەرز نرخاندوە بە مامۆستای مەقام ناویان بردوە و توانیویەتی مەقامی رۆژهەڵاتی‌ و سەربەخۆیەتی مەقام  بپارێزێت ‌و پایەی میوزیكی مەقامی كوردی دابنێت.


سەبارەت بەبواری وانەوتنەوە هونەرمەند توانیویەتی كاری وانەوتنەوە لە پەیمانگای نمونەیی بۆ نابینایان لەبەغداد بڵێتەوە و رێزمانی وانەی (سۆلۆفیج)ی موزیك واتە بنەماكانی میوزیك بڵێتەوە.


هەروەها لەلایەنی پراكتیكیەوە توانای ژەنینی چەند ئامێرێكی موزیكی هه‌بووە وەك عود، گیتار و كەمان جگە لە باڵەبانی كورد كە فوی پیادەكرێت‌ و لە كوردستان بەناوبانگە.


عەلی مەردان سەرلوتكەی مەقامی گرتبوو، هەر لەشاری كەركوك كە خاوەنی زۆرترین تۆنی بەهێزو خوێندنگەی ماقام  بوە و دواتریش بووەتە پێگە و پایەی گۆرانی كوردی.


لەساڵی 1936 ئەم هونەرمەندە زۆرێك لەمەقامە كوردییەكانی وتوەتەوە و لە ئێزگە كوردییەكاندا تۆماری كردوە، یەكەم هونەرمەند بووە لەئیزگەدا گۆرانی بڵێت.


لەساڵی 1977 لەلایەن وەزارەتی راگەیاندنەوە خەڵاتكراوە بەبۆنەی رۆژی جیهانی میوزیكەوە، بڕوانامەیەكی رێزلێنان‌ و مەدالییایەكی ئاڵتونی پێدەبەخشرێت، جارێكی تر لەلایەن وەزارەتەوە خەڵاتێكی تری پێبەخشراوە وەكو داهێنەر.


له‌ 24ی ته‌مموزی ساڵی 1981 عه‌لی مه‌ردان به‌یه‌كجاریی ماڵئاواییكرد و به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌كانی بۆ عیراق و كه‌ركوك به‌تایبه‌ت به‌جێهێشت.

 

لەماڵپەڕی کەرکوک ناو وەرگیراوە

http://kirkuknow.com/ku/news/59827/%D9%BE%DA%95%DB%86%D9%81%D8%A7%DB%8C%D9%84-%D9%85%D8%A7%D9%85%DB%86%D8%B3%D8%AA%D8%A7%DB%8C-%D9%85%D9%87%E2%80%8C%D9%82%D8%A7%D9%85%D8%A8%DB%8E%DA%98%D8%A7%D9%8638-%D8%B3%D8%A7%DA%B5-%D9%84%D9%87%E2%80%8C%D9%85%D9%87%E2%80%8C%D9%88%D8%A8%D9%87%E2%80%8C%D8%B1-%D9%BE%D8%A7%DB%8C%DB%95%DB%8C-%D9%85%DB%8C%D9%88%D8%B2%DB%8C%D9%83%DB%8C-%D9%85%DB%95%D9%82%D8%A7%D9%85%DB%8C-%D9%83%D9%88%D8%B1%D8%AF%DB%8C-%D8%AC%DB%8E%DB%8C%D9%87%DB%8E%D8%B4%D8%AA%DB%8C%D9%86

 


 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×