كێ‌ بون ئەوانەی لەكۆنگرەی ناودارانی كورد خەڵات كران؟
  2019-07-05       3881       

ئا: ئاوێنە

رێكخەرانی كۆنگرەی ناودارانی كورد، 30 كەسایەتی هونەری‌و كلتوری‌و وەرزشی‌و پزیشكی‌و تەنانەت سەربازیشی دیاری كرد بەو پێییەی ناودارترین كەسایەتی كوردن لەژیاندا مابن‌و خەڵات بكرێن‌و كلیلی زێڕینی هاوڵاتیبونی كوردستان (سنە)یان پێشكەش بكرێ‌. 
كۆنگرەی ناودارانی كورد كە ماوەی دو رۆژی خایاند لەشاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان (2‌و3ی تەموز)، لەئێوارەی چوارشەممەی رابرودا رێورەسمێك بەئامادەبونی وەزیری فەرهەنگ‌و ئیرشادی ئیسلامی (سەید عەباسی ساڵحی) رێكخرا ‌و مەدالیای رێزلێنان بەو كەسایەتیانە بەخشرا كە ئامادە بون.
ئەم كۆنگرەیە رەخنەی ئەوەی ئاڕاستە دەكرێ‌ كە بەمەبەستی سیاسی لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە رێكخرا‌و تەنها ئەو كەسانەی لەخۆگرتوە كە لەڕوی سیاسیەوە هیچ هەڵوێستێكی دژ بەكۆماری ئیسلامی ئێرانیان نەبوە، دەنا زۆر هونەرمەندو كەسانی بەتواناتر هەن لەزۆربەی ئەوانەی خەڵاتكران.

كێ‌ بون ئەوانەی خەڵاتكران:


مەزهەری خالقی
باقری خالقی ساڵی 1938 لەسنە لەدایكبوە، هونەرمەندێكی ناوداری كوردە، خاوەنی ستایلێكی تایبەت بەخۆیەتی لەهونەری گۆرانی وتندا. خاوەنی 250 گۆرانیە. لەم بۆنەیەدا گەڕانەوەی مەزهەری خالقی پاش نزیكەی 40 ساڵ بۆ زێدی خۆی، هەمو سەرنجەكانی بۆ خۆی بردو بوە گرنگترین هۆكاری دەنگدانەوەی كۆنگرەكە.


میكائیل ئەسلان
هونەرمەندو موزیكژەنێكی كوردە، لەدایكبوی شاری دەرسیمی باكوری كوردستانەو ئێستا لەئەڵمانیا دەژی، ساڵی 1999 یەكەم ئەلبومی گۆرانی بلاوكردوەتەوە بەزمانی توركی‌و ساڵی 2003 یەكەم ئەلبومی خۆی بەزمانی كوردی بەشێوەزاری زازاكی بڵاوكردوەتەوە.



كەلیم ئەڵای تەوحدی
نوسەرە‌و تەمەنی 58 ساڵە. 9 كتێبی بەچاپ گەیاندوە بەناوبانگترینیان "رەوی مێژویی كورد بەرەو خۆراسان"ە، كە 6 بەرگە‌و باس لەوە دەكات كورد لەپێناو بەرگریكردن لەسنوری ئێران‌و یەكپارچەیی ئێران بەرو خۆراسان جوڵاون.


محەمەد عەلی سولتانی
توێژەرێكی كوردە لەبواری ئەدەبیاتدا، تەمەنی 62 ساڵە، یەكەمین توێژینەوەی لەتەمەنی 26 ساڵیدا بەناوی "موناجاتی جاویدانی ئەدەبی كوردی) بڵاكردوەتەوە.
ساڵی 1985 یەكەمین بەرگی باخچەی سوڵتانی ژیان‌و شاكاری شاعیرانی دیاری كوردی كرمانشان لەسەردەمی تەیموری لەنگەوە تا ئێستا بڵاوكردوەتەوە.


محەمەد عەلی قەره داغی
توێژرێكی ناسراوی كوردە لەبواری ئەدەب‌و زانستی ئایینیدا، تەمەنی 70 ساڵە، لەتەكیەی قەرەداغ لەدایكبوە، خەتیب‌و وتارخوێنی مزگەوتی ئەعزەمی بەغدا بوە. زیاتر لە600 وتاری لەرۆژنامە كوردی‌و عەرەبیەكاندا بڵاوكردوەتەوە. 


كەیهانی كەلهوڕ
موزیكژەنێكی ناودارە، تەمەنی 55 ساڵە، خەڵكی كرمانشانە، لەتەمەنی سانزە ساڵییەوە دەستی بەكاری هونەری كردوەو بوە بەئەندامی ئۆركسترای رادیۆو تەلەفزیۆنی كرمانشان، لەتەمەنی 17 ساڵییەوە لەئیتاڵیا نیشتەجێ‌ بوە‌و پاشان بۆ خوێندنی بواری موزیك روی كردوەتە كەنەدا. تەنها هونەرمەندی كوردە كە تا ئێستا چوار جار بۆ وەرگرتنی بەرزترین خەڵاتی هونەری ئەمەریكا كاندید كراوە.


عەزیزی شاهروخ
هونەرمەندێكی ناسراوە، تەمەنی 79 ساڵە، لەشاری مەهاباد دادەنیشی‌و خاوەنی چەندین ئەلبومی گۆرانیە.


کوردستان موکریانی 
ژنە نوسەر و چالاکوانی مافی ژنان‌و شاعیرە، لەھەولێر لەدایكبوە،ساڵی ١٩٧٧ بڕوانامەی دکتۆرای لەزمانی كوردیدا لەئینستیتیوتی ڕۆژھەڵاتناسی سەر بەئەکادیمیای سۆڤیەت وەرگرتووە، چەندین كتێبی داناوەو لە ٢٠٠٧ بەسکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ھەڵبژێردراوە.


ئا‌زاد نەجار

پزیشكێكی ناوداری كوردە لەوڵاتی سوید‌و داهێنەری دڵی دەستكردە، لەدایكبوی شاری زاخۆیە. 


بێژەن زەنگەنە
وەزیر بوە لەسەردەمی سەرۆكایەتی عەلی خامەنەئی‌و محەمەدی خاتەمی‌و حەسەن روحانیدا، ماوەی 16 ساڵا وەزیری نەوت بوە. لەدایكبوی شاری كرماشانە.


عەلی ئەشرەف توبەتی
بە"پەرتو كرماشانی" ناسراوە، تەمەنی 88 ساڵە، شاعیرە‌و بەفارسی‌و شێوەزاری كرماشانی دەنوسی.


ئەمیر نەسرەتوڵای وەزیری
ئەفسەرێكی سوپای ئێرانە، تەمەنی 81 ساڵە، لەدایكبوی شاری سنەیە، لەسەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردودا بوە بەئەفسەری ئۆپخانەی لەشكر، لەجەنگی عێراق‌و ئێراندا رۆڵێكی كارای بینیوە‌و ئەفسەری ئۆپەراسیۆنەكاانی قەرارگای كەربەلا بوە كە لەباشوری ئێراندا چالاك بوە.

دکتۆر مەعسومعەلی مەعسومی

پسپۆڕی نەشتەرگەری دڵەو دەمارە لەزانكۆی زانستی پزیشكی كرمانشان، تەمەنی 64 ساڵە، لەدایكبوی هەرسینە، چەندین كتێبی لەبواری پزیشكیدا نوسیوەو چەندان نەشتەرگەری سەركەوتوانەی دڵی ئەنجامداوە.


شارامی نازری
هونەرمەندێكی ناودارە، تەمەنی 70 ساڵە، لەكرمانشان لەدایكبوە، لوڕوی هونەرییەوە زیاتر كاری لەشیعرەكانی مەولانا جەلالەدینی رۆمی كردوە. تا ئێستا زیاتر لە 30 ئەلبومی گۆرانی بڵاوكردوەتەوەو چەندان خەڵاتی گەورەی جیهانیشی پێبەخشراوە.

عوسمان هەورامی 
هونەرمەندێكی خۆشەویست‌و دەنگ خۆشە، تەمەنی 80 ساڵە، لەگوندی كەمینەی هەورامان لەدایكبوە، مامۆستای بێ‌ ركەبەری سیاچەمانەیە. ماوەی 30 ساڵە قوڕگی ئەم هونەرمەندە پایەبەرزە بەهۆی گرفتی قوڕگییەوە نەیتوانیوە گۆرانی بڵێ‌.

 


بێژەنی زولفەقار نەسەب
یاریزان‌و راهێنەری تۆپی پێیە، تەمەنی 70 ساڵە، لەدایكبوی شاری سنەیە، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لەبواری وەرزش، پێشتر لەتیمی هەڵبژاردەی ئێراندا یاری كردوە‌و بەشداری یارییەكانی ئۆڵۆمپی 1967‌و جامی جیهانی وڵاتانی ئاسیا 1976 كردوە. یاریزانی چەندین یانەی بەناوبانگی وەرزشی ئێران بوە.


قوتبەدینی سادقی
نوسەرو سیناریۆنوس‌و وەرگێڕ‌و رەخنەگرۆ دەرهێنەرو ئەكتەر‌و مامۆستای زانكۆیە، تەمەنی 67 ساڵە، لەدایكبوی شاری سنەیە، دكتۆرای لەنونەری نواندندا وەرگرتوە لەزانكۆی سۆربونی فەرەنسا.

ئەسعەدی شێخ ئیسلامی

پرۆفیسۆر‌و زانایەكی ئایینی تەمەن 89 ساڵە، لەدایكبوی شاری سنەیە، چەندین لێكۆڵینەوەی لەسەر بواری ئایینی‌و كورد هەیە.

مجەتەبا شەمسی پور
زانایەكی بواری كیمیایە، تەمەنی 70 ساڵە، دكتۆرای لەزانكۆی میشیگانی ئەمەریكا بەدەستهێناوەو چەندین كتێبی لەبواری زانستی كیمیادا هەیە، چەندان خەڵاتی گەورەی لەئێراندا پێبەخشراوە.


بێژەنی كامگار

هونەرمەندێكی دەستڕەنگینە، تەمەنی 70 ساڵە، لەدایكبوی شاری سنەیە. بە بنەماڵە ناوبانگییان لەكاری موزیك‌و هونەری\ا كردوە. لەدامەزرێنەرانی گروپی موزیكی شەیداو عارفە. 


 هادی زیائەدینی
هونەرمەندێكی پەیكەرسازە، تەمەنی 64 ساڵە، لەدایكبوی شاری سنەیە.

 

ئەنوەر قەرەداغی 

موزیكژەنێكی ناودارە، زیاتر لەپەنجا ساڵە كاری هونەریی دەكات.

كیانۆشی رۆستەمی
لەدایكبوی شاری كرمانشانە، وەرزشەوانە، خاوەنی مەدالیای زێڕینی یارییەكانی ئۆڵۆمپی 2012‌و 2016یە لەیاری بەرزكردنەوەی ئاسندا.  چەندین خەڵاتی دیكەی بردوەتەوە.

 

بەختیار عەلی

بەناوبانگترین رۆماننوسی كوردە، تەمەنی 59 ساڵە، لەسلێمانی لەدایكبوەو ئێستا لەوڵاتی ئەڵمانیا دەژی، خاوەنی چەندین رۆمانە.

 

لەتیف هەڵمەت 
شاعیرێكی بەناوبانگە، تەمەنی تەمەنی 72 ساڵە، خاوەنی چەندین دیوانی شیعرییە، لەدایكبوی شاری كفرییەو ئێستا لەسلێمانی نیشتەجێیە.

 

نەزەندی بەگیخانی 
ژنە نوسەرو شاعیرە، دكتۆرای وەرگرتوە لەزانكۆی سۆربۆن. بەزمانی كوردی‌و ئینگلیزی‌و فەرەنسی دەنوسێ‌. 

 

عەتا نەهایی
چیرۆكنوس‌و شاعیرو وەرگێڕ‌و نوسەرە، تەمەنی 59 ساڵە، لەدایكبوی شاری بانەیە.

 

عێزەدین مستەفا رەسوڵ
پرۆفیسۆری بواری ئەدەبیی كوردییە، لەبەغداو دیمەشق‌و باكۆ خوێندویەتی، تەمەنی 83 ساڵە.

 

 

 


© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×