2020-12-31   3145     
کتێبی (ڕەنجی فەرهادەکان ) بیرەوەریەکانی د.هەژار عوسمان مەعروفە کە لە مانگی ١١ ی ٢٠٢٠ دا بڵاویکردۆتەوە.
د.هەژار لە پتر لە سەد چیرۆک و
بەسەرهات و ٤٦ وێنە و بەڵگەنامەدا هەمو قۆناغەکانی خەباتی پێنج ساڵ و نیو پێشمەرگایەتی و دەیان
ساڵ ژیانی لە ئێران و سوریا و ئەڵمانیا ، بە شێوەیەکی ئەدەبیی جوان و بە کوردییەکی
پاراو و پەتی بە جۆرێک باسکردوە کە خوێنەر نەک هەر بێزار و وەڕس نابێت بەڵکو بە
تاسەوە حەزدەکات بزانێ چیرۆکی دواتر چییە و باسی چی دەکات. هەودای هاوباشی هەمو
ئەو بەسەرهات و چیرۆکانە یەک خولیا و یەک مەبەست و یەک ئامانجە: خەباتی ئینسانی
کورد لە پێناو سەربەخۆیی کوردوستان و ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی بۆ گەلەکەی .
شیکردنەوە دەرونی و پزیشكی وکۆمەڵناسی
و فەلسەفیەکان بیرەوەریەکانی د.هەژار جیادەکاتەوە لەوانەی پێش خۆی.
ئەو لە ڕابوردودا قەتیس نامێنێت ، بە
فلاش باک و خەیاڵ و تەکنیکێکی تازەی نوسین ڕابوردو دەبەستێتەوە بە ئێستای دۆخی
هەرێم وئەنجانمگیری دەکات بۆ ئایندە.
( ڕەنجی فەرهادەکان) بە چیرۆک و
بەسەرهات و گێڕانەوەکانی ناوی دەکرێت ناوی بنێین ڕۆمانە بیرەوەری .
ئەم کتێبە لە ٤٠٠ لاپەڕەدا باسی ژیان
و خەباتی پزیشکێک دەکات سەر بە نەوەیەکی کوردی باشورە کە گۆشکراوە بە بیری
نیشتمانپەروەری و دیموکراتی و سۆشیالیزم، لە سەردەمێکدا کە گەلەکەی دڕندانە لە لایەن ڕژێمی نەتەوەپەرستی بەعسەوە
دەچەوسێنرێتەوە . نوسەر باسی منداڵیەکی ڕەنگاورەنگ و گەورەبون لە خێزانێکی ڕۆشنبیر
و سیاسیدا دەکات.خوێندنی پزیشکیی د.هەژار لە بەغداد هۆشیاریی چینایەتی و نەتەوەیی
ئەفڕێنێ و بون بە پێشمەرگە دەبێتە خولیای. بە نیازی بون بە پێشمەرگە ، لە بەهاری
١٩٧٤ دەچێتە ناوچەی ڕزگارکراو، بەڵام خزمەکانی قەناعەتی پێدەهێنن کە باشترە خوێندنەکەی
تەواو بکات ، بۆیە دەگەڕێتەوە بەغدا و درێژە بە خوێندنەکەی ئەدات. شکستی شۆڕشی
ئەیلول زۆر غەمباری دەکات. لە ١٩٧٨ خوێندنی پزیشكی تەواودەکات و لە سلێمانی دەبێتە
پزیشکێکی دڵسۆز و سەرکەوتو. سلێمانی لە لوتکەی بەرەنگاربونەوەی ڕژێمی سەدام دایە، د.هەژار
شەیدای خەباتی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و یەکێتیی
نیشتمانیی کوردوستان دەبێت. لە مانگی ٨ ی ١٩٧٩ بە نیازی پێشمەرگایەتی دەچێتە ڕۆژهەڵاتی
کوردوستان ، بێ ویستی خۆی و بە فێڵی کەسێک دەکەوێتە ناو حیزبی سۆشیالیستی
کوردوستان . دوای ٣ مانگ خۆی لەم حیزبە ڕزگاردەکات و دەچێتە لای یەکێتی لە (نێوزەنگ)،
لێرەش بە هۆی ناکۆکیەکانی ناو کۆمەڵە و و
یەکێتی دوای ٣ مانگ توشی بێزاری دەبێت. سەرکردایەتی جێدەهێڵێ و تێکەڵ بە خەباتی
کوردی ئێران دەبێت لە (مەریوان) ، لە نزیکەوە تۆپباران و شەهیدبونی پ.م و خەڵکی
سیڤیل دەبینێ ، وەک دوکتۆر یارمەتیی خەڵک و پ.م. دەدات، ئەو تازە ئیتر کەوتۆتە ناو
تەوژمی بەخوڕی ڕوباری خەبات و وەک سۆفیەکی لێهاتوە. دواتر دەچێتە بنکەی یەکێتی لە گوندی
(بلەکێ) ی سەر سنوری (بانە) ، نەخۆشخانەیەک لە پاڵ ئەو بنکەیەدا دروستدەکات و زۆر
خزمەتی پزیشکیی پ.م و خەڵک دەکات. پاشان دەچێتە شارباژێڕ و شارەزور و لەگەڵ پ.م.
جەولە دەکات. خەبات و قوربانیەکانی پ.م. و خەڵک زۆر کاریان تێدەکات ، ئێش و
ئازارەکانی شەڕی براکوژی لە نزیکەوە دەبینێت و زۆر دەناڵێنێ لە ژێریدا. د.هەژار دەبێتە
پزیشكی خۆشەویستی پ.م. و خەڵک، ئەو کە دەزانێ تازە چارەنوسی هەر لە ناو شۆڕش دایە،
هاوژینگیری دەکات. لە کۆنفرانسی ١ و ٢ و ٣ ی کۆمەڵە بەشداردەبێت و بە هۆی ڕەخنەی
بوێرانەیەوە تەنیا دەکەوێت . لە کۆنفرانسی ٣ دەکەوێتە بەرەی عێراقچیەکان و تێیدا وەک پزیشکێک بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکات و
ڕەخنە ی توند لە سەرکردایەتیی کۆمەڵە و یەکێتی دەگرێت . وەک لێکەوتەیەکی ئەم
هەڵوێستانەی ئیتر کوردوستان بۆ د.هەژار دەبێتە ئەو جێیەی کە نەتوانێ تێیدا پڕ بە سینگی خۆی ئۆکسجینی ئازادی هەڵمژێ ، بە ناچاری لە
گەڵ هاوژینەکەی و کوڕە ٤ مانگییەکەی کوردوستان جێدێڵێ و دەچێتە ئێران. د.هەژار هێشتا بە دڵ هەر لە کوردوستانە ،
بۆیە لە ئێران بەوە ڕازی دەبێت کە بکرێت بە نوێنەری ڕێکخراوی (ئاڵای شۆڕش) لە سوریا، کە تازە لە
دروستبوندایە. لە دیمشق پەیوەندیی بە ئاڵای شۆڕش دەبچڕێت و مانگێکی زۆر سەخت بەسەردەبات و بە
ناچاری خۆی دەگەیەنێتە ئەڵمانیای ڕۆژاوا و داوای پەنابەری دەکات. ئەو تێکەڵ بە
کۆمەڵی ئەڵمانی دەبێت و دەیان چالاکی دەکات بۆ ناساندنی کێشەی کورد، د.هەژار شان بەشانی ئەڵمانیەکان خەبات دەکات بۆ
ژینگە و مافی کرێکاران و پەنابەران، لە سەر ئەم چالاکیانە مافی پەنابەریی نادەنێ.
لە گەرمەی کۆڕەودا بە مەبەستی یارمەتیی
پزیشكیی ئاوارەکان ڕو لە ئێران دەکات، بەڵام هەر لە فڕۆکەخانەی تاران دەیگێڕنەوە
بۆ ئەڵمانیا. کە حکومەتی هەرێم دروست
دەبێت، لە گەڵ هاوڕیكانیدا پردێکی یارمەتیی جۆراوجۆر دروست دەکات بۆ هاوکاریی
مادیی خەڵکی کوردوستان. شەڕی براکوژیی ١٩٩٤ د.هەژار زۆر غەمبار دەکات و ئیتر
ڕودەکاتە کارکردن وەک دوکتۆر و خوێندنی دەرونناسی کە دوکتۆرای تێدا دێنێ. د.هەژار دوای
٢٥ ساڵ ژیان و کارکردن لە ئەڵمانیا دەگەڕێتە وە کوردوستان و وەک مامۆستا لە کۆلیجی
پزیشکی دادەمەزرێ، لە ٢ ی ١ ی ٢٠٢٠ وە خانەنشینە و ئێستا لە سلێمانی نۆڕینگەی خۆی
هەیە.