داراغا زاموا
لەگەڵ بیستنی هەواڵی مەرگی هەر هونەرمەندێک بە تایبەتی هونەرمەندە شێوەکارەکان، زەنگێکی ترسناک دامان دەچڵەکێنی و بیرمان دەخاتەوە کە ئێمە تائێستا هیچمان بۆ میژووی هونەری نەتەوەکەمان نەکردوە، تەنانەت یەک هەنگاومان هەڵنەناوە بەرەو ئەوەی بتوانین کار و ژیاننامەی هونەرمەندانی نەتەوەکەمان دیکۆمێنت و ئەرشیف بکەین، دەزگایەک یان شوێنێک ( ئیتر گرنگ نییە لەژێر هەر ناوێکدا بێ ) توانای کۆکردنەوە و پاراستنی کار و کەرەسەی هونەرمەندانی شێوەکاری ئێمەی هەبێ و ئەرکی پاراستن و نمایش کردنی بەردەوامی هەبێ بۆ نەوەی نوێ نەتەوەکەمان، خاڵێکی سەرەتامان هەبێ بۆ بە زانست کردنی ئەرشیف و دیکۆمێنت کردنی کاری هونەری و کەرەستە تایبەتییەکانی هونەرمەندەکان.
گەر بەم شێوەیە بڕوات بە تایبەتی لە دەستدانی بەردەوامی هونەرمەندانی لەدایک بووی ساڵانی چلەکان و پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی ڕابوورد بە هۆی هەڵکشانی تەمەنیانەوە، گرفتێکی گەورە دروست ئەبێت لە نێو مێژووی هونەری شێوەکاریدا، کە ئەتوانم بڵیم زۆر ترسناکترە لە جینۆساید و سڕینەوەی ئیدەنتیتێی کورد کە چەندین ساڵە دوژمنانی میللەتەکەمان بەکاری ئەهێنن بەرامبەر بە تاکی کوردی و فەرهەنگ و کولتوری نەتەوەکەمان .
ئەوەی ئێستا پەیڕەو ئەکرێت لە سیاسەتی کولتوری ئەم هەرێمە هیچ جیاواز نییە لەگەڵ جینۆسایدا، بەهەمان شێوە و مانا و ئامانجدا بۆ سرینەوەی مێژووی شێوەکاری و بچوک کردنەوەی ڕۆڵی هونەرمەندی شێوەکاری لە نێو کۆمەڵگەدا .
مەرگی هونەرمەند (گارا) دووبارە ئەو ڕاستییە تاڵە بەرجەستە ئەکات کە لە ناو کایەی هونەری و سیاسەتی کولتوری دەسەڵاتی کوردیدا بوونی هەیە .
پەراوێز خستن و بچوک کردنەوە و پشتگوێخستنی وای کرد نەک سوود لە هونەرەکەی و تیۆری هونەری ئەم هونەرمەندە ببینین بەڵکو بووە هۆکاری ئەوەی کە خوێنەری و کتێبخانەی کوردی بێبەش بێت لە دوا بەرهەمی تیوری هونەری هونەرمەند گارا .
گارا بڕیارئەدات بە زمانی عەرەبی بنووسێ و لە وڵاتی (مسر) بە چاپی بگەیەنێت .
ئەمە خۆی بۆ خۆی بەڵگەیە لەسەر ئەم واقیعە شکست خواردوەیە کە ئەم دەسەڵاتە کوردییە خوڵقاندوویەتی لە نێو کایەی هونەری و کولتوریدا .
بە هەمان شێوە کۆتا بەرهەمی تیۆری هونەرمەند گارا لەسەر هونەری ئێستای کوردی بە ناوی (جهستهی بینراو - جهستهی نهبینراو. پێشانگایێکی هونەری بۆ نیشاندانی ماناکانی جەستە، مەتریاڵی نوێ وراوم لە ناو یەک بیرۆکەدا) کە بە داخەوە نەیتوانی بیدا لە چاپ و تا ئێستا وەک دەست نووس ماوەتەوە. بە دڵنیایەوە چەندین نموونەی تاڵی تر کە هونەرمەند گارا توشی بووە لە ماوەی ژیانی هونەریدا، کە ئەکرا زۆر بە باشی سودی لێوەرگیرێت .
ناکرێت هەمیشە ئێمە لە دوای مەرگی هونەرمەندێک بیرمان بکەوێتەوە کە چەند سیاسەتێکی کولتوری خراپ و فاشل و کورت بینمان هەیە لەمەڕ مامەڵەکردن و بەڕێوەبردندا لەگەل هونەرمەندان و کارە هونەریەکانیاندا.
وە ئەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین هەمیشە ئێمەی هونەرمەندان و دەسەڵاتی کولتوری هۆکاری سەرەکی بووین لە ئازاردان و سرینەوە و پەراوێزخستن و بچوکردنەوەی هونەرمەندان، ئەوەی ئێستا ئەگوزەرێت لە قەیران و شکست تەنها سەرەتایەکی ترسناکە بە تامی ئیگۆیەکی ساختە ئەوەی کە هەمانە لە هونەر و کولتور ئەوەش بوونی نامێنیت بە مردنی هونەرمەندەکە هونەرەکەشی ئەمرێت. مێژووی هونەری شێوەکاری ئێمە هەمیشە لە ناوچوونێکی بەردەوامدایە هیچ کاتێک نەتوانراوە بەردێک بخاتە سەر بەردێک بۆ داهاتووی .
مەرگی هونەرمەند ( گارا ) تەنها ڕاچڵەکانێکی کاتییە و نامێنێت دووبارە بە مەرگی هونەرمەندێکی تر بیرمان ئەکەوێتەوە، ئەم کارەساتە هەمیشە بەردەوامی هەیە.
زامۆئا داراغا 10/05/2023
تیبینی :- کتێبی الحداثة فى الفن ألتشكيلي
لە نووسینى هونەرمەند ( گارا ) بە زمانى عربى نووسراوە لە بڵاوکراوەکانى (الهيئة المصرية العامة للكتاب ) سەر بە وەزارەتى ڕۆشنبیرى وڵاتى مسرە، لە ( 415 ) لاپەرە پێکهاتووە, ساڵى 2020 چاپ کراوە.
کتێبی ئامادەکراو بۆ چاپ (جهستهی بینراو - جهستهی نهبینراو. پێشانگایێکی هونەری بۆ نیشاندانی ماناکانی جەستە، مەتریاڵی نوێ وراوم لە ناو یەک بیرۆکەدا) تائێستا نەیتوانیوە بە چاپی بگەیەنێت .
ژیاننامەی هونەرمەند گارا
ساڵی 1955 لە شاری کەرکوک (شۆراو) لە دایک بووە
دەرجووی زانکۆی موسڵ بەشی جیۆلۆجی ساڵی 1984
لە ساڵی 1984 وە چۆتە ڕیزەکانی پێشمەرگە .
ساڵی 1986 کۆچی کردوە بۆ وڵاتی ئەڵمانیا .
ساڵی 1988 بۆتە ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی ئەڵمانیا .
ساڵی 1990 دەستی بە خویندن کردوە ( میژووی هونەر ) لە زانکۆی گۆتنگن .
ساڵی 1997 خەڵاتی هونەری ( شمت فۆکنهاوزن )ی وەرگرتووە .
ساڵی 2010 بروانامەی ماجستێر ئارتیم وەرگرتووە لە زانکۆی کۆلۆنیا .
پسپۆر لە بواری ( میژووی هونەر، زانستی هونەر، پەروەردەی هونەر، وێنە لە کولتوری ئیسلام دا ).
بەشداری چەندین پێشانگای تایبەتی کردووە .
چەندین سیمینار و وۆرک شۆپی لە دام و دەزگا حکومی و نا حکومیەکاندا ئەنجام داوە .
خاوەنی دوو کتیبە، بە زمانی کوردی (هونەری شێوەکاری مۆدێرن)، بە زمانی عربی ( الحداتە فی الفن التشکیلی ) لە وڵاتی میسر .
لە ڕێکەوتی 13/05/2023 لە نەخۆشخانەی کۆلن لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد، دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشیدا .