لەبەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی نەوتەوە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێز
  2026-11-27     
عەلی زەیدی و مەسرور بارزانی

ئا: ئاوێنە

 

گرژییەکانی نێوان بەغداو هەولێر گەشتوەتە ئاستێک کە پێدەچێت دەرگا بەڕووی مشتومڕ لەسەر سەرلەنوێ تەلارسازی سیاسی‌و ئیداری‌و ئەمنی عێراق بکاتەوە کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ بنەماکانی داڕێژرا بوون، چیتر مەسەلەکە تەنها لەبودجەو داهاتی نەوت و ئیدارەی دەروازە سنورییەکان سنوردار نابێت. کرۆکی مشتومڕەکە ئایندەی قەوارەی فیدراڵی عێراق‌و دابەشکردنی دەسەڵاتی دەستووری نێوان بەغداو هەولێرەو پرسیارەکە ئەوەیە: تا چەند کورد دەتوانێت ئەو دەستکەوتە سیاسی‌و ئیداری‌و ئابوورییانەی کە لەدوای ٢٠٠٣ بەدەستیهێناوە بپارێزرێت؟ چۆن دەتوانێت رێگە بگرێت لەبەهێزبوونی دەوڵەتی ناوەندی‌و چۆنیەتی ئیدارەدانی دەوڵەت لەبەرژەوەندی ناوەندگەرایی؟

 

بڕیارەکانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بەبەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان‌و دەروازە سنوورییەکان لەهەرێمی کوردستان لەڕێکارەکانی حکومەت تێپەڕیوە کە ئامانجیان بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی نەوت‌و زیادکردنی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان بێت. ئەم بڕیارانە گوزارشت لەپێشهاتێکی سیاسی‌و ئەمنی دەکەن کە مەترسی ئەوەی لەگەڵ خۆیدا هەلگرتووە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو هەولێر بەگەڕێتەوە بۆ خاڵی ململانێیەکی توند، هاوکات لاپەرەیەکی نوێ لەناکۆکییە درێژخایەنەکان لەسەر هەیکەلی سیستەمی فیدراڵی‌و دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان حکومەتی ناوەندو هەرێمی کوردستان بکاتەوە.

هەولێر پێی وایە ئەم هەنگاوانە لە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی‌و ڕێکخستنی سەرچاوەکان تێدەپەڕن، ئامانجیان دووبارە پێناسەکردنەوەی کایەی کارگێڕی‌و ئابووریی حکومەتی هەرێمە، بەدەر لەڕێککەوتنە سیاسی و دەستوورییەکان کە لەساڵانی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان داڕشتووە.

 

بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی نەوت بیانوویەک بۆ بەهێزکردنەوەی حکومەتی ناوەندی

ئەو بڕیارانەی زەیدی دوای لێکۆڵینەوەکانی حکومەت هات لەتۆڕێکی قاچاخچێتی نەوت لەناوچەی جورف ئەلسەحەر. لیواکانی حزبوڵڵای عێراق (کەتائیب حزبوڵڵا) تۆمەتبار کران بەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی قاچاخی نەوتی بەرفراوان بەهاوکاری لەگەڵ دامودەزگاکانی دەوڵەت‌و بەشێک لەبەرپرسانی ناو کۆمپانیای نەوتی باکوور. دەسەڵاتدارانی عێراق ڕایانگەیاندووە، تۆڕەکە داهاتێکی بەرچاوی لەبازرگانیکردنی ئەو نەوتە دزراوە دەستکەوتووە.

ڕێوشوێنەکانی حکومەت تەنها بەشوێنپێهەڵگرتنی ئەو کەسانەدا سنوردار نەبوون کە گومانیان لێدەکرێت تێوەگلابن لەچالاکی قاچاخچێتی. بەرپرسانی ئەمنی‌و حکومی، لەوانە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای کەرکوک‌و سەرۆکی پۆلیس‌و بەرپرسی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لەکارەکانیان دوورخرانەوە. هەروەها بەڕێوەبەری گشتی‌و جێگرەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لەپۆستەکانیان دوورخرانەوەو فایلەکانی تایبەت بەسەرپێچییەکان ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری‌و چاودێری کران.

بەڵام فراوانکردنی ڕێوشوێنەکان بۆ ئەوەی کێڵگە نەوتییەکان‌و دەروازە سنوورییەکان لەهەرێمی کوردستان بگرێتەوە، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لەسیاسەتی حکومەتدا. لەدەرەوەی بەئامانجکردنی تۆڕێکی دیاریکراوی قاچاخچێتی، حکومەتی بەغدا هەوڵدەدات کۆنترۆڵی فراوانتر بەسەر کەرتی وزەو بازرگانی سنوورەکانیدا بسەپێنێت.

ئەم هەنگاوە ئیرادەی حکومەتی عێراقیش تاقیدەکاتەوە بەرامبەر بەناوەندەکانی دەسەڵات کە بەدرێژایی ساڵان توانیویانە تۆڕی ئابوری‌و سیاسی‌و ئەمنی دروستبکەن، کە تا ڕادەیەکی زۆر لەدەرەوەی کۆنترۆڵی دامەزراوە فیدراڵیەکانن. زەیدی تەنها لەگەڵ یەک لایەن شەڕ ناکات. سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕووبەڕووی تۆڕێکی ئاڵۆزی بەرژەوەندییەکان دەبێتەوە، لەگروپە چەکدارە کاریگەرەکانی سیاسییەوە تا دەگاتە سەرکردە کوردەکان کە پێداگری لەسەر پاراستنی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، هەروەها تا دەگاتە دامەزراوەو بازرگانانی پەیوەست بەنەوت‌و چالاکییەکانی قاچاخچێتی.

لەم چوارچێوەیەدا دەکرێ بڕیارەکان وەک هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی حکومەتی ناوەندی لەبەڕێوەبردنی سەرچاوە ستراتیژییەکان سەیر بکرێت. حکومەتی بەغدا پەیامەکە وا دەنێرێت کە نەک هەر بەدواداچوون بۆ چالاکییەکانی قاچاخچێتی دەکات بەڵکو مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە دامەزراوەیی‌و ئەمنییەش دەکات کە ڕێگە بەو چالاکییانە دەدات بەردەوام بن.

بەڵام فراوانکردنی مەودای ڕێوشوێنەکانی حکومەت، دۆخێکی ئاڵۆزتر دەخاتە بەردەم بەغدا. بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخ بەو مانایە نییە کە هەموو پرسە پەیوەندیدارەکان بەتایبەت کاتێک باس لەدەسەڵاتەکانی هەرێمێک دەکرێت کە پێگەی دەستووری تایبەتی هەیە، بە بڕیاری ئیداری تاکلایەنە چارەسەر بکرێن.

 

نەوت و دەروازە سنوورییەکان: ئەو پرسانەی کێشەی سەرەکی بەغداو هەولێرن

پرسی نەوت یەکێکە لەلایەنە ئاڵۆزەکانی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی‌و حکومەتی هەرێمی کوردستان. ساڵانێکە هەردوولا ناکۆکن لەسەر ئەوەی کێ دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکانی هەیەو گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بکات‌و نەوتی بەرهەم هێنراو بخاتە بازاڕەوەو داهاتەکەی دابەش بکات.

بەغدا باس لەوە دەکات کە نەوت سەروەت‌و سامانێکی نیشتمانییە کە کەوتۆتە ژێر ئیدارەی دامەزراوەکانیەوەو کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) تاکە دامەزراوەیە کە دەسەڵاتی فرۆستنی نەوتی خاوی عێراق هەیە.

لەلایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پشت بەدەسەڵاتە دەستوورییەکان دەبەستێت کە پێیوایە ڕێگەی پێدەدات ڕۆڵ ببینێت لەبەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ناو خاکەکەیدا، هەروەها لەسەر ئەو گرێبەستانەی کە لەساڵی 2003ەوە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت واژۆیان کردووە.

ناکۆکییەکە لەدوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠١٧ گەیشتە لوتکەو هێزەکانی حکومەتی بەغدا، کەرکووکو ناوچەکانی دیکەیان کۆنترۆڵکردەوە کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی کورددا بوون. ئەم پێشهاتە نەک هەر گۆڕانکارییەکی ئەمنیی لێکەوتەوە بەڵکو هاوسەنگی کۆنترۆڵکردنی بەسەر یەکێک لەگرنگترین ناوچە نەوتییەکانی عێراقدا داڕشتەوە.

ساڵی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا، یاسای نەوت‌و گازی سروشتی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە، بەمەش حکومەتی هەرێمی پابەند کرد بەڕادەستکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بەحکومەتی بەغدا. هەولێر ئەم بڕیارەی ڕەتکردەوە، گرێبەستە نەوتییەکان‌و میکانیزمەکانی هەناردەکردن بەردەوام بوون لەبابەتی ناکۆکی یاسایی‌و سیاسی.

ناکۆکی لەسەر هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە هۆی ئەوەی کە زیاتر لە دوو ساڵ ڕۆیشتنی نەوتی خاو لەڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا ڕابگیرێت.

لەئەیلولی ٢٠٢٥ ڕێککەوتنێکی کاتی کرا، کە تێیدا مەرجی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لەسەر بنەمای ڕادەستکردنی نەوت بەکۆمپانیای سۆمۆو یەکلاکردنەوەی قەرزەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان دیاریکرابوو.

هەموو ئەم پێشهاتانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە بڕیارەکانی زەیدی بەئامانجی ئەو پرسانە دراون کە دەسەڵاتی هەناردەکردنی نەوت تەنها بۆ وەزارەتی نەوتی عێراقەو بەغدا کۆنترۆڵی خۆی بەسەر یەکێک لەگرنگترین سەرچاوەکانی دەسەڵاتی ئابووری حکومەتی هەرێمدا بسەپێنێت.

هەروەها گواستنەوەی دەروازە سنوورییەکان دەتوانێت گورزێک لەسەرچاوەیەکی دیکەی داهات‌و کاریگەریی ئیداری بۆ حکومەتی هەرێم بدات.

بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی دەروازە سنوورییەکان بۆ بازرگانی‌و هاوردەکردن‌و پەیوەندییە ئابوورییەکان، ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سنوورەکانی لەگەڵ تورکیاو ئێران‌و سوریادا هاوبەشە، ئەم هەنگاوە هەستیارتر دەکات.

دەروازە سنوورییەکان تەنیا خاڵی ترانزێت نین بەڵکو سەرچاوەیەکی بەرچاوی داهات‌و ئامڕازێکی کاریگەرین کە لەبەڕێوەبردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بەکاردەهێنرێت (هەم لەلایەن پارتی‌و هەم لەلایەن یەکێتیشەوە).

بۆیە گواستنەوەی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەسەڵاتی دەروازە سنوورییەکانی عێراق.  دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لەپەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان بەغداو هەولێر. ئەم هەنگاوە دەتوانێت دەسەڵاتی بەرفراوانتر بداتە حکومەتی ناوەندی بۆ سەرپەرشتیکردنی داهاتی گومرگی‌و جوڵەی کاڵاو بازرگانی کە لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەچێت.

 

کێڵگەی نەوتی خورمەڵەو ناوچە جێناکۆکەکان

ئەو مەترسیانەی کە لەم بڕیارانەدا هەیە، لەڕێکخستنی هەناردەکردنی نەوت زیاترە بۆ کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانی ناوچە جێناکۆکەکان، کە یەکێکە لەبابەتە هەستیارەکانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو هەولێر.

ڕێنماییەکانی حکومەت ئەو کێڵگە نەوتییانە دەگرێتەوە کە لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراقدان، دەکەونە سنووری ئیداریی پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک، سەڵاحەدین، نەینەوا.

لەم خاڵەدا کێڵگەی نەوتی خورمەلە، کە یەکێکە لەکێڵگە نەوتییە گرنگەکانی کایەی نفوزی ئیدارەی کوردی، بەڕێوەبردنی دەگوازرێتەوە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق.

کێڵگەی نەوتی خورمەلە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی ئابووری‌و ستراتیژی هەیە. بۆیە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی بەڕێوەبردنی مەیدانەکە لەوە تێدەپەڕێت کە بابەتێکی تەکنیکی‌و کارگێڕی بێت‌و دەتوانێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هاوسەنگی هێز لەنێوان هەردوولادا هەبێت.

کێشە بنەڕەتییەکە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە کۆنترۆڵی دیفاکتۆی هەرێمێک هەمیشە هاوکات نییە لەگەڵ دەسەڵاتی ئیداری یان خاوەندارێتی یاسایی سەرچاوەکان. بەغدا ڕێبازەکەی لەسەر بنەمای ئەوە دادەنێت کە کێڵگە نەوتییەکان لەژێر کۆنترۆڵی دامودەزگا نەوتییەکانی عێراق‌و سەر بەسنووری ئیداری ئەو پارێزگایانەن کە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی بەغداوە، هاوکات هەولێر پشت بەکۆنترۆڵی دیفاکتۆی ئەمنی لەسەر زەوی‌و پێگەی تایبەتی ئەو ناوچانە دەبەستێت کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی هەرێمەوە بەڕێوەدەبرێن.

ئەم تێکەڵبوونەی دەسەڵات‌و کۆنتڕۆڵ پرسیارێکی چارەنووسساز لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەوروژێنێت: ئایا حکومەتی عێراق خۆی سنووردار دەکات بەڕێکخستنەوەی بەڕێوەبردنی تەکنیکی‌و دارایی کێڵگە نەوتییەکان، یان هێزێکی ئەمنی ڕاستەوخۆ لەهەرێمدا جێگیر دەکات بۆ دڵنیابوون لەجێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی؟

دوابەدوای بڕیارەکەی بەغدا بۆ زیادکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لەکێڵگە نەوتییەکان، جارێکی دیکە پاڵاوگەکانی نەوت‌و دامەزراوەکانی وزە لەعێراق بوونەتە بابەتی گفتوگۆ. ئەم کارانەی حکومەتی بەغدا مەترسی نوێبوونەوەی گرژی لەگەڵ هەولێر لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی سامانی نەوت بەرز دەکاتەوە.

جێگیرکردنی پۆلیسی وزە بۆ پاراستن‌و چاودێریکردنی کێڵگە نەوتییەکان بەکامێراو داخستنی دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان لەلایەن پاسەوانانی سنوورەوە، هەروەها داخستنی دەروازە لاوەکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان‌، ئەوە دەردەخات کە حکومەتی بەغدا ئامانجی بەهێزکردنی بوونی خۆی لەسەر زەوییە بەمەبەستی بەڕێوەبردنیان.

ئەگەر ئەم ڕێوشوێنانە بەرەنگاریی ئیدارەی هەرێم ببنەوە، ئەوا ناکۆکییەکە لەمشتومڕ لەسەر دەسەڵاتە دەستوورییەکانەوە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە لەسەر زەوی لەسەر بەڕێوەبردنی دامەزراوە نەوتییەکان‌و شوێنە ستراتیژییەکان پەرە دەستێنێت.

 

 پارتی‌و یەکێتی ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەی یەکڕیزی دەبنەوە

کاردانەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەبڕیارەکانی بەغدا خێراو توند بوو. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیارەکانی بە"قبوڵنەکراو" وەسف کرد. بارزانی دووپاتیشی کردەوە کە ئەوان هیچ داواکارییەک قبوڵ ناکەن کە لە چوارچێوەی دەستووری تێپەڕێنێت یان پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی حکومەتی هەرێم بێت.

لێدوانەکانی بارزانی، نیگەرانییەکانی لایەنی کوردی دەردەخەن کە هەڵمەتی دژ بەگەندەڵی‌و قاچاخچێتی دەتوانێ ڕێگە خۆش بکات بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵاتە ئابوری‌و ئەمنییەکان بەشێوەیەک کە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەڕێوەبردنی کاروباری خۆیدا سنووردار بکات.

دیارترین پەرەسەندنی هەڵوێستی کورد، بەیاننامە هاوبەشەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو. ئەو دوو لایەنە کردەوە تاکلایەنەکانی بەغدایان سەبارەت بەدەروازە سنوورییەکان‌و کێڵگە نەوتییەکان ڕەتکردەوەو ڕایانگەیاند کە دەستوور دەبێت بنەمای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان بێت.

بە لەبەرچاوگرتنی ناکۆکییە سیاسییە بەردەوامەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە، کە لەم دواییانەدا لە پرسەکانی وەک کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان‌و بەشداری نەکردنی یەکێتی لەدانیشتنەکانی پەرلەماندا دەرکەوتن، ئەم بەیاننامە هاوبەشە گرنگییەکی تایبەتی هەبوو.

پارتی‌و یەکێتی کە ناکۆکی جۆراوجۆریان هەیە سەبارەت بەچۆنیەتی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان‌و دابەشکردنی دەسەڵات‌و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا، بڕیارەکانی ئەم دواییەی حکومەتی فیدراڵی وایکردووە ئەو دوو لایەنە هەڵوێستێکی هاوبەش بگرنەبەر. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەردوولا ئاگادارن کە ناکۆکی ئەمجارەیان لەگەڵ بەغدا لەکێبڕکێی نێوان حزبەکان تێدەپەڕێت‌و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پێکهاتەی ئەو دەسەڵاتانە هەیە کە پەیوەندییان بەهەرێمی کوردستانەوەیە.

پێدەچێت ئەم لێکنزیکبوونەوەیە کاتییە فەزای دانوستانی فراوانتر لەبەرامبەر حکومەتی فیدراڵی بۆ هەولێر دابین بکات، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ناکۆکی نێوخۆیی نێوان ئەو دوو حیزبە کۆتایی هاتووە یان لەدرێژخایەندا بەرەیەکی سیاسی یەکگرتوو پێکدەهێنن.

لەڕاستیدا ئەزمونەکانی ڕابردوو ئەوە دەردەخەن کە گەیشتن بەکۆدەنگی لەسەر ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی بەغدا بەو مانایە نییە کە ڕێککەوتن کراوە لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ناو حکومەتی هەرێم‌و پێکهینانی حکومەتی هەرێم. لەوانەیە ئەم ناکۆکییانە سەرهەڵبدەنەوە ئەگەر قەیرانەکە بەرەو قۆناغێک بڕوات کە وردەکارییەکان سەبارەت بەجێبەجێکردنی بڕیارەکان دانوستانیان لەسەر بکرێت.

هەرچەندە یەکتی‌و پارتی باش دەزانن کە حکومەتی بەغدا، چڕبوونەوەی ڕکابەریی ئەم دواییەی نێوانیانی قۆستەوەو بڕیاری دا کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر کێڵگە نەوتییەکان‌و دەروازە سنوورییەکان بدات‌. 

 

بەغدا ئاماژە بە دەستوور دەکات: دەسەڵاتە فیدراڵیەکان چۆن لێکدەدرێنەوە؟

حکومەتی عێراق لەبەرامبەر ناڕەزایەتییەکانی لایەنی کوردیدا پشت بەماددە دەستوورییەکان دەبەستێت کە دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی‌و هەرێمایەتی لە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان‌و دەروازە سنوورییەکان ڕێکدەخات.

بەغدا باس لەوە دەکات کە پاراستنی سەروەت‌و سامانی نیشتمانی‌و بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی دامەزراوە فیدراڵیەکان. حکومەتی ناوەندی پێداگری دەکات کە یاساکان دەبێت بەبێ جیاوازی لەسەرانسەری وڵاتدا جێبەجێ بکرێن، بەبێ گوێدانە ڕێکخستنە سیاسییەکانی ئێستا یان ناسنامەی ئەو هێزانەی کە مەیدانەکەیان کۆنترۆڵکردووە.

بەڵام هەولێر جەخت لەپابەندبوونی خۆی بەپرەنسیپی سیستەمی فیدراڵی دەکاتەوەو دەڵێت دەسەڵات‌و مافە دەستوورییەکانی حکومەتی هەرێم بەبڕیاری تاک لایەنە کە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە دەدرێن، پێشێلکردنی مافەکانیانە.

لێرەدایە کە یەکێک لەئاڵۆزترین لایەنەکانی قەیرانەکە سەرهەڵدەدات. کێشەکە تەنها بوونی بڕگە دەستوورییەکان نییە، بەڵکو لێکدانەوە جیاوازەکانی ئەو بڕگانەیە لەلایەن هەردوولاوەو نەتوانینی ڕێککەوتنیان لەسەر سنووری ئەو دەسەڵاتانەی کە پێیاندراوە.

کێشەکە زیاتر ئاڵۆزتر دەبێت بەهۆی نەبوونی یاسایەکی تۆکمەی فیدراڵی بۆ نەوت‌و غاز کە بەڕوونی پێناسەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت‌و چۆنیەتی دابەشکردنی بەرپرسیارێتی‌و داهات لەنێوان بەغداو هەرێمە فیدراڵیەکان‌و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتدا بکات.

بۆیە ڕەنگە توانای حکومەت بۆ بڕیاردان لەسەر بنەمای دەسەڵاتی جێبەجێکردنی خۆی ڕێگەی پێبدات بەو ئاڕاستەیەدا هەنگاو بنێت کە خوازیارە. بەڵام ئەمە گەرەنتی کۆتایی هاتنی ناکۆکی یاسایی‌و سیاسی ناکات. بەتایبەت ئەگەر هەولێر ئەو ڕێوشوێنانەی گیراونەتەبەر وەک پێشێلکردنی دەسەڵاتەکەی بزانێت، دەتوانێت ئاڵنگاری یاسایی نوێ‌و لێکدانەوەی دەستووری ناکۆکی لێبکەوێتەوە.

 

فشارە ئابوورییەکان: داهاتی نەوت‌و مووچەو بودجە

قەیرانەکە جگە لە ڕەهەندە دەستوری‌و ئەمنییەکان، کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئابووری لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەیە. ئیدارەی هەرێم بۆ پرسگەلێکی وەک گواستنەوەی بودجەو مووچەی فەرمانبەرانی‌و ڕێکخستنی هەناردەکردنی نەوت پشت بەپەیوەندییە داراییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق دەبەستێت.

عێراق بۆ دابینکردنی دارایی بودجەی گشتی، زۆر پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت. بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی لەململانێدایە بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوەی دارایی سەقامگیر، بەتایبەتی بەهۆی دووبارەبوونەوەی ناکۆکی لەسەر ڕادەستکردنی نەوت‌و داهاتە پەیوەندیدارەکان بۆ بەغدا.

ناکۆکییەکانی ڕابردوو لەسەر هەناردەکردنی نەوت‌و گواستنەوەی دارایی بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومی لەهەرێمی کوردستان، ئەمەش فشاری لەسەر حکومەتی هەرێم دروستکردووە بۆ دابینکردنی دارایی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

بۆیە گواستنەوەی کۆنتڕۆڵی دەروازە سنوورییەکان بۆ بەغداو دانانی هەناردەکردنی نەوت لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدا، دەتوانێت توانای حکومەتی هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی سەربەخۆیی سەرچاوەکانی خۆی لاواز بکات. هەروەها ئەمەش دەتوانێت پشتبەستنی حکومەتی هەرێم بەڕێککەوتنە داراییەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەند زیاتر بکات.

هەروەها دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتییەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵی لەناوچە ناکۆکەکان کاریگەری لەسەر حیساباتی ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەیە، بەتایبەتی ئەگەر ڕێوشوێنەکان فراوان بکرێن بۆ ئەوەی بەڕێوەبردنی بەرهەمهێنان‌و گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بگرێتەوە.

دەرئەنجامەکانی ئەو قەیرانە تەنیا لەلایەنی کوردیدا سنووردار نییە. لەکاتێکدا حکومەتی عێراق لەهەوڵی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی نوێ‌و زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزەدایە، ناکۆکی بەردەوامی نێوان بەغداو هەولێر ڕەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر متمانەی کۆمپانیاکانی نەوت‌و وەبەرهێنان لە ژینگەی ئابووری عێراقدا هەبێت.

کۆمپانیا بیانییەکان پێویستیان بەژینگەیەکی یاسایی سەقامگیر هەیە، دەسەڵاتی ڕوون‌و دیاریکراوی بەرپرسیار لەبەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان‌و پێدانی گرێبەست، هەروەها دڵنیایی ئەوەی کە ناکۆکییە سیاسییەکان پەرە نادەن بەو کردارانەی کە کاریگەرییان لەسەر چالاکییەکانی بەرهەمهێنان‌و هەناردەکردن هەبێت.

 

زۆرترین بینراو
شەرع، سیاسەتمەداری کورد ئیلهام ئەحمەدی وەک ئەندامی پەرلەمانی سوریا دەستنیشان کرد
شێخ مورشید خەزنەوی: پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان بژاردە نییە، بەڵکوو ئەرکە لەسەر هەموو کوردێک
زه‌یدی: كه‌سانێك هه‌ن بۆ پاراستنی هه‌ژمون و پاره‌كانی خۆیان ده‌یانه‌وێت گه‌لی كورد له‌ به‌قاچاخبردنی نه‌وته‌وه‌ بگلێنن
مه‌سرور بارزانی: ئێمه‌ و یه‌كێتیش ئاماده‌ییمان نیشانداوه‌ كه‌ به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ی به‌غدا بكه‌ین
کەنەکە هەڵوێستی لەسەر بڕیارەکانی بەغدا ڕادەگەیەنێت؛ داوای پابەندبوون بە دەستوور و یەکڕیزیی پارتی و یەکێتی دەکات
بەغدا دڵنیایی لە مووچە و نەبوونی جووڵەی سەربازی دەدات، بەڵام ململانێی دەروازە و کێڵگە نەوتییەکان بە کراوەیی دەمێنێتەوە
پاسەوانی سنووری عێراق دەستپێکردنی ڕێکارەکانی داخستنی سەرجەم دەروازە نافەرمییەکانی ڕاگەیاند
دوو بڕیاری نوێ لە سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە
وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق: نێچیرڤان بارزانی، مه‌سرور بارزانی و بافڵ تاڵه‌بانی به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی دیالۆگی نیشتمانی ده‌كه‌ن
هێرشێکی خۆکوژی لە حەسەکە حەوت قوربانی لێدەکەوێتەوە؛ مەزڵوم عەبدی: مەترسیی شانە نوستووەکانی داعش هێشتا لەئارادایە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×