توركەكان، وشەی "كوردستان" لە رۆمانێكی پاولۆ كۆیلۆدا لادەبەن
  2019-07-19       2578       

لە چاپی وەرگێڕانە توركییەكەی رۆمانی "یازدە خولەك"ی پاولۆ كۆیلدا، وشەی "كوردستان" لادەبرێت و لەبری ئەوە وشەی "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دادەنرێت.

ئاوێنە: رۆژنامەی گاردیان-ی بەریتانی بڵاویكردۆتەوە كە هەندێك لەخوێنەران تێبینی ئەوەیان كردوە كە لە چاپی وەرگێڕانە توركییەكەی رۆمانی "یازدە خولەك"دا، وشەی كوردستان لابراوەو لەبری ئەوە وشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانراوە.

لە وەرگێڕانە ئینگلیزییەكەی رۆمانەكەی پاولۆ كۆیلۆدا هاتوە"كچەكە چوە كافتریایەكی ئینتەرنێت و زانی كە كوردەكان خەڵكی كوردستانن، ئەو وڵاتەی بونی نییە، ئێستا بەسەر توركیاو عێراقدا دابەشبون."

چاپی وەرگێڕانە توركییەكە، بەشی دوەمی ئەو رستەیەی گۆڕیوە بە "لە ئینتەرنێت نوسرابو؛ كوردەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین."

ئەم رستەیە لە 38 چاپی وەرگێڕانە توركییەكەدا لەساڵی 2004ەوە بەو جۆرە رۆیشتوە.

خاوەنی ئەو دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەیەی كە رۆمانەكەی پاولۆ كۆیلۆ-ی بڵاوكردۆتەوە، لەبەرامبەر رەخنەكانی خوێنەراندا لەتویتەر نوسیویەتی كە توڕەیی خوێنەران لەجێی خۆیەت و هێمای بۆ ئەوە كردوە كە كتێبەكە لەبازاڕ دەكێشنەوە. وتوشیەتی"لەچاپی داهاتوی رۆمانەكەدا ئەو هەڵەیە چاك دەكەنەوە."

لای خۆیشییەوە سەعادەت ئوزەن، وەرگێڕی رۆمانەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە ئاگاداری ئەوە نییە چۆن ئەو گۆڕانكارییە رویداوە، جەختیشی كردۆتەوە كە ئەوە بڕیاری ئەو نەبوە.

خاوەنی دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەكە وتویەتی"ئەو دەستكاریكردنە، بێگومان لە قۆناغی ئێدیتكردندا رویداوە."

پاولۆ كۆیلۆ، نوسەرێكی ناسراوی بەرازیلییەو لەساڵی 1988 بە بڵاوكردنەوەی رۆمانی "كیمیاگەر"، ناوبانگێكی زۆری دەركرد.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×