فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە تاران و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران دۆخی سیاسی ناوچەکە، پەیوەندییەکانی بەغدا-تاران و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکات.
ئاوێنه: وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە سەردانەکەی فوئاد حسێن داوە و باسی لەوەکردوە، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران و گەورە بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتەدا کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان کە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرایانکردوە، لە سەردانەکەدا پەیوەندییەکانی بەغدا-تاران و پرسی کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران تاوتوێ دەکرێن، کە بەغدا هەوڵ دەدات لە پرسی ئەتۆمیدا رۆڵی نێوەندگیر بگێڕێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ کۆشکی سپی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەو بڕوایەدان گەڕانەوە بۆ وتوێژ و ڕێککەوتنی دیپلۆماسی، باشترین ڕێگەیە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا.
مانگی نیسانی ئەمساڵیش فوئاد حسێن بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران و وهزارهتی دهرهوهی عێراقیش لەبارەی سەردانەکە ئاماژەی بەوەکردبو، ئامانجی سەردانەکە بۆ گفتوگۆکردن بوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تایبەت بە تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچەکە و دورخستنهوهی ناوچەکە لە هەڵکشانی ئاڵۆزیی زیاتر.