بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی حزبەكە لە كۆبونەوەیەكدا هەڵسەنگاندن بۆ گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی دەكەن و بافڵ تاڵەبانی جەخت لە پەرۆشی یەکێتی بۆ یەکڕیزیی نیشتمانی و بنیادنانی حکومڕانییەکی نوێ دەكاتەوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی كرد.
ئاماژە بەوەدراوە، لە کۆبونەوەکەدا دۆخی هەرێمی کوردستان، عیراق، هەرێمایەتی و ئەرکە رێکخراوەییەکان گفتوگۆی هەمەلایەنەیان لەبارەوە کراو دوپات لە پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئارامی و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان کرایەوە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و بەدیهێنانی ئامانجە گشتییەکان بە ویستی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان.
بەپێی راگەیەندراوەكە، هەر لە کۆبونەوەکەدا هەنگاوەکانی رێکخستنەوەی ئۆرگانەکان، راپەڕاندنی ئەرکە حزبییەکان، خۆئامادەکردن بۆ دیداری یەکێتی بەوردی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە بو کە هەڵسەنگاندن بۆ گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی کراو جەخت لە پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار و دادپەروەر کرایەوە کە بتوانێت بە هاوسەنگی خزمەتی هەمو خەڵکی کوردستان بکات و لەو روەوە بافڵ تاڵەبانی جەختی لە پەرۆشی یەکێتی بۆ یەکڕیزیی نیشتمانی و بنیادنانی حکومڕانییەکی نوێ کردەوە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و زیاتر بەهێزترکردنی قەوارەکەو رایگەیاند، "ئامانجی یەکێتی گۆڕانکارییە لە بەڕێوەبردن و خزمەتکردنی خەڵکەکەمان بۆئەوەش هەر هەنگاوێک لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و خەڵک بێت دەیگرینە بەر، هیوادارین هەمولایەکیش بەو رۆحیەتەوە هەنگاو بنێن."
لەبەرامبەردا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جەختیکردەوە "وەک هەمیشە پشتیوان و هاریکار دەبن بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی چاکسازی لە کاری رێکخراوەیی و حکومەتدا و بە ویستێکی نیشتمانیشەوە کاردەکەن بۆ زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا."