ئا: ئاوێنە
خاوەنی كۆمپانیای میدیایی چەتر لە سلێمانی بە ئاوێنەی راگەیاند، نیوەڕۆی
ئەمڕۆ هێزێكی بچوكی سەربە ئاسایش چونەتە سەر دەزگاكەیان، لەگەڵ ئەوەی ئامانجی
هێزەكە داخستنی ستدیۆكەیانە، بەڵام هیچ بێڕێزییەكیان پێ نەكردون و لە ئێستاشدا لە
دانوستاندان.
كەمال حەسەن، خاوەنی كۆمپانیای میدیایی چەتر، لە لێدوانێكدا بە
ئاوێنەی راگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێكی بچوكی سەربە ئاسایش چونەتە سەر بارەگای
كۆمپانیاكەیان لە سلێمانی و وتیشی: ئەوان داوای داخستنی ستدیۆكەیان دەكەن كە كار بۆ چەند دەزگایەكی راگەیاندن دەكەن.
كەمال حەسەن وتیشی: هێزەكە هیچ بێڕێزییەكیان بەرامبەر كارمەندانمان نەكردوە
بەڵام رێگە بە چونە دەرەوەی كارمەندەكانمان نادەن بەبێ ئەوەی هیچ بێڕێزییەكیان
كردبێت.
وتیشی: لە ئێستادا لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە دانوستانداین چونكە ئێمە
هیچ كارێكی نایاساییمان نەكردوەو ئامادەی داخستنی كۆمپانیاكەش نین.
هەروەها ئەوەشی وت: ئێمە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان
باشن و پێشمان وانییە یەكێتی هیچ كێشەیەكی لەگەڵ كاركردنی ئێمە هەبێت بەڵكو هەست
دەكەین دەستێكی سیاسی لە پشت ئەم هەوڵی داخستنەوە هەیە.
پێشتر رەحمان غەریب، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنوسان
لە راگەیەندراوێكدا لەزاری پەریان ئەحمەد زەردەشت كارمەندی ئەو دەزگای میدیایی چەترەوە وتبوی، مەفرەزەیەك
لەبەردەم پرسگەی باڵەخانەكەیان وەستاون پرسیار دەكەن لەو كەسانەی كە دەچنە ناو باڵەخانەكە،
كە بۆ كوێ دەچن؟ ئەگەر كارمەندی چەتر بن ئەوە رێگرییان لێدەكەن. پێیان وتون لێرە دەبن
تا لەسەرو خۆیانەوە فەرمانیان پێدەكرێت.
لە بارەی ئەو روداوە
سەنتەری میترۆ رایگەیاندوە "دەبێت ئازادی كاری میدیایی بۆ هەمو لایەك فەراهەم
بكرێت و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە سەرخەتین بۆ گەراندنەوەی ئەو هێزە."