ئەردەڵان عەبدوڵڵا
لەم بەشەدا هەوڵ دەدەم چەند حکایەتێکی سەیر و سەمەرەی چەند فەیلەسووفێکی جیهانی باسبکەم لەگەڵ کۆشكی دەسەڵات. دیارە هەمیشە کۆشکەکانی دەسەڵات، پێویستیان بەوە هەبووە کە کۆمەڵێک ئەهلی قەڵەم و حیکمەت بوونیان هەبێت و زۆرجاریش پرس و رایان پێکراوە. هەرچەندە پێگەی کۆمەڵایەتی و شێوازی بیرکردنەوەو مامەڵەکردن لەگەڵ دەوروبەردا، لە یەکتری زۆر جیاوازن، حاکم یان سەرۆک یان پادشاکان، نوێنەرایەتی هێزی توند و ناشیرینی دەوڵەتی کردووە، گەرچی نووسەران و بیرەمدنان و فەیلەسووفان، گوزاشت و نوێنەرایەتی هێزی ناسکی دەوڵەتیان کردووە.
بیرمەندان و دەسەڵاتی سیاسی
دیارە قسەکردن لە بارەی چۆنێتی پەیوەندی نێوان رۆشنبیران یان بیرمەندان و دەسەڵاتی سیاسی، قسەوباسێکی زۆری لێکراوە، هەر بیرمەندەو بە پێی بۆچوونی خۆی باسیکردووە. بۆ نموونە فەیلەسووفی ناسراوی ئینگلیزی بێرنارد راسڵ، پێی وابوو رۆشنبیر یان بیرمەندا، ئەوانیش خاوەنی دەسەڵاتێکی بەهێزن و هیچ جیاوازییان لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی‌دا نییە و دەبێت بیرمەندان دەسەڵاتی خۆیان لە دەسەڵاتی سیاسی جیابکەنەوە. بیرمەندی ئەمریکی بە رەگەز فەلەستینی، ئێدوارد سەعید، پێی وابوو پێویستە رۆشنبیر یان بیرمەند، هەمیشە دژی دەسەڵات بێت و رابەرێتی بزووتنەوەی ناڕەزایی بکات و نابێت ببێتە بەشێک لە دەسەڵات. گەرچی فەیلەسووفی فەرەنسی ئەلبێرت کامۆ پێی وابوو، پێویستە هەمیشە رۆشنبیران و بیرمەندان، رۆحێکی بەرەنگاریی و یاخی بوونیان تێدابێت، بۆئەوەی بتوانن داهێنان بکەن. بەڵام بیرمەندی عیراقی هادی عەلەوی پێی وابوو، پێویستە رۆشنبیران وەکو سۆڤی وابن و دەبێت خۆیان لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری دووربخنەوە، بۆئەوەی بتوانن خزمەتی گەلەکەیان بکەن و رۆحیان گەندەڵ نەبێت.
هەموو ئەم قسانە لە بارەی ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزەوە کراوە راستە، بەڵام هەتاوەکو ئەمڕۆش هیچ بنەمایەکەی سەرەکی بۆ ئەم پەیوەندییە دانەنراوە، لەبەرئەوە هەر وڵاتە و هەرکەسە و بە شێوەی تایبەت مامەڵەی کردووە.
لەم بەشەشدا باسی کۆمەڵێک ئەزموون دەکەم کە هەریەکەیان لەوی تر جیاواز بوو. ئەوانیش: سوکرات فەیلەسووفی یۆنانی، کە بە باوکی فەلەسەفی ئەوروپا دادەنرێت وکێشەی گەورەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەسیان دەبێت، هەربۆیە ژەهرخواردی دەکەن. ڤۆلتیر فەیلەسووفی فەرەنسی،کە بە باوکی شۆڕشی فەرەنسی دادەنرێت، هەرچەندە خۆی شۆرشکەی نەبینی. گۆرگی بلیخانۆف فەیلەسووفی روسی، کە بە باوک و مامۆستای کۆمۆنیستەکانی روسیا دادەنرێت، گەرچی کاتێک شۆڕشی روسیا سەریهەڵدا، دژی وەستایەوەو شۆرشگێڕەکانیش ئەویان بە خائین وەسف کرد. دواجاریش باسی مارتین هایدگەر فەیلەسووفی ئەڵمانی دەکەین، کە بە باوکی فەلسەفەی بوونگەرایی، مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنە و سەدەی بیستەم ناودەبرێت، گەرچی پەیوەندی بە رژێمی نازی ئەڵمانییەوە، دەبێتە پەڵەیەکی ناشیرین بە رووییەوە.
سوکرات یەکەمین شەهیدی فەلسەفە
پێمخۆشە سەرەتای حکایەتی فەیلەسووفان و کۆشکی دەسەڵات بە سوقرات دەستپێبکەم، کە ئەویش حکایەتێکی زۆ تراژیدی هەیە، کۆتاییەکەی بە دادگایی‌کردن و ژەهرخواردنی تەواو بوو.
سوکرات لە ساڵی 469 ی پێش زایین لە " ئەلپێکۆ" لە یۆنان لەدایک بووە، لە ساڵی 399 ی پێش زایین لە ئەسینا کۆچی دوایی دەکات. سوکرات لە سەردەمی دیموکراسیی یۆنانیدا دەژیا، لەوکاتانەدا ئەسینا خۆی لەناو تەنگەژەیەکی گەورەی سیاسی و فکریی گەورەدا دەبینییەوە. لەوکاتەدا دوو دەسەڵاتی گرنگ حوکمی ئەسینای دەکرد." ئەکسلیزیا، کۆمەڵەی گشتیی" ، کە بریتیی بوو لە دەسەڵاتیی سیاسیی، دانیشتوانی ئەسینا نوێنەری خۆیان بۆ ئەم کۆمەڵەیە دیاری دەکرد. لەوکاتەدا ژمارەی دانیشتوانی ئەسینا دەگەیشتە 400 هەزار کەس لەم ژمارەیەشدا نزیکەی 50 هەزارییان کۆیلە بوون. هەروەها " دیکاستیریا، دادگای باڵا" کە پتر لە هەزار ئەندام پێکهاتبوو، بەپێی ئەلف و بێ ، ئەندامانی هەڵدەبژێران.
هەروەک ویلی دیورانت مێژوونوسی ئەمریکی دەڵێت :
رژێمێکی دیموکراتیتر نابینین لەو رژێمەی ئەسینا زانیوویەتی،هەروەک نەیارانی ئەو رژێمەش دەڵێن : لەو بێ تامترین و پووچترینش نییە .
بەڵام سوکرات کێشەی گەورەی لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەش هەبوو، بۆیە دواجار دەستگیر دەکرێت و سزا دەدرێت. بەڵام دادگایی‌کردنی سوکرات لەسەر بیروباوەرەکەی، هەتاوەکو ئەمڕۆش لە جیهاندا باس دەکرێت. سوکرات توانی ببێتە مەشخەڵێکی گەورە ، بۆ نەوەکانی پاش خۆیی و ببێتە مامۆستاییەکی بەئەمەک بۆ ئەو کەسانەی کە هەتا دواهەناسە و شێلگیرانە بەرگری لە بیروبۆچوونی خۆیان دەکەن .
سوقرات و فەلسەفەکەی زۆر جەختی لەسەر ناسینی مرۆڤ دەکردەوەو خاوەنی وتەیەکی بەناوبانانگە" خۆت بناسە". ئەو لە بواری فەلسەفیدا، خزمەتێکی زۆی فکر و فەلسەفەی مرۆڤایەتی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا کەسێکی زۆر خاکیش بووە، لەمەشدا وتەیەکی ناوداری هەیە " من هیچ شتێک نازانم، تاکە شتێک کە دەیزانم ئەوەیە، کە من هیچ نازانم." واتە هیچ کاتێک خۆی نەکردووە بە فەیلەسووف و مامۆستای خەڵکی تر، هەرچەندە لەراستیدا ئەو بە باوک و مامۆستای کۆمەڵێک فەیلەسووفی گەورە دادەنرێت لەوانە " پلاتۆن، ئەرستۆ،،هتد"
سوکرات خاوەنی شێوازێکی تایبەت بوو، هەمیشە رەخنەی دەگرت، لەهەمانکاتیشدا گوومانی لەهەموو شتێک دەکرد، ئەمەش رووبەروی کێشەی لەگەڵ دەسەڵات کردەوە.
دیارە دادگایی‌کردنی فەیلەسووفان پێش سوکراتیش هەبووە. بۆ نموونە فەیلەسووفی مەزنی یۆنانی Anaxagoras ئاناکساگۆراس 500.428 پێش زایین) ئەم یەکەمین فەیلەسووف بوو ، کە عەقڵی کردە رەگەزی بنەڕەتی فەلسەفە، دیارە پێشتر تەنها هەوا و ئاو‌و ئاگر ، بەرەگەزی بنەرەتی فەلسەفە دادەنران. ئەو لەبەرئەوەی گووتی " خۆر جگە لەبەردێکی گەرم و مانگیش تەنییا خاکێکە و هیچیتر، دەخرێتە زیندانەوە.
بەلام سوکرات یەکەمین فەیلەسووفی یۆنانی بوو، کە لەسەر بیروباوەریی خۆی " ژەهرخوارد دەکرێت". دیارە لەوکاتەدا " ژەهر خواردن" وەکو حوکمی لە سێدارەدانی ئێستا وابووە. هەربۆیە سوکرات دەبێتە، یەکەمین شەهیدی فەلسەفە لەمێژوودا.
ئەو یەکەم کەس بوو ، کە گومانی خستە سەر سیستەمی دیموکراسی ئەسینا. هەروەک ویلی دیورانت دەڵێت: سوکرات دوو پرسیاری ئێجگار گرینگی فێری مرۆڤایەتی کرد. یەکەمیان : مرۆڤی جوامێر کێیە؟. دووەمیان باشترین دەوڵەت کامەیە
ئەم دوو پرسیارەش بەس بوو کە ببێتە کلیلی بیرکردنەوەو شرۆڤەکردنی هزری هەموو فەیلەسووفانی جیهان. گەڕان بەدوای وەڵام دانەوەی ئەم دوو پرسیارە، بوو بەهۆی دروستبوونی چەندین فەیلەسووفی تر. دیارە هەتاوەکو ئەمرۆش ئەم دوو پرسیارە دەکرێت، لەهەر سەردەم و قۆناغێکیشدا ، فەیلەسووفانی جیهان ، وەڵامی خۆیان داوەتەوە.
خاڵێکی گرنگی تری بۆچوونەکانی ئەوەبوو، کە دژی سیستەمی دیموکراسی ئەسینا بوو. دیارە ئەمە بە مانای ئەوەنەبوو کە ئەو دژی بە دیموکراسی بێت، بەڵکە ئەو زیاتر داوای پسپۆری لە حوکمرانی دەکرد . ئەو سیاسەتی وەکو زانستێکی گرینگ سەیر دەکرد.
سوکرات ساڵی 399 پ.ز لەتەمەنی حەفتا ساڵیدا لەلایەن دادگای ئەسیناوە سزای " ژەهەرخواردنی " بەسەردا دەسەپێنرێت. تۆمەتی فەرمی دادگاش ئەوەیەکە، سوکرات " باوەڕی بەخودا نییە، وە گەنجانیش بەرەو فکری خراپ دەبات ."
لێ هەمووکاتێک لەپشت هەر تۆمەتێکی فەرمییەوە ، کۆمەڵێک هۆکاری تر خۆی شارۆتەوە. مێژوونوسان و نووسەرانی جیهانیش ، ماوەیەکی زۆرە بەدوای ئەو هۆکارانە گەڕاون و شرۆڤەی جیاوازییان لەو بارەیەوە هەیە.
" ویل دۆرانت" لە کتێبە مەزنەکەیدا " سەربوردەی شارستانی " دەڵێت :
هۆکاری سەرەکی لە سزادانی سوکرات ، دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ئابووری. ئالەوکاتەدا لە ئەسینادا خەڵکی باوەری بە چەندین " خودا" هەبوو. خەڵکیش لە ئەسینا و دەورووبەری دەهاتن ، لەبازاڕی ئەسینا " ئاژەڵیان دەکڕیی و دەیناکردە قووربانیی بۆ ئەو " خودا" یانە . بیری یەکتاپەرستی سوکراتیش، بە زەرەری بازرگانەکانی ئەسینا دەشکایەوە، چونکە ئەوان سوودمەندی سەرەکی بوون لەم خودایانە و بازاڕی ئاژەڵ کڕینی لاواز دەکرد و بەم شێوەیەش بازار تووشی قەیران دەبوو. . یەکتاپەرستیش ، زەرەری گەورەی بەوان دەگەیاند، هەربۆیە پلانی کوشتنی سوکراتییان داڕشت.
بەڵام بیرمەندی ئێرانی دکتۆر کەمال پوولادی دەڵێت :
" تێکچوونی سوکرات لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی ئەسینا شتێکی چاوەڕوانکراو بوو، چونکە لەوکاتەوە فەلسەفە وازی لە پرسە سروشتییەکان هێنابوو، ڕوویکردبووە کاروباریی مرۆیی، واتە پرسە سیاسییەکان و گەڵاڵە کردنی فەزیلەتی سیاسیی. هەربۆیە پێکدادانی سوکرات لەگەڵ دەوڵەتدا شتێکی چاوەڕوانکراوبوو، چونکە دەوڵەت ئامادە نەبوو هیچ پێوەرێک بەدەر لەخۆی پەسەند بکات.
بەدڵنییایەوە دادگایی‌کردنی سوکرات، هێندەی تر ناوبانگی بەهێزتر کرد، لەهەمانکاتیشدا فەیلەسووفانی تری فێرکرد، کە داکۆکی لە بۆچوونەکانیان بکەن و دژی دەسەڵات بوەستنەوە، ئەمەش وەکو ئامۆژگارییەک بۆ خوێندکارانی بەجێهێشت، کە پاش 17 سەدەی تر، فەیلەسووفێکی تری ئەوروپی، گوێ بۆ ئەو ئامۆژگارییەی دەگرێت و دژی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی دەوەستێتەوە، کە ئەویش ڤۆلتێری فەیلەسووفی فەرەنسییە.
ڤۆلتێر و کۆشکی دەسەڵات
یەکێک لەو فەیلەسووفانەی کە خاوەنی حکایەتێکی تایبەتە لەگەڵ کۆشکی دەسەڵات، ڤۆلتێری فەیلەسووفی فەرەنسایە، ئەو سەرەتا دژی کۆشکی دەسەڵاتی فەرەنسایە، بەڵام دۆستی پادشای بروسیا و بەریتانیایە، هەرچەندە لە کۆتاییدا لەگەڵ ئەوانیش تێکی دەدات، لێرەدا بەکورتی باسی حکایەتی ئەویش دەکەین.
ڤۆلتێر ناوی ئه‌سڵی خۆی François Marie AROUET له 21ی نۆڤێمبهریی ساڵی 1694 له پاریس له‌دایک بووه. له 30 مای 1778 له‌ته‌مه‌نی هه‌شتاو چوار ساڵیدا کۆچیی دوایی کردووه.
ئەو بە یەکێک لە فەیلەسووفانی قۆناغی رۆشنگەری دادەنڕێت، لەهەمانکاتیشدا بە مامۆستا و باوکی شۆڕشی فەرەنسی دادەنرێت، هەرچەندە خۆی ئەو شۆڕشە نابینێت. ڤۆلتێر یەکێک بوو لەو کەسانەی بەو پەڕی شێلگیرییەوە داکۆکی لە ( ماڤەکانی مرۆڤ، لێبوردەیی ئایینی، سیستەمی دەستووری و ئازادی) دەکردەوە. هەروەها زۆر دژی ستەمی ئایینی و سیاسی بووە، دژی دەسەڵات ملهوڕی پادشایی بوو، بەڵام لەگەڵ شۆڕش لە دژی پادشایەتی نەبوو، بەڵکە داوای سیستەمێکی پادشایەتی دەستووری هاوشێوەی بەریتانیای دەکرد. لەهەمانکاتیشدا خاوەنی شێوازێکی تتوند و تەنزئامێز و گاڵتەجاری بوو، کە ئەمەش زۆرجار نەیارانی بەتایبەتی دەسەڵاتی سیاسی ، زۆر تووڕە دەکرد.
به‌شداریکردن له یه‌که‌مین کوده‌تا دژ به ده‌سه‌ڵات
ساڵی 1717 که له ته‌مه‌نی بیست وسێ ساڵیدا ، ڤۆلتێر به‌شداری دەکات لە کوده‌تایه‌کی دژ به میر " فلیپی دووه‌م" که ده‌بووه چێ نشین و وه‌سی مه‌لیکی فه‌ره‌نسا لویسی پانزه، که هێشتا منداڵ بوو. ئه‌م کوده‌تاییه به‌سه‌رۆکایه‌تی کاردیناڵ جیولیو ئالبرونی، بوو کە له مێژوودا ناوی Cellamare conspiracy. ئامانجی ئه‌م کوده‌تایه‌ش گواستنه‌وه‌ی عه‌رشی مه‌لیکی فه‌ره‌نسا بوو له فلیپی دووه‌مه‌وه بۆ مه‌لیکی ئیسپانیا" ڤلیپی دووه‌م " که ده‌یکرده مامی لویسی پانزه. به‌ڵام پاشتر ئه‌م کوده‌تایه سه‌ری نه‌گرت و ڤۆلتێریش خرایه زیندانه‌وه.
یه‌که‌مین ژووان له‌گه‌ڵ زیندان
له ساڵی 1717 به تۆمه‌تی به‌شداریکردن له‌م کوده‌تایه و نووسینی شیعری داشۆرین دژ به وه‌سی، ڤۆلتێر بۆ ماوه‌ی یانزه مانگ له زیندانی به‌دناویی باستیل، زیندانی ده‌کرێت. لێ ڤۆلتێر ئه‌م ماوه‌یه له باستیل له ڕووی ئه‌ده‌بییه‌وه زۆر سوودی ده‌بێت، له‌وێنده‌ر یه‌که‌مین به‌رهه‌می نایابی ئه‌ده‌بی خۆی، به‌ناوی هینراید The Henriade ، که په‌خشانه شیعریه‌کی درێژه، باس له گه‌مارۆدانی پاریس له‌لایه‌ن " هنری سێیه‌م " له ساڵی 1589 ده‌کات. جێگای گووتنه ڤۆلتێر له زیندان ڕێگای پێ نه‌ده‌درا قه‌ڵه‌م و کاغه‌ز و کتێبی پێ بگات، له‌به‌رئه‌وه له پشتی ئه‌و کتێبانه شتی ده‌نووسی که پێشتر له‌گه‌ڵ خۆی هێنابوونی بۆ زیندان.
چوون بۆ لای مه‌لیک فریدریکی گه‌وره‌ی بروسیا
یه‌کێک له‌و شته ئاڵۆزانه‌ی ژیانی ڤۆلتێر، په‌یوه‌ندی ئه‌وه به مه‌لیکی بروسیا( فریدریکی گه‌وره) یه. به‌شێکی زۆریی ڕه‌خنه‌گرانی ڤۆلتێر، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی ئه‌و، بهههڵوێستێکی هه‌لپه‌رستانه‌ی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، چونکه چ مه‌لیکی بروسیا و چ مه‌لیکی فه‌ره‌نسا، هه‌ردووکیان دوو مه‌لیکی دیکتاتۆر بوون. هیچ جیاوازییه‌کی وایان له‌نێواندا نه‌بووه، به‌ڵام ڤۆلتێر دژی مه‌لیکی فه‌ره‌نسا( وڵاته‌که‌ی خۆی بووه) که‌چی دۆستێکی نزیکی مه‌لیکی بروسیا بووه‌و شه‌وان کۆشکی ئه‌ویی گه‌رم کردووه. هه‌رچه‌نده ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش سه‌ره‌تا به خۆشی ده‌ستپێده‌کات ، به‌ڵام پاشان ده‌بێته ناخۆشیی .
ساڵی 1751 ڤۆلتێر ده‌بێته میوانی مه‌لیک فریدریکی گه‌وره‌و له‌هه‌مانکاتیشدا ده‌بێته دۆستێکی نزیکی ئه‌م مه‌لیکه. ئه‌ویش کۆشکێکی تایبه‌تیی ده‌داتێ و ساڵانه‌ش 20 هه‌زار فرانکی بۆ ده‌بڕێته‌وه. له‌م ماوه‌یه‌شدا ڤۆلتێر ژیانێکی پڕ ئاسووده و خۆشگوزه‌ران ده‌باته سه‌ر، لێ دیسانه‌وه قه‌ڵه‌م و زمانه تونده‌که‌ی، هه‌روه‌ها کاری نه‌گریسی خێڵی به‌خیلان، واز له ڤۆلتێر ناهێنن و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ مه‌لیک فریدریکی گه‌وره تێک ده‌چێت.
لێره ساڵی 1752 چیرۆکه مه‌زنه‌که‌ی به‌ناوی Micromégas ده‌نووسێت. که یه‌کێکه له‌کاره نایابه‌کانی. هه‌ر له‌هه‌مان ساڵدا ڤۆلتێر تووشی شه‌ڕێک ده‌بێت له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ئه‌کادیمای به‌رلین کە ناوی "موبورتوی" یە، زانای ماتماتیک و بیرمه‌ندێکی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسیی بوو. ڤۆلتێر وتارێکی له دژ ده‌نووسێت. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی توڕه‌بوونی مه‌لیک فریدریکی گه‌وره‌و فه‌رمانی سووتاندنی کتێبه‌کانی و له زیندانیکردنی بۆ ده‌رده‌کات.
گه‌ڕانه‌وه بۆ پاریس و جنێف
پاش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ فریدریکی گه‌وره تێکده‌چێت و فه‌رمانی گرتنی بۆ ده‌رده‌کرێت، ڤۆلتێر به‌ره‌و پاریس ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام له‌و کاته‌دا لویسی پانزه، بڕیاری گرتنی بۆ ده‌رکردووه، له‌به‌رئه‌وه یه‌کسه‌ر پاریس جێده‌هێڵێت و ده‌چێت بۆ جنێف. له‌وێنده‌ر له‌سه‌ر ده‌ریای جنێف، کۆشکێک ده‌کڕێت. سه‌ره‌تا پێشوازیی لێده‌که‌ن، به‌ڵام پاشان لەوێش له‌به‌ر بۆچوونه‌کانی و مه‌زهه‌بی ئاینیی، له جنێفیش ده‌ریده‌که‌ن. دوایی بەناچاریی له‌وێوه ده‌چێتە ناوچه‌ی فێرنی له‌سه‌ر سنووری فه‌ره‌نسا و سویسرا.
دوا ساته‌کانی ژیانی
له ناوچه‌ی فێرنی کۆشکێکی گه‌وره‌و باخێکی گەورە ده‌کڕێت، زیاتر له 4 هه‌زار ڕووه‌کی تێدا ده‌ڕوێنێت و کۆمه‌ڵێک ئاواره‌ش له‌لای خۆی وه‌کو کارمه‌ند داده‌مه‌زرێنێت و ماڵیشیان بۆ دروست ده‌کات. له‌م کۆشکه‌دا ڤۆلتێر به‌شی زۆری کاره مه‌زنه‌کانی ده‌نووسێت ، وه‌کو رۆمانی " کاندید" شانۆگه‌ری " ئیرنه" و چه‌ند کارێکی فه‌لسه‌فه‌ی تر.
ڤۆلتێر ئه‌و بیست ساڵه‌ی کۆتایی ژیانی لێره به‌سه‌ر ده‌بات، هه‌تاوه‌کو له فێبراوهریی ساڵی 1778 پاش بیست ساڵ له دووره وڵاتی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پاریس. کاتێک ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پاریس ، ده‌سه‌ڵاتی مه‌له‌کی ده‌ڵێن : " به‌خێرهاتنه‌وه‌ی ناکه‌ین بۆ پاریس، به‌ڵام دژی هاتنه‌وه‌شی نین". هەمووکاتێک ڤۆلتێر لای کۆشکی دەسەڵاتی فەرەنسا کەسێکی بەدناو بوو، لویسی شانزە دەیویت" هەموو ئەو ڤۆلتێرە رەزا تاڵەیە، منداڵی فەرەنسای فێری قسەی زل و جنێودان بە ئێمە کرد."
ڤۆلتێر تەنها دژی دەسەڵاتی سیاسی نەبوو، بگرە زۆر دژی دەسەڵاتی کڵێساش بوو، تەنانەت له 30 ئازاردا کاتێک له‌سه‌ر قه‌ڕه‌وێله‌ی مه‌رگ ده‌بێت و ته‌مه‌نی ده‌گاته هه‌شتاو سێ ساڵی، قه‌شه‌کان دێن بۆ لایی و داوای لێده‌که‌ن که شایه‌تمان بهێنێت، ئه‌ویش ده‌ڵێت: وازم، لێبێنن دوژمنی نوێم بۆ دروست مه‌که‌ن، خودا که‌ریمه"
ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی توڕه‌بوونی کڵێسا و له‌به‌رئه‌وه ئاماده‌نابن له گۆڕستانی مه‌سیحی و دفنی بکه‌ن، به‌ڵام هاوڕێکانی ڤۆلتێر ده‌یبه‌ن بۆ ده‌ره‌وه‌ی پاریس له سیلیرییه Scellièresله کلێسایه‌ک دهینێرژن.
به‌ڵام ساڵی 1791 پاش سیانزه‌ساڵ له مردنی، له‌کاتێکدا که شۆڕشی فه‌ره‌نسی له سه‌ره‌تای گڕوتینیدایه، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی بڕیار ده‌دات، که ته‌رمی ڤۆلتێر بهێنرێته‌وه بۆ پاریس له گۆڕستانی بانسیون له‌په‌نا جان جاک رۆسۆ و کۆمه‌ڵێک بیرمه‌ندی تری فه‌ره‌نسیدا بنێژرێت. جێگای گووتنه له‌کاتی هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی ڤۆلتێر بۆ پاریس، نزیکه‌ی 600 هه‌زار فه‌ره‌نسی ئاماده‌ی ناشتنی بوون.
ڤۆلتێر له‌ته‌مه‌نیدا نه ژنی هێنا و نه‌منداڵی بوو، به‌ڵام کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌می مه‌زنی له‌پاش خۆی به‌جێهێشت ، که‌هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش مرۆڤایه‌تی قه‌رزار بارییهتی.
هەتاوەکو ئەمڕۆش کتێب و وتار و لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەم فەیلەسووفە مەزنەی فەرەنساوە دەنووسرێت، یەکێک لە خاڵە سەرەکیی و نهێنییەکانیشی، ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی بووە بە کۆشکی شاهانەوە هەیبووە، چونکە هیچ کاتێك نەیتوانییوە پەیوەندییەکی باشی هەبێت لەگەڵیان. گەرچی ڤۆلتێر خۆی شۆڕشی فەرەنسی نەبینی، بەڵام شۆڕشگێرەکان ئەویان بە مامۆستای خۆیان دادەنا و رێزیان دەگرت، بەپێچەوانەی شۆڕشگێرەکانی رووسیاوە، کە دژی مامۆستاکەیان وەستانەوەو تۆمەتی خیانەتکاریشیان خستە پاڵ، کە ئەویش گۆرگی بلیخانۆف بوو.
بیلخانۆف
خوێندکاران لە مامۆستاکەیان هەڵدەگەرێنەوە
ئەوەی ئەدەبیاتی کلاسیکی کۆمۆنیستی خوێندبێتەوە، ناچار بووە کتێبەکانی بیرمەند و فەیەلسووفی ناسراوی روسیا " گۆرگی بلیخانۆف" بخوێنێتەوە. ئەو بە وتەی ڤلادیمیر لینینی رابەری شۆڕشی روسیا" هەتاوەکو کتێبەکانی بلیخانۆف نەخوێنیتەوە، لە کۆمۆنیزم ناگەیت" ئێمەش کاتی خۆی بە پێڕەوکردنی ئەو وتە بەنرخەی لینین، دەستمانکرد بە خوێندنەوەی کتێبەکانی بلیخانۆف.
لە راستیشدا کتێبەکانی هەموویان جوان و گرنگ و پڕ مەعریفە بوون بەتایبەتی کتێبەکانی " رۆڵی تاک لە مێژوودا،پاڵنەری ئابووری لە مێژوودا، تێگەیشتنی ماتریالیزم بۆ مێژوو" ئەم کتێبانەش بە راستی زۆر کاریتێکردم.
زۆرجار وتراوە، هەندێک جار خوێندکار لە مامۆستاکەی زیرەکتر دەبێت، بەڵام ئەم مامۆستای کۆمۆنیزمە، خوێندکارەکانی نەک خۆیان لەو بەزیرەکتر دادەنێن، بگرە دواجار تۆمەتی خیانتیشی دەخەنە پاڵ، بەتایبەتی کاتێک خوێندکارەکانی شۆڕشێکی گەورە لە دژی قەیسەر دەکەن و دەسەڵات دەگرنە دەست، چونکە بلیخانۆف پێی وابوو،هێشتا هەلومەرجی ماتریاڵی لە روسیادا ئامادەنەبووە بۆئەوەی سیستەمی کۆمۆنیستی تێدا جێبەجێبکرێت، گەرچی خوێندکارەکانی گوێیان بۆ قسەکانی نەگرت و شۆڕ‌شیان لە دژی قەیسەر کرد و خۆشیان بوونە حاکمی وڵات.
کوڕە ئەرستۆکراتییەکە
گۆرگی بلیخانۆف Georgi Walentinowitsch Plechanow لە 29 نۆڤێمەری 1856 لەدایک بووەو لە 30 ئایاری 1918 دا کۆچی دواییکردووە. ئەو لە بنەماڵەیەکی ئەرستۆکراتی لەدایک بووە، باوکی بلیخانۆف کەسێکی دەرەبەگ بوو خاوەنی 270 دۆنم زەویی بووە. دایکیشی لە بنەماڵەیەکی ئەرستۆکراتیی و ئەدەبەیش بووە، خزمی نزیکی ئەدیب و رەخنەگری ناسراوی روسیا " بیلنسکی " بووە.
بلیخانۆف لە سەرەتای لاوی‌دا کۆلیژی سەربازی دەخوێنێت، بەڵام هەر لە زانکۆ ئاشنایەتی باش بەفکری مارکس و ئەنجلس پەیدا دەکات و دەچێتە ناو گرووپە شۆڕشگێڕەکانی روسیاوە. لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 1876 دا، رۆڵی بەرچاوی دەبێت و لە دژی قەیسەر بە نووسین و هوتافدان لەناو خۆپیشاندانەکاندا دەردەکەوێت، هەربۆیە رووبەروی گرتن و زیندان دەبێتەوە لە ساڵی 1877 و 1878 دا، دوو جار دەستگیر دەکرێت.
لە نێوان ساڵانی 1879 تا 1882 خەریکی لێکۆڵینەوەو خوێندنەوەی تەواوی فکری مارکس و ئەنجلس دەبێت و بەتایبەتی فکری ئابووریی و ماتریاڵیان، ساڵی 1883 پەیوەندی لەگەڵ فریدریک ئەنجلس دا پەیدا دەکات و دەیبینێت. ئەمەش لە رووی فکرییەوە سوودی زۆری پێدەگەیەنێت.
دامەزراندنی یەکەمین گرووپی مارکسی
بەهۆی هەلومەرجی نالەباری روسیاوە، بلیخانۆف ناچار دەبێت وڵات جێبهێڵێت، لە دەرەوەی وڵاتیش لەگەڵ کۆمەڵێک چەپی تر لە ساڵی 1882 لە سویسرا یەکەمین گرووپی مارکسی بە ناوی "کۆمەڵەی رزگارکردنی کرێکار" دروست دەکەن و ساڵی 1883 بەرنامەی سیاسی بۆ ئەم کۆمەڵەیە دادەنێت. لەوکاتەدا تەواوی چەپەکانی رووسیا بەتایبەتی لاوەکان زۆر هۆگری ئەم گرووپە دەبن لەسەر هەمووشیانەوە " ڤلادیمیر لینین" رابەری شۆڕشی روسیا.
كێشە لەگەڵ خوێندکارەکانی
وەکو پێشتریش ئاماژەم پێ‌کرد، بلیخانۆف یەکەمین مامۆستای مارکسیزم بوو بۆ شۆڕشگێڕە گەنجەکانی روسیا کە پاشتر شۆڕ‌شیان لە ساڵی 1917 دا دروستکرد. بە قەولی قەیسەر بێت ( هەموو ئەو سەر ڕووتە بوو ئەم هەموو منداڵ وتواڵەی لە دژی هاندام ) بەڵام دواجار ئەم منداڵ و تواڵە خۆیان لەو بە شۆڕگێر تر دەزانن و تۆمەتی خیانەتیشی دەخنە پاڵ. بلیخانۆف هەر لە کۆنگرەی لەندەنی پارتی سۆسیال دیموکراتی روسیاوە کاتێک " بۆلشەفی و مەنشەفی " پەیدا بوو، لایەنگری مەنشەفیت بوو، ئەو پێی وابوو پێویستە لە رێگەی ئاشتی و دانووستان و خۆپێشاندانی هێمانە و ریفۆرمەوە، کێشەکانی روسیا چارەسەر بکرێت، بەڵام لینین دژی ئەم بۆچوونە بوو، باوەڕی بە تیرۆر و شۆڕشی سەرتاسەری هەبوو.
کاتێکیش شۆڕش لە ساڵی 1917 دا روویدا ، بلیخانۆف دژی دامەزراندنی سیستەمێکی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی بوو، چونکە پێی وابوو هێشتا هەلومەرجی ماددیی و ئابووری و سیاسیش، لە روسیادا لەبار نییە بۆ ئەو فکرەیە، بەڵام خوێنکارەکانی لەسەرو هەموویانەوە لینین و ترۆتسکی دژی وەستانەوە. ترۆتسکی قسەیەکی بەناوبانگی هەیە دەڵێت: گەر ئامانجی پارتێکی سیاسی دەسەڵات گرتنە دەست نەبێت، ئەوا ئەوە پارتی سیاسی نییە.
بەهەرحاڵ بلیخانۆف کە خۆی مامۆستای هەموو شۆڕشگێرەکان بوو، کاتێک گەیشتنە دەسەڵات، مامۆستاکەیان بە نەزان و زۆرجاریش بە خائین دادەنا. باشبوو زوو مرد و نەگەیشتە قۆناغی ستالین، دەنا ستالین یان دەینارد بۆ سیبریان یان بە تەوەر دەیکوشت.
گەرچی لە ئەڵمانیاش هەمان حکایەت دووبارە بوویەوە، کاتێک مارتین هایدگەر دژی هۆسرڵی مامۆستای وەستایەوە، بەڵام نەک لەبەر جیاوازی فکری، بەڵکە لەبەر جیاوازی ئێتنیی وئایینی، داواشیکرد تەواوی هەڵگرانی ئاینی مامۆستاکەی" جوولەکە" بسووتێنرێن.
مارتین هایدگەر و نازیەت
ئەڵمانیا لە سەدەی حەڤدەوە بووە لانکەی زۆرێک لە فەیلەسووف و بیرمەند، بەشێوەیەک وەکو دەڵێن بەڕەی لە ژێر پێی یۆنانی و فەرەنسی سەندەوەو خۆی بووە لانکەی فەلەسەفەی ئەوروپا و کۆمەڵێک فەیلەسووفی گەورەی لێ پەیدابوو لەوانە: کانت، هیگل، مارکس، شۆپنهاوەر و نیتچە،،، " کۆمەڵێکی تر.
لەپاش مردنی نیتچە وەکو دەڵێن کەسێک نەبوو رابەرێتی فەلسەفەی ئەڵمانیا بکات، هەرچەندە لێرەو لەوێ فەیلەسووف هەبوون، بەڵام کەسیان نەیانتوانی جێگەی نیتچە بگرنەوە، لە پاش مردنی نیتچە کە لە ساڵی 1900 مرد، پاش بە چارەکە سەدەیەک، هایدگەر جێگەی دەگرێتەوە ئەوەش بە تایبەتی لەپاش دەرچوونی کتێبە بەناوبانگەکەی " بوون و کات" کە لە ساڵی 1927 نووسی.
هایدگەر یەکێکە لە فەیلەسووفە ناودارەکانی ئەڵمانیا لە سەدەی بیستدا، ئەو کاریگەری گەورەی بەسەر تەواوی فەلسەفەی ئەڵمانیا و جیهان هەبووە لە سەدەی بیستەمدا، بەشێوەیەک زۆرکەس سەدەی بیستەم بە سەدەی هایدگەر ناودەبەن، چونکە کاریگەری بەسەر فەیلەسووفەکانی ترەوە هەبووە لەوانە: فەیلەسووفانی قووتابخانەی فرانکفۆرت، بوونگەراکان، مۆدێرنەکان و پۆست مۆدێرنەکان" لەوانە سارتەر، کامۆ ، شتراوس،،،"
هەرچەندە ئەم فەیلەسووفەش، خاڵێکی ناشیرین یان دزێو لە ژیاندیدا هەیە، ئەوەش پەیوندی بە رژێمی نازیەتەوە. لێرەدا هەوڵ دەدەم حکایەتی ئەم فەیلەسووفە باسبکەم.
هایدگەر و جوولەکە و نازییەت
مارتین هایدگەر لە ساڵی 1889 لەدایک بووەو لە ساڵی 1976 کۆچی دواییکردووە. ئەم فەیلەسووفە خاوەنی حکایەتێکی ئێجگار سەیرە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە جوولەکە و دەسەڵاتەوە هەیە، کە ئەوکاتە نازییەت حوکمی ئەڵمانیای کردووە.
هایدگەر لەکاتێکدا یەکەمین مامۆستای فەلسەفی، ئێدمۆند هوسرڵ بوو کە جوولەکە بوو. هوسرڵ یەکێکە لە فەیلەسووفە ناودارەکانی ئەڵمانیا و لە ساڵی 1859 لە چیک لەدایک بووەو ساڵی 1939 لە ئەڵمانیا کۆچی دواییکردووە. ئەو بە مامۆستا و دامەزرێنەی فەلسەفەی " ڤینۆمۆلۆژیا" دادەنرێت، کە پاشتر هایدگەر پەرەی پێدا.
خاڵێکی گرنگی تر هەر پەیوەست بە جوولەکەوە، پەیوەندی خۆشەویستییەتی لەگەڵ ژنە بیرمەندی جوولەکە هانا ئارنێت. ئەم کچە شۆخ و شەنگە تەمەن 18 ساڵییە، یەکێک بووە لە عاشقەکانی هایدگەر کە ئەوکاتە ساڵی 1926 مامۆستای فەلسەفە بووە لە زانکۆی ماربوورگ. پەیوەندی خۆشەویستی ئەم دوو بیرمەندەش، هەتاوەکو ئێستا مایەی نیقاش و لێکۆڵینەوەیە.
بەهەرحاڵ هایدگەر لەکاتێکدا لە لووتکەی تێڕامان و فەلسەفەدا بووە، کەچی پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ نازییەکان هەبووە. بە پێی دوایین لێکۆڵینەوە بێت، هایدگەر لە ساڵی 1933 ەوە ئەندامی پارتی نازیی بووە و هەتاوەکو ساڵی 1945، واتە هەتا کۆتایی رژێمی نازی، هایدگەر لەگەڵ دەسەڵاتدا بووە. لەکاتێدا هایدگەر خۆی بە " بوون" ی مرۆڤەوە خەریک کرد بوو، کەچی رۆژانە بە دیار چاوییەوە، تەواوی گەلانی ئەوروپا بوونیان بەدەست رژێمی نازییەتەوە لە مەترسیدا بوو ، کەچی ئەم برادەرە مێش میوانی نەبووە. لەوانەبێت ئەو تەنها ئەڵمانی بە مرۆڤ دانابێت، بۆیە تەنها بیری لە " بوون و کات" ی ئەوان کردۆتەوە.
لە هەمووی سەیرتر هایدگەر هەموو یاساکانی نازیەتی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە جێبەجێکردووە، لە دەرکردنی مامۆستا جوولەکەکان، سووتاندنی کتێبی جوولەکە و نەیارانی ژێمی نازی، کوشتن و راونانی زانا و بیرمەند و نووسەری جوولەکە و نەیاری نازی. لە هەمووشی دزێوتر سیاسەتی چەتەگەری و شەڕەنگێزی هیتلەر بەلای ئەوەوە شتێکی ئاسایی بووەو نەبۆتە مایەی رەخنە لێگرتن ، بگرە بە پێچەوانەوە پشتگیریشی لێکردووە، ئەویش وەکو هەموو نازییەک باوەڕی بە سیاسەتەکانی هیتلەر هەبووە.
هەتاوەکو ئێستاش پەیوەندی هایدگەر بە رژێمی نازیەتەوە، مایەی نیقاش و تێڕامانە، هەندێک لەو باوڕەدان هەر بە ڕاستی هایدگەر باوەڕی بە سیاسەت و هزری راسیزمانەی نازییەکان بووە، هەندێکی تریش ئەم هەڵوێستەی بە دەبەنگیی دادەنێن ، هەندێکیش بە ترسنۆکی دادەنێن، چونکە ئەوکاتە نازییەکان زۆ دڕندانە سزای نەیار و دوژمنەکانیان دەدا، بەتایبەتی خەڵکە نووسەر و بیرمەندەکان.
بەهەرحاڵ حکایەتی هایدگەر و نازییەکان، یەکێکە لە حکایەت ناخۆشەکانی فەیلەسووفان و دەسەڵات، لەهەمانکاتیشدا بە خاڵێکی ناشیرین لە ژیانی هایدگەر دادەنرێت.
دوا قسە
بەدڵنیایەوە فەیلەسووفەکانیش پێش هەموو شتێک مرۆڤن، مرۆڤیش هیچ کاتێک کامڵ نییە، لەبەرئەوە زۆر ئاساییە کە هەڵە بکەن، بەتایبەتی لەبارەی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆشكی دەسەڵاتدا.
لە ئەڵقەی داهاتوودا باسی شاعیران و کۆشكی دەسەڵات دەکەم، ئەمانیش کۆمەڵێک حکایەتی سەیرو سەمەرەیان هەیە، هەتا ئەو کاتە خۆتان بگرن و دێمە لاتان.
سەرچاوەکان:
1/ د. کەمال پولادی. مێژووی هزری سیاسی لە رۆژئاوا. وەرگێرانی.ئازاد وەلەدبەگی ، سیروان جەبار زندی. دەزگای چاپ وبڵاوکردنەوەی موکریانی. بەرگی یەکەم ، چاپی یەکەم . هەولێر. 2005 .
2/ وێل دیورانت . سەربردەی فەلسەفە. بەرگی یەکەم. وەرگێرانی " تاریق کارێزی. دەزگای چاپ و بلاوکردنەوەی موکریانی. چاپی یەکەم . 2007. لاپەرە8.
3/ ئەفلاتون. پۆزش . وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە. ئاوات ئەحمەد. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم . چاپی یەکەم . 2002 . لاپەرە.52
4/ زینە الربیعی. فولتیر. جریدە المدی. الجمعە. 2011.03.18
5/ محمد زكریا توفیق. فولتیر رائد من رواد فلسفە التنویر فی القرن الپامن عشر. سایتی حوار المتمدن .
6/ رامین جەهانبەگلو . دەسەڵات و ئازادیی . وەرگێڕانی : عەتا جەماڵی . دەزگای موکریان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە . چاپی یەکەم . 2009. لاپەڕە١١١
7/ لەبارەی هایدگەرەوە ، کۆمەڵە گۆتار. لەئەڵمانیەوە : کاوە جەلال. بڵاوکراوەکانی کۆنسێپت بەهاوبەشی لەگەڵ ڕێبازی نوێ. ساڵی ٢٠١٢
www.zeit.de/1995/34/Eine_unmoegliche_Liebe. 8/
www.deutschlandfunkkultur.de/philosophiegeschichte-gespiegelt-in-einer-beziehung. 9 /
Martin Heidegger und der Nationalsozialismus.www.dw.de . 10/
/www.marxists.org/deutsch/archiv/plechanow/ .11
Bernd Ulrich. Georgi Plechanow. Vom Lehrer Lenins zum Verräter/ www.deutschlandfunk.de.12/