2019-07-24   3400     
هێمن ئەحمەد
ئێوارەیەک
لەسەر لوتکەی ھەڕوتەوە
بەرەو زەردەی خۆرئاوابوون
جارێک بەرەو دوڵی میران
جارێک بەرەو دەباشان و
گۆیژەو ئەزمڕ دەمڕوانی .
شنەبای مەست
بەئاوازێکی نوێوە
دەوەنەکانی ڕادەژەند .
منیش پڕ بە قوڕگی
تونێلەکەی پێشڕەو
ھاوارم کرد ؛ سلێمانی
شاری شاران
کوا خۆشیەکانی جاران ؟
کوا میرەکەی دۆڵی میران
دارگۆیژەکانی گۆیژە و
ڕەشبەڵەکە پڕ جۆشەکەی دەباشان ؟
کوا دارتوەکەی مەلیک و
دیوەخانی میری بابان ؟
سلێمانی ڕەنگت لێڵە و سەر بەتەمی ،
ھەروەکو پیر خۆت دەنوێنی .
زۆر زیز دیاری ،
وا چیتر برایم پاشا و
سەرشەقام و مەڵکەندی و
سابونکەران و دەرگەزێن و
جولەکانت نادوێنی .
سلێمانی ئاگات لێیە
کانی ئاسکان و سەرکاریز
کارێزەکەی وەستا شەریف
ئیێستا لەبەرچاو ونبوون .
ئەوەندە بۆ حاڵی تۆ گریان
ھەتا کوێر بوون .
ئەی نازانی
گردی سەیوان بێسەیوانە و
گردە سەرکەشەکەی یارە
زۆر بێنازە و بەبێ یارە .
سلێمانی ھەرکەس دەبێتە میوانت
دوای تێرخواردن سفرەت دەدڕێ
دەستە پیسو پۆخڵەکانی
بە دار و دیوارت دەسڕێ .
سلێمانی من دەزانم نیگەرانی .
ڕۆژی چەندجار دەتڕەنجێنن
کوچە و کۆڵانەکانیشت
بێدادگایی دەخنکێنن.
سلێمانی دڵم تەنگە وەک دڵی تۆ .
گوێم لە گریان و شیوەنتە
لە فرمێسکەکانت ساڕێژ بوون
چەمی سەرچنار و تانجەرۆ.
تێبینی: لە دێڕی (ھەرکەس دەبێتە میوانت...) مەبەستم لە میوانی بەڕێز و ئاسایی نیە. ئێوە ھەمیشە سەرچاوانن .مەبەستم لەو کەسانەیە کە تەنیا بۆ بەرژەوەندی ئەم شارە بەکاردێنن و ڕەفتاری نەشیاو دەکەن.