هیوا ناسیح
ساڵی ١٩٧٦ کتێبێکی گرنگ به زمانی ئیتالی له لایه‌ن ڕۆژنامه‌نوسێکی ناوداری ئه‌و وڵاته به ناوی فرانز مه‌رییا ده‌زارۆ (franz maria d'asaro) له‌سه‌ر شۆڕشی ئه‌یلول و سه‌رۆکه‌که‌ی بڵاوکراوه‌ته‌وه، نوسه‌ری ناوبراو ١٧ ساڵ په‌یامنێری رۆژنامه و گۆڤاره‌کانی ئیتالیا بووه له به‌غدا و له نزیکه‌وه ئاگاداری شۆڕشی ئه‌یلول بووه، هاوکات ساڵانێکی زۆر نزیکی بارزانی باوک (مسه‌فا بارزانی) بووه، ده‌یان چاوپێکه‌وتن و ریپۆرتاژی به زمانی ئیتالی له‌گه‌ڵ و له‌سه‌ر کێشه‌ی کورد له میدیای ئیتالیدا بڵاوکراوه‌ته‌وه. ساڵی ١٩٢٥ له دایکبووه و ساڵی ٢٠٠٤ کۆچی دوایی کردوه.
به پێی زانیارییه‌کان ئه‌مه یه‌که‌م کتێبه له‌سه‌ر کورد و کوردستان به‌زمانی ئیتالی، که له سه‌ده‌ی ڕابردوودا چاپکرابێت. نوسه‌ر دوای ڕوخانی ڕژێمی پاشایه‌تی عێراق له ١٤ی ته‌موزی ١٩٥٨ وه‌ک په‌یامنێری رۆژنامه‌یه‌کی ئیتالی ده‌که‌وێته به‌غدا و یه‌کسه‌ر ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ کێشه‌ی کورد په‌یدا ده‌کات، له‌و کاته‌وه به‌ره‌ودوا به‌رده‌وام وتار و ریپۆرتاژ و بابه‌ته‌کانی له‌سه کورد ده‌نوسێ و له ئیتالیا بڵاویان ده‌کاته‌وه، کاتێک مسته‌فا بارزانی له یه‌کێتی سۆڤییه‌ت له ٦ی ئۆکتۆبه‌ری ١٩٥٨ ده‌گه‌ڕێته‌وه، ده‌زارۆ (نوسه‌ری ئه‌م کتێبه) له فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غدا له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌رێکی زۆری خه‌ڵکی باشور، پێشوازی له بارزانی ده‌کات، دواتریش بۆ ماوه‌ی دوو مانگ له ئوتێل سه‌میر ئه‌میس له شاری به‌غدا، شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی بارزانی، میوان ده‌بێت و له نزیکه‌وه شانده‌کان ده‌بینێت، که بۆ به‌خێرهاتنه‌وه و سه‌ردانی بارزانی هاتبوون، له‌و کاته‌دا ده‌زارۆ یه‌که‌م ڕۆژنامه‌نوسه، چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ بارزانی ده‌کات و له رۆژنامه ئیتالییه‌کاندا بڵاوی ده‌کاته‌وه.
به‌م جۆره ڕۆژنامه‌نوسی ناوبراو به درێژایی حه‌ڤده ساڵ، واته له ١٩٥٨ ه‌وه تا هه‌ره‌سی ١٩٧٥ ، وه‌ک ده‌ڵێن به نانودۆی خۆی، به به‌رده‌وامی وتاری له‌سه‌ر شۆڕشی ئه‌یلول و بارزانی نوسیووه، له به‌غدا له نزیکه‌وه ئاگاداری گۆڕانکارییه‌کان و جموجوڵه سیاسییه‌کان بووه، چاوی به زۆربه‌ی کاربه‌ده‌سته‌کانی حکومه‌تی عێراق و لێپرسراوانی کوردیش که‌وتوه، شاهیدێکی ده‌گمه‌نی ئه‌و مملانێ، شه‌ڕ و دانوستان و دۆزی نه‌شه‌ڕ و نهئاشتیانهی نێوان شۆڕشی کورد و حکومه‌تی عێراق بووه.
ناوبراو زۆر سه‌رسامی بارزانی بووه و بگره زۆرجار زیاده‌ڕه‌وییه‌کی بێسنوری له وه‌سف و ستایشی بارزانیدا نوسیوه، واتا به گشتی کتێبه‌که‌ی پیاهه‌ڵدان و ستایشی ڕۆڵی بارزانییه، به‌ڵام لێره و له‌وێ چه‌ند ڕه‌خنه‌یه‌کیشی له بڕیار و هه‌ڵسوکه‌وت و ره‌فتاری ناوبراو گرتوه. جگه له‌وه‌ش هه‌ندێک لێدوانی د. مه‌حمود سۆرانی تێدایه له سه‌ر هه‌ره‌سی ١٩٧٥، که به نێگه‌تیڤ بۆ سه‌رکردایه‌تی و سه‌رۆکی ئه‌وسای پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌که‌وێته‌وه.
د. جاسم خۆشناو، که مامۆستای زانکۆیه له یه‌کێک له زانکۆ به‌ناوبانگ و دێرینه‌کانی ئیتالیا (زانکۆی پیزا)، جگه له‌وه‌ی کۆتایی حه‌فتاکانی سه‌رده‌ی ڕابردوو چه‌ند ساڵێک له سه‌ره‌تای شۆڕشی نوێ پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی بووه، ساڵی ١٩٨١ ڕویکردۆته ئیتالیا و دوو دکتۆرای له بواره‌کانی (په‌یوه‌ندییه نێو ده‌وڵه‌تییه‌کان وه مافی مرۆڤ) دا هه‌یه، چه‌ندان بڕواننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌بواره‌کانی مێژوو، هه‌ڵبژاردن، ڕێکخراوی مه‌ده‌نی و ..هتد هێناوه. چه‌ند کتێبنێکی له‌سه‌ر کورد له زمانی ئیتالییه‌وه وه‌رگێڕاوه، ده‌یان وتار و لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر کورد و کێشه‌که‌ی به ئیتالی بڵاوکردۆته‌وه، سه‌رپه‌رشتی و رێکخه‌ری چه‌ندان کۆنفرانس و سیمینار و بۆنه‌ی که‌لتوری و سیاسی و ڕۆشه‌نبیریی کوردی بووه له‌و وڵاته. من وا بۆ ساڵێک ده‌بێت ناوبراو ده‌ناسم، ئه‌و به سروشتی خۆی، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو بڕوانامه و نوسین و خه‌باته‌ی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی کردوه، که‌سێکی هێمن و ساده و خاکی و خۆدهرنهخهره. چونکه بێجیاوازی ره‌خنه‌ی لایه‌نه کوردستانییه‌کان ده‌کات، هیچ لایه‌نێک بایه‌خی خۆیان پێ نه‌داوه و تیشکۆی ڕاگه‌یاندنیان نه‌خستۆته سه‌ر، ڕێک پێچه‌وانه‌ی خاوه‌ن دکتۆرا و بڕواننامه ساخته‌کانی کوردستان، که سه‌ر به خۆیانن و هه‌ڵیان ده‌کێشن و گه‌وره‌یان کردون!
ساڵی ١٩٨٦ به ڕێکه‌وت دکتۆر جاسم ئه‌م کتێبه، له لای کتێب فرۆشێکی به‌رده‌م زانکۆکه‌ی، که وانه‌ی تیا ده‌ڵێته‌وه له ئیتالیا ده‌دۆزێته‌وه، پێی سه‌یر ده‌بێت تا ئێستا هیچ که‌سێک نه‌باسی ئه‌م کتێبه‌ی کردوه، نه‌ئه‌میش له هیچ کوێیه‌ک بینیویه‌تی، بۆیه ناوبراو بۆ ئه‌وه ده‌چێت، هه‌ر یه‌کسه‌ر دوای چاپکردنی ساڵی ١٩٧٦ له لایه‌ن باڵوێزخانه‌ی ئه‌وکاته‌ی رژێمی به‌عس له ئیتالیا، سه‌رجه‌م نوسخه‌کانی کتێبه‌که کڕڕا بێت و له نێوبرا بێت، تا ده‌نگی کورد و شۆڕشه‌که‌ی به هیچ کوێیه‌کی دونیا نه‌گات!
دکتۆر جاسم، وه‌ک که‌سێکی ئه‌کادیمی و زانستخواز و په‌رۆشی مێژوو و خه‌باتی کورد، هیممه‌ت ده‌کات چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر ئه‌م کتێبه ناوازه‌یه وه‌رده‌گێڕێت، که گومانی تێدا نییه چه‌ندان مانگ کار و شه‌ونوخونی ویستوه تا له ئیتالییه‌وه بۆ کوردییه‌کی ڕه‌وان و جوان وه‌ریگێڕاوه، دوای ساڵانێکی زۆر و چه‌نده‌ها جار پیاچوونه‌وه به وه‌رگێڕراوه کوردییه‌که بڕیارده‌دات بڵاویبکاته‌وه، کتێبه‌که دواتر دیزانیش کراوه، که زیاتر له ٤٠٠ لاپه‌ڕه‌یه.
سه‌ره‌تا له رێگه‌ی مامۆستایه‌کی زانکۆی سه‌لاحه‌دین – هه‌ولێره‌وه که هاوڕێی بووه، پێشنیازی بۆ ده‌کرێت که ده‌زگای بارزانی بۆی چاپ بکه‌ن، دوای هێنان و بردن و چاوه‌ڕوانییه‌کی زۆر، نائومێدی ده‌که‌ن و بۆی چاپ ناکه‌ن، دیاره هۆکه‌ی ڕوونه، که له‌به‌ر ئه‌وه بووه، نوسه‌ر چه‌ند جارێکی که‌م ڕه‌خنه‌ی له بارزانی باوک گرتوه، که ئه‌مه‌ش بۆ که‌سێکی ئه‌وروپی و رۆژنامه‌نوس و ئه‌کادیمی، زۆر کارێکی ساده و نۆرماڵه، بگره نه‌بوونی ره‌خنه له توێژینه‌وه و کتێبێک‌دا، مانای که‌مایه‌سی ده‌گه‌یه‌نێت، چونکه له ره‌گه‌زی بابه‌تیبوون دوور ده‌که‌وێته‌وه. ئیتر به‌م جۆره دوای به‌فیڕۆدانی چه‌ندان مانگ، دکتۆر جاسم دڵنیا ده‌بێت که ده‌زگای بارزانی نایانه‌وێت بڵاوی بکه‌نه‌وه.
دوای نائومێدبوونی له‌وان ئه‌مجار ناچار بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌زگایه‌ک بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی، باسی کتێبه‌که لای رۆژنامه‌نوسێکی یه‌کێتی ده‌کات، ئه‌ویش پێشنیازی بۆ ده‌کات، که بۆی بنێرێت، تا له رێگه‌ی یه‌کێک له ده‌زگاکانی یه‌کێتییه‌وه به چاپی بگه‌یه‌نێت، ئه‌میش بۆی ده‌نێرێت. ئه‌م له‌لای خۆیه‌وه وای بۆ ده‌چێت، که مادام کتێبه‌که به دڵی پارتی نه‌بووه، ئه‌وه یه‌کسه‌ر به دڵی یه‌کێتی ده‌بێت و بۆی بڵاوده‌که‌نه‌وه، به تایبه‌ت ئه‌م له سه‌ختترین قۆناغه‌کانی خه‌باتی ئه‌و حزبه‌دا واتا ساڵانی کۆتایی حه‌فتاکان پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و حزبه بووه، پاشانیش له ساڵی ١٩٨١ه‌وه که له ئیتالیا نیشته‌جێ بووه، یه‌کێک بووه له چالاکوانه‌کانی ڕێکخسته‌کانی یه‌کێتی و ماوه‌ی ١٥ ساڵیش به‌رپرسی کۆمیته‌ی رێکخستنی یه‌کێتی بووه له ئیتالیا، بۆیه ئومێدی زۆره که ئه‌وان بۆی چاپ بکه‌ن. پاش ماوه‌یه‌کی زۆر و به‌دواداچوون و سۆراخی کتێبه‌که، ئه‌مانیش کاتی ده‌کوژن و بۆی چاپ ناکه‌ن، دواجار به ڕوونی پێی ڕاده‌گه‌یه‌نن، که مه‌کته‌بی بیر و وشیاریی یه‌کێتی ده‌ڵێن: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کتێبه‌که به پۆزه‌تیف باسی ڕۆڵی مه‌لا مسته‌فا ده‌کات، ئه‌وه‌ش به سود و قازانجی پارتی و سه‌رکردایه‌تی پارتی ده‌شکێته‌وه، بۆیه کتێبه‌که‌ی بۆ بڵاوناکه‌نه‌وه. ئیتر دواجار له هه‌ردوو لا نا‌ئومێد ده‌بێت، ناچآر له‌م سه‌ره‌تای ساڵه‌دا به شێوه‌ی پی دی ئێف و له سایته‌کوردییه‌کاندا به شێوه‌ی کتێبی ئه‌له‌کترۆنی بڵاوی ده‌کاته‌وه!
ئینجا ئێستا خوێنه‌ر له وڵامی سه‌یری هه‌ردوو حزبه باڵاده‌سته‌که‌ی کوردستان سه‌باره‌ت به کتێبه‌که تێده‌گات. له بری ده‌ستخۆشی و خه‌ڵاتکردنی د. جاسم، واتا وهرگێری کتێبه‌که، دوای دووساڵ ده‌ستی ده‌ستی و هێنان و بردن، ناچار ده‌بێت له ئینته‌رنێت بڵاوی بکاته‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه ده‌زانین، که ئه‌و دوو حزبه چۆن ڕێز له ماندووبوون و کۆششی سه‌دان سه‌عات کاری وه‌رگێڕان و نوسینه‌وه‌ی که‌سێکی ئه‌کادیمی کورد ده‌گرن، که هیچ سودێکی مادی له‌و کاره‌یدا نییه، جگه له‌وه‌ی ناوبراو بۆ ئاسوده‌کردنی ده‌رونی خۆی و وه‌ک ئه‌رکێکی نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌نجامی داوه!
له ڕاستیدا ئه‌م کارانه ده‌بێت ده‌زگایه‌کی ئه‌کادیمی نامه‌خانه‌ی نیشتمانی پێی هه‌ستێت و خه‌ڵاتی هه‌ر که‌س و لایه‌نێکیش بکات، که هاوکاریان بێت، ده‌بێت حزبی کوردی و سه‌رکردایه‌تییه‌کانیان که‌ی بگه‌نه ئه‌و ئاسته‌ی، که نابێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه بن، که نوسینه مێژوویی و توێژینه‌وه زانستی و بابه‌تییه‌کان له سه‌ر کورد و شۆڕشه‌که‌ی، هه‌میشه به‌دڵ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان بێت، زۆر ئاساییه ڕه‌خنه و سه‌رنجی واشی تێدا بێت، که پێچه‌وانه‌ی بۆچوون و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان بێت. ئاخر که‌ی له‌وه ده‌گه‌ن، که نوسینی مێژوو هه‌ر پیاهه‌ڵدان و ستایش نییه، که‌ی تێده‌گه‌ن، که ئه‌مڕۆش نه‌بێت، سبه‌ی سه‌رجه‌م خاڵه لاواز و نوشست و شکست و هه‌ڵه و په‌ڵه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی به نه‌شته‌ری توێژینه‌وه‌ی ئه‌کادیمیی بابه‌تییانه‌ی زانستخوازانه له شه‌نوکه‌و ده‌درێن و مێژوو ره‌حم به که‌س ناکات.
دواجار مێژووش ئه‌وه‌یه، که که‌سانی بێلایه‌ن و ئه‌کادیمی، بێ ئه‌وه‌ی جوڵێنه‌ری به‌رژه‌وه‌ندخوازی و لایه‌نخوازی و ده‌مارگیریی حزبایه‌تی و هه‌ست و سۆز کاریان تێ بکات، تۆماری ده‌که‌ن، نه‌ک ئه‌وه‌ی سه‌رکرده‌کانی خۆمان، که دێن پرۆسه‌ی (دووباره نوسینه‌وه‌ی مێژوو) ئه‌نجام ده‌ده‌ن و به دڵی خۆیان و بێ ڕه‌چاوکردنی هیچ ڕه‌گه‌زێکی لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستییانه به کتێبی قه‌باره گه‌وره ده‌ینوسنه‌وه.
تێبینی:
وێنه‌کان هی به‌رگی نوسخه ئیتالی و وه‌رگێڕانه کوردییه‌که‌یه‌تی.
بۆ بینین و خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی کتێبه‌که به کوردی ئه‌م لینکه بکه‌ره‌وه:
https://dengekan.info/wp-content/uploads/2023/01/Kteb_JasmXoshnaw.pdf