دوای ئەوە دوێنێ تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردەسەر سەنگەری سوپای عێراق و گومان دەکرا تیرۆریستان دزەیان کردبێتە سنوورەکانی پێشمەرگە، ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگە دووجار ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنی لە سنووری گوێڕ ئەنجام دا.
ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی 12ـی 05ـی 2023 وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردن لە سنووری گوێڕ بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: دوای ئەوەی دوێنێ تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردەسەر سەنگەری سوپای عێراق، گومان دەکرا دزەیان کردبێتە سنووری هێزەکانی پێشمەرگە، کاتژمێر 07:30 بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لیوای 21ـی پیادە، لە سنووری چالاکی لیواکەیان ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان ئەنجام دا.
ڕاشیگەیاند: لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، فەوجی 2ـی لیوای 21ـی پیادە و سریەی کۆماندۆ بەشداربوون، ناوچەی زێی گوێڕ و ناو چەم و ڕووبارەکانی گوێڕ کیوماڵ کران، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە چڕبوون گومانی زیاتریان لێ دەکرا، کاتژمێر 10:30 بەیانی ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی هات، پاشان دوانیوەڕۆی هەر ئەمڕۆ بۆ زیاتر دڵنیاکردنەوەی هاووڵاتیان و دانیشتووانی ناوچەکە، دەڤەرەکە کێوماڵ کرایەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە هاووڵاتییانی ناوچەکە دڵنیا دەکاتەوە کە ناوچەکە ئارامە، لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە داوە کە هێزەکانی پێشمەرگە هاووڵاتییانی ناوچەکە دڵنیا دەکەنەوە کە ناوچەکە ئارامە و هەموو هەوڵێک دەدەن ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و خەڵک بپارێزن.