سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لەبەغدا ئاشكرایكرد، وابڕیارە شاندێکی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتیی وەزیری دارایی سەردانی بەغدا بکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لەبودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023، هاوكات پشكى ههرێم لهو بودجهیهدا ئاشكرادهكات.
ئاوێنه: فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لەبەغدا بەمیدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند، لەم هەفتەیەدا شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتو لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق گفتوگۆ لەبارەی پشکی هەرێم لەبودجەی ساڵی داهاتوی عێراق دەکەن، کە بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، پشکی هەرێم لەبودجەدا بریتى دهبێت لە(سەدا 13.9).
ئاماژەی بەوەشکردوە، پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق ئێستا لەلایەن وەزارەتی داراییهوه لەقۆناغی لێکۆڵینەوەو ئامادەکردندایەو دوای تەواوکردنی ڕەوانەی ئەنجومەنی ئابوریی وەزاریی دەکرێت، ئەوانیش دوای تەواوکردنی هەڵسەنگاندنەکانی خۆیان، ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکەن بۆئەوەی دەنگی لەسەربدرێتو لەکۆتاییدا ڕەوانەی پهرلهمانى عێراق دهکرێت.
لاى خۆیشیهوه محەمەد شیاع سودانی سهرۆك وهزیرانى عێراق لەمیانی کۆبونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک چاودێری سیاسی ڕایگەیاند، "ئەگەر ههرێمى كوردستان ڕێکبکەون کە دەستور چەترێکی ھەمیشەیی بێت، ئەوا سەرجەم کێشەکانی نێوان بەغداو ھەولێر چارەسەردەکرێنو لەسەر ئەو پرسەش ڕاستەوخۆ قسەمان لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێم کردوە".