مامۆستا عەلی عەبدوڵا سۆفی ناسراو بە (ع ع شەونم)، ئەمڕۆ شەممە، لە تەمەنی 91 ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
ئاوێنە: عەلی عەبدوڵا سۆفی محەمەد ناسراو بە (ع ع شەونم) ساڵی (1929) لە هەڵەبجە لە دایک بوە.
کەسێکی دەنگ خۆش و ئاوازدانەر و شێوەکار و خۆشنوس و مێژونوس و شارەزابوە لە زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی.
ساڵی (1941) نازناوی (ع ع شەونم) بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت، وەک خۆی دەڵێت جگە لە دو پیتی کورتکراوەی ناوی خۆی و باوکی، شەونم بەمانای ژیان دێت و هەمو شێوەکانی ژیانی تێدایە.
یەکەم مامۆستا بو کە لە هەڵەبجە گروپی موزیک و سرود و گۆرانی دانا.
یەکێک لە هەرە بەرزترین هۆنراوەی نیشتمانی کە دایناوەو بوەتە وێردی سەر زمانی خەڵک سرودی (جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە ... بە تیشکی ئاگر ئەنوسم جەژنە پیرۆزە) کە ئاوازەکەشی هەر هی خۆیەتی.
خاوەنی چەندین نوسین و کتێب و لێکۆڵینەوەیە، چەندین هۆنراوەی کراوەتە گۆرانی.
شەونم یەکێکە لە دامەزرێنەری لقی بەغدای یەکێتی نوسەرانی کورد، ساڵانێک لێپرسراوی چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی بوە.
یەکەم خەڵاتی شیعری بنکەی ئەدەبی و رۆشنبیری سلێمانی پێبەخشراوە.