سەما
  2019-07-04       3018       

هێمن ئەحمەد

 

 

دەستم بگرەو سەمام پێبکە

بمجوڵێنە لەگەڵ تاڵەکانی قژت 
ئاوێتەم بکە لەگەڵ دەنگی
ژێیەکانی کەمانچەیەک 
ڕامبکێشە بەرەو سینەت
چون شەپۆلێکی جرپنی
پڕ شەکەتیی ھەناسەیەک
بەناو گوماندا بمبە و
بەھەنگاوە سەختەکاندا بمھێنەوە
تا پەنجەکانم فێرببن
 لەدەستێکی پڕ دڵنیایی و
ئارامدا گرد ببنەوە 
شەتەکم بدە بە خۆتەوە
وەک گیربوونی چنگی ھەڵۆ
بۆ تاساندنی ڕۆحی نێچیرێک 
توندتر دەستەکانم بگرە 
چون دەستەکانی ساوایەکی برسی
کە ئاڵاون لە شوشە شیرێک
سەمام پێبکە تا ساڕێژبونی پێویستی 
کە دەزانی ئەم ھەموو جوڵە بێئۆقرانە
پڕاوپڕن لە فانتازیای خۆشەویستی 
بە نینۆکەکانت چینەی بکە 
لامل و سەرشانەکانم .
تێر بڕوانە بۆ قوڵایی چاوەکانم
تا ختوکە دێن ھەردوو گلێنەکانم 
بمگێڕە بە دەوری خۆتدا 
مەھێڵە لە خولگەت لادەم 
دەمێکە تامەزرۆی سەمایەکی شێتانەم
تا بێئاگا دەبم خۆم بادەم 
سەمام پێبکەو بەرزم کەوە
وەک و سەمای دایک و منداڵ 
گەر دەتەوێ ھەرچی 
ھەست و نەستم ھەیە
لە باوەشتدا بێنە گڕوگاڵ 
سەمام پێبکە سەما ، سەما
تا پێیەکانم لە زەوی دادەبڕێن 
لەگەڵ خۆتدا ھەڵمبگرە
وەک و ئەو تاڵە پوشانەی
بە دەنوکی پاساریەکانەوە 
بۆ ھێلانەکانیان دەبرێن 


© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×