هێرشێکی خۆکوژی لە حەسەکە حەوت قوربانی لێدەکەوێتەوە؛ مەزڵوم عەبدی: مەترسیی شانە نوستووەکانی داعش هێشتا لەئارادایە
  2026-11-26     

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، بنکەیەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکی «مشێرفە»ی شاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی هێرشێکی خۆکوژی بووەوە کە چەکدارانی ڕێکخراوی داعش ئەنجامیان دا. لە ئەنجامی پەلامارەکەدا دوو کارمەندی ئاسایش گیانیان لەدەستدا و پێنج کارمەندی دیکەش برینداربوون.

ئاوێنە: ​بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبارەی چۆنیەتیی ڕووداوەکەوە بڵاوکراونەتەوە، هێرشەکە لەلایەن دوو خۆکوژی سەر بە شانە نوستووەکانی داعشەوە ئەنجامدراوە؛ یەکێک لە هێرشبەرەکان لە ڕێگەی ماتۆڕسکیلێکی بۆمبڕێژکراوەوە پەلاماری بنکەکەی داوە و خۆکوژەکەی دیکەش لەبەردەم دەرگای بنکە ئەمنییەکەدا خۆی تەقاندووەتەوە.

​لەبارەی زیانەکان و ڕێکارە ئەمنییەکانی دوای ڕووداوەکە، مەروان عەلی، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکە ئاشکرای کرد، تەقینەوەکان بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و برینداربوونی پێنج کارمەندی دیکە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای ڕووداوەکە هێزەکانی ئاسایش گەمارۆی تەواوی ناوچەکەیان داوە و لێکۆڵینەوە و ئۆپەراسیۆنیان بۆ ڕاوەدوونانی ئەندامانی دیکەی ئەو شانەیە دەستپێکردووە.

​لە کاردانەوەی پەلامارەکەدا، مەزڵوم عەبدی، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بۆ کاروباری کورد، پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر بارەگاکەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری حەسەکە بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە بەردەوامیی هەڕەشەی شانە نوستووەکانی ڕێکخراوەکە کردەوە.

​عەبدی لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: «ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کە لەلایەن شانەیەکی گومانلێکراو بە پەیوەندی لەگەڵ گرووپی تیرۆریستیی داعش کرایە سەر یەکێک لە بارەگاکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری حەسەکە، ئەوە دەسەلمێنێت کە مەترسیی گرووپەکە و شانە نوستووەکانی هێشتا لەئارادایە و هەوڵەکانیان بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەمان بەردەوامە.»

​ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بۆ کاروباری کورد هاوخەمی و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و هاوڕێیانی هەردوو کارمەندە گیانلەدەستداوەکەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکانی هێرشەکە خواست.

​لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەزڵوم عەبدی بەڵێنی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی دا و جەختی کردەوە: «ئەم هێرشانە هیچ کاتێک لە بەردەوامبوونی هەوڵەکانمان بۆ ڕاوەدوونانی شانەکانی داعش و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی گەلەکەمان ساردمان ناکاتەوە.»

زۆرترین بینراو
میدیاکارێکی عێراقی: فالح فەیاز پێشوەختە بڕیارەکانی زەیدی رادەستی بارزانی کردووە
​ڕاپۆرتێکی «مەدا»: دوای جموجۆڵەکانی جورف سەخر، هەرێمی کوردستان لە بەردەم گوشاری نوێ و دۆسیەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدایە
كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بیه‌: زه‌یدی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی كردوه‌ به‌ مه‌رج بۆ پشكی هه‌رێم له‌ بوجه‌دا
یه‌كێتی: ئاماده‌ین بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كسان نییه‌ به‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم
زەیدی تاوتوێی جووڵاندنی سوپا بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و بڕیاری وەرگرتنەوەی دەروازە و کێڵگە نەوتییەکان دەدات
کەشناسی هەرێم: شەپۆلێکی بەهێزی باران‌و بەفربارین دەگرێتەوە
حکومەتی عێراق سەرۆکی دەروازە سنوورییەکان دەگۆڕێت
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە لە دژی قەوارەی هەرێم ڕەتدەکەینەوە
روسیا: نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس لەشەڕی ئۆکرانیا گیانیان لەدەستداوە
مه‌سعود بارزانی: هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هیچ بڕیارێك ناكات كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستور بێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×