لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دواخرا
  2020-07-26       1202       

لەسەر داوای هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی تەمموز، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ سبەی دووشەممە دواخرا.

ئاوێنه‌: میدیاكانی یه‌كێتی بڵاویانكرده‌وه‌، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە لە کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ ئەنجام بدرێت، بۆ سبەی دواخرا،  دواخستنەکە لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانی بووە، تاوەکو زەمینە بۆ کۆبوونەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان سازببێت.

وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، پێشەوا هەورامانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک ڕایگەیاند، "چەند فراکسیۆنێکی پەرلەمان داوای دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانیان کرد بۆ بەیانی و ڕێز لە داواکەیان گیرا، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ سبەی دواخراوە".

پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجی داوای ئەو فراکسیۆنانە، بۆ ئەوەیە هەموو لایەک بەشداری کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان بن.

لە لایەکی دیکەوە لە بانگهێشتنامەیەکدا کە سەرۆکی پەرلەمانەی کوردستان، ڕێواز فایەق ئاڕاستەی پەرلەمانتارانی کردووە هاتووە، بە پشتبه‌ستن به‌ بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌ مادده‌ی (18) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق و ئاماژه‌ به ڕاگه‌یه‌نراوی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان له‌رێكه‌وتی 2020/7/26 بڕیاردرا به‌دواخستنی دانیشتنی په‌رله‌مان ژماره‌ (6)ی ئاسایی خولی به‌هاره‌ی ساڵی دووه‌م له‌ خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مان له 2020/7/26 بۆ كاتژمێر 11ى پێشنیوه‌رۆى ڕۆژی دووشه‌مه‌ رێكه‌وتی 2020/7/27.  
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×