ئا: ئاوێنە
47 ساڵە حەسەن زیرەک ناودارترین گۆرانیبێژی كورد کۆچی دوایی کردووە، بەڵام هێشتا تێپەڕینی ئەو هەمو ساڵە نەوەی نوێیان لەگوێگرتن لەدەنگە زێڕینەكەی دورنەخستوەتەوە، چەندین نەوەی كوردە گوێ لەگۆرانیو هونەرە بەرزەكەی زیرەك دەگرن.
زیرەك هونەرمەندێكی ئەوەندە مەزنە كە لەماوەی پەنجا ساڵی تەمەنیدا، سەرباری ئەوەی نەخوێندەواریش بوە، سەدان ئاوازو شیعرو گۆرانی ئاست بەرزی داهێناوەو دڵی ملیۆنەها كوردی لەهەر چوار پارچەی كوردستان داگیر كردوە.
ئەو گەنجینە گۆرانیو هونەرە رەسەنەی حەسەن زیرەك لەژیانیدا پێشكەشی كوردی كردوە بارتەقای هەمو ئەو گۆرانییانەن كە بەدرێژایی مێژووی کورد پێش زیرەک بەرهەمهاتون.
حەسەن عەبدوڵڵا ناسراو بە"حەسەن زیرەک"، لە٢٩/١١/١٩٢١لەبۆکان چاوی بەدنیا ھەڵھێناوە، باوکی لەلای خانانی ئاغای گوندی ھەرمێلەی سەر بەشاری بۆكان کاری کردوە، لەبەر لێھاتوی بە زیرەک ناوی دەرکردوە.
ئەو كە لەژیانیدا دەربەردەریو چەرمەسەری زۆری چەشتوە، لەتەمەنی دە ساڵیدا لەگەڵ چەند کەس لە دەنگخۆشانی بۆکان لە شاییەکانی ناو شارو گوندەکانی بۆکان گۆرانی وتوە.
لەپاڵ گۆرانی گوتندا، هەر لەتەمەنی منداڵییەوە كاری مسگەریو شاگردیو قاوەچییەتیو كەبابچێتیو خزمەتكاریی ماڵە ئاغاو دەوڵەمەندەکانی بۆکانی کردوە.
زیرەک تەمەنی ١١ ساڵان دەبێ کە باوکی کۆچی دوایی دەکات. پاشان دایکی زیرەک شو دەکاتەوەو ئەمەش ژیانی سەختتر دەكات.
ئەو كە خاوەنی خۆشترین دەنگ بوە، هەر لەمێردمنداڵییەوە، بەگۆرانییەکانی کۆڕی دیوەخانو زەماوەندی كچانو كوڕان دەڕازێنێتەوە.
لەسەرەتای پەنجاكانی سەدەی رابردودا رودەكاتە باشوری كوردستانو پاشان بۆ كاركردن لەبەغدا دەگیرسێتەوە، كاتێك لەئوتێل "شمال کەبیر" كار دەكات، دەنگە خۆشو بەهرە هونەرییەكەی سەرنجی چەندین كەسایەتی ناوداری ئەوکاتی كورد رادەكێشێو رێنمایی دەكەن بۆ ئەوەی بچێتە بەشی كوردی "رادیۆی بەغدا".
ئەمە دەبێتە مایەی ناوبانگ دەركردنی حەسەن زیرەك لەماوەیەكی كەمدا، كە دەیان گۆرانی سەرنجڕاكێش تۆمار دەكاتو دەنگدانەوەیەکی گەورەی دەبێ لەو سەردەمەدا.
پاش ئەوەی لە1958دا زیرەك دەگەڕێتەوە بۆ ئێران، بەشێكی دیكە لەجوانترین گۆرانیەكانی لەرادیۆی تارانو کرماشانو تەورێز تۆمار دەكات.
ھەر هەمان ساڵ لەڕادیۆی تاران لەگەڵ میدیا زەندی هاوسەرگیری دەكات، كە بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییە دو منداڵ بەناوەکانی "مەھتاب" و "ئارەزوو" دەبێ.
زیرەك کە لەژیانیدا بەردەوام لەجێگۆڕكێدا بوە لەنێوان شارەكانی رۆژهەلاتو باشوری كوردستانو بەغداو تاراندا، بەشێكی گرنگی گۆرانییەكانی لەو دانیشتنانەدا وتوە كە لەشاری سلێمانی كردونیو هەم هەڵبەستو هەم ئاوازەكەشی هی خۆی بون.
زیرەك لە٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢کۆچی دوایی دەکاتو لە سەر داوای خۆی لە کێوی ناڵەشکێنە لە شاری بۆکان بەخاک دەسپێردرێت.