سه‌رجه‌م كارمه‌نده‌ عه‌ره‌ب‌و بیانیه‌كان له‌هه‌رێم ناچارده‌كرێن فێرى زمانى كوردى بن
  2023-01-05       816       

سه‌رۆكى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێمى كوردستان هۆشداریده‌دات به‌شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان له‌سه‌رتاسه‌رى هه‌رێم‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌گه‌ربێت‌و پابه‌ندى زمانى كوردى نه‌بن له‌سه‌ر تابلۆكانیان، ئه‌وا مۆڵه‌ته‌كه‌ى لێده‌سه‌نرێته‌وه‌و ڕوبه‌ڕوى سزاى دیكه‌ش ده‌بێته‌وه‌"، ده‌شڵێت:"ده‌بێت سه‌رجه‌م ئه‌و شوێنانه‌ى كارمه‌ندى عه‌ره‌بیان هه‌یه‌ فێرى زمانی كوردیان بكه‌ن".

ئاوێنە: جه‌لال سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم ڕایگه‌یاند، ئه‌وان وه‌ك ده‌سته‌كه‌یان سوورن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاری به‌كوردیكردنی تابلۆی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان‌و مێنوی چێشتخانه‌‌و كافتریاكان، له‌قۆناغی یه‌كه‌میشدا سه‌رجه‌م شوێنه‌كانیان پابه‌ندكردوه‌ كه‌ ڕێژه‌ی 30%ی كارمه‌نده‌كانیان پێویسته‌ ده‌ستی كاری ناوخۆیی بێت.

ده‌شڵێت:"له‌م كابینه‌یه‌دا دركیان به‌مه‌ترسی به‌كارنه‌هێنانی زمانی كوردی له‌شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان كردوه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بڕیاری پێویستیان ده‌ركردوه‌و له‌و مۆڵه‌ته‌ی به‌شوێنه‌كان دراوه‌ ته‌نها مانگێك ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تابلۆكانیان بۆ زمانی كوردی بگۆڕن".

جه‌ختده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر پابه‌ندى ئه‌و بڕیاره‌ نه‌بن، ئه‌وا ڕوبه‌ڕوی سزای داخستن به‌شێوه‌ی كاتی تاوه‌كو وه‌رگرتنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی كاركردنیش ده‌بنه‌وه‌".

ئه‌مه‌ل جه‌لال كه‌ بۆ میدیاى نزیك له‌پارتى قسه‌یكردوه‌ وتویه‌تى:"نزیكه‌ی له‌40%ی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان به‌و بڕیاره‌ پابه‌ندبون، به‌شێك له‌و شوێنانه‌ش داوای مۆڵه‌تی سێ مانگیان كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تابلۆكانیان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه‌ بگاته‌ ده‌ستیان، كه‌ دوو مانگ به‌سه‌ر ئه‌و مۆڵه‌ته‌ش تێپه‌ڕیوه‌و مانگێك ده‌رفه‌تیان له‌به‌رده‌م ماوه‌".‌

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "سه‌رجه‌م شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانیان پابه‌ندكردوه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌و كارمه‌نده‌ بیانی‌و عه‌ره‌بانه‌ی له‌لایه‌ن كارده‌كه‌ن فێری زمانی كوردی ببن‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ ده‌توانن خولی فێربونی زمانی كوردی بۆ كارمه‌نده‌ بیانیه‌كانیان بكه‌نه‌وه‌".

زیاتر له‌سێ هه‌زار شوێنی گه‌شتیاری له‌هۆتێل، چێشتخانه‌، كافتریاو شوێنی دیكه‌ی گه‌شتیاری له‌هه‌رێمى كوردستان بونیان هه‌یه.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×