ترەمپ سورە لەسەر راگواستنی خەڵكی غەززە
  2025-01-31       221       

وێڕای ئەوەی ئوردن و میسر رەتی دەكەنەوە كە خەڵكی غەززە وەك پەنابەر وەربگرن، بەڵام ترەمپ سورە لەسەر پێشنیارەكەی بۆ راگواستنیان و دەڵێت، ئەو دو وڵاتە ئەو كارە دەكەن.

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، شەوی رابردو لە كۆشكی سپی لەكاتی ئیمزاكردنی چەند فەرمانێكدا وەڵامی رۆژنامەنوسانی دایەوە.

كاتێك پرسیار لە ترەمپ كرا كە ئایا سزا بەسەر میسر و ئوردندا دەسەپێنێت كە پێشنیارەكەیان بۆ وەرگرتنی خەڵكی غەززە رەتكردۆتەوە، وتی، ئەو دو وڵاتە "ئەو كارە دەكەن. ئێمە شتی زیاتریان بۆ دەكەین و ئەوانیش ئەو كارە دەكەن."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە سەرۆكی ئەمریكا چەند رۆژێك لەمەوبەر پێشنیاری خۆی بۆ راگواستنی خەڵكی غەززە راگەیاندو وتی، داوای شا عەبدوڵای دوەم، پاشای ئوردن كردوە و داواش لە سەرۆكی میسر دەكات كە خەڵكی غەززە وەك پەنابەر وەربگرن.

بەڵام دوابەدوای ئەوە هەریەكە لە سەرۆكی میسر و پاشای ئوردن ئەو داواكارییەیان رەتكردەوە. سەرۆكی میسر وتی، ئەو كارە ستەم و میسر بەشدار نابێت تێیداو شا عەبدوڵای دوەمیش جەختی لە هەڵوێستی "پتەو"ی وڵاتەكەی كردوە كە پێویستە فەلەستینییەكان لەسەر خاكی خۆیان جێگیربن.

پێشنیارەكەی ترەمپ لەلایەن بەشێكی زۆری وڵاتانەوە رەتكرایەوە لەنێویاندا عێراق، فەرەنسا، ئەڵمانیا، كۆمكاری عەرەبی و رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی و نەتەوە یەكگرتوەكان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×